جەیمس کۆمی، بەرپرسی پێشووی ئێف بی ئای
سبەی
لە بڵاوکراوەکیدا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەرپرسی پێشووی (ئێف بی ئای) داوای کوشتنی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات.
دوای ئەوەی جەیمس کۆمی، بەرپرسی پێشووی (ئێف بی ئای) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەی ژمارەیەک گوێچکە ماسی بڵاوکردەوە کە لە شێوەی ژمارەی "8647"ـدا بوو، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەی جیاواز لێکدانەوەی بۆ دەکەن و بە مەترسیی لەسەر ژیانی ترەمپ لێکی دەدەنەوە.
لە زمانی سەربازی ئەمەریکادا، ژمارە "86" بە مانای کوشتنی کەسێک دێت، هەروەها دۆناڵد ترەمپ "47"ـەمین سەرۆکی ئەمەریکایە، بۆیە لایەنگرانی ترەمپ، بەرپرسی پێشووی ئێف بی ئای، بە هاندانی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبار دەکەن.
دوای بڵاوکراوەکە، کۆمی، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی خۆی روونکردنەوەی بڵاوکردەوە رایگەیاندووە کە لە بڵاوکردنەوەی گوێچکە ماسییەکان کە لە شێوەی ژمارە "8647"ـدایە مەبەستی ئازاردان و هاندان نەبووە بۆ توندوتیژی، ناوبراو دواتر بڵاوکراوەکەی لە پێگەی ئینستاگرامی خۆی سڕییەوە.
دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی کە ئەرکی پاراستنی سەرۆکی ئەمەریکایە رایگەیاند کە ئاگاداری بڵاوکراوەکەی بەرپرسی پێشووی ئێف بی ئای-ن و دەڵێت: "دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی لێکۆڵینەوە لە هەر شتیک دەکات کە ببێتە هۆی مەترسیدانان لەسەر سەرۆکی ئەمەریکا".
سەبارەت بە بڵاوکراوەکەی جەیمس کۆمی، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا کە دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی سەر بە وەزارەتەی ناوبراون، لە بڵاوکراوەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: "بەرپرسی پێشووی ئیف بی ئای داوای تیرۆرکردنی سەرۆک ترەمپ دەکات، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو مەترسییە دەکەین و بەشێوەی گونجاو وەڵامدەدەینەوە".
ئەوەی گومانەکانی لە بڵاوکراوەکەی جەیمس کۆمی زیاتر کردووە، ناکۆکییەکانی ناوبراوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2017 کە بە هۆی لێکۆڵینەوەی کۆمی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی، ترەمپ دووریخستەوە لە پۆستەکەی.