وتەبێژی کەجەکە: پەکەکە باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە

#کەجەکە#پەکەکە#چەکدانان#تورکیا#پرۆسەی ئاشتی#عەبدوڵڵا ئۆجەلان
11 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • وتەبێژی کەجەکە رایگەیاند: پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هێنان بەشێوازی خەباتی چەکداریی کردووە، باسی چەکدانان و چەک رادەستکردنی نەکردووە.
Primary Asset

سبەی

وتەبێژی کەجەکە رایگەیاند: پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هێنان بەشێوازی خەباتی چەکداریی کردووە، باسی چەکدانان و چەک رادەستکردنی نەکردووە.

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە لێدوانێکی دەنگیدا بۆ کەناڵی ستێرک تیڤی رایگەیاند: بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە، وەک دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی پێناسە ناکرێت، وەک بڕیاری سەردەمێکی نوێی بەناوی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی پێناسە دەکرێت، دانوستان بۆ پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستی پێنەکردووە، چونکە هەردوولا لەسەر ناوی پرۆسە هاوڕانین.

وتیشی: "دەوڵەتی تورکیا دەستەواژەی تیرۆر بۆ ئەم پرۆسەیە بەکاردەهێنێت، چۆن دەکرێت لەلایەک باسی پرۆسەی ئاشتی بکەیت و لەلایەن دەستەواژەیەک بەکاربهێنت کە هەست و دەرونی گەلی کورد بریندار دەکات، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دەست پێبکات، دەبێت سەرەتای زیهنیەتی دەوڵەتی تورکیا بگۆڕدرێت کە کورد وەک تیرۆریست دەبینێت".

وتەبێژی کەجەکە دەڵێت: بڕیاری کۆنگرەی 12ـی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک کۆتایی هێنان بە شێوازی تێکۆشتنی چەکداریی پێناسە کراوە، کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زمینەی ئەوە لە ئارادانییە".

زاگرۆس هیوا ئەوەی خستەڕوو کە؛ تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی گەریلا بەردەوامە، گەمارۆی پەکەکە و ئەشکەوت و تونێلەکانی داوە، مەودای نێوان سەرباز و گەریلا 50 مەترە، لە دۆخێکی وادا چۆن دەبێت چەک دابنێت.

جەختی کردەوە؛ پێشئەوەی باسی دانانی چەک بکەین، پێویستە باسی پاشەکشەی سوپای تورکیا بکەین لەسەر خاکی باشوری کوردستان.

سەبارەت بەو پرۆسەیەی لە تورکیا دەستی پێکردووە، وتەبێژی کەجەکە رایگەیاند: هێشتا زووە ئەم دۆخە وەک پرۆسەیەک پێناسە بکەین، باشترە وەک سەردەمی نوێی تێکۆشان پێناسە بکرێت، لە پێناو ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، وەک پێویستی ئەم سەردەمەش پەکەکە بڕیاریداوە خۆی هەڵبوەشێنێنتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت.

وتیشی :"بۆ ئەوەی هەر پرۆسەیەک لەم سەردەمە بچێتە پێشەوە پێویستە ئاپۆ لە روی جەستەییەوە ئازاد بێت، لە کەشی ئازاد و تەندروست کار بکات بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ ئاشتی و رژدبوونی خۆی پەکەکە و ئاپۆ لە 27ـی شوباتەوە سێ جار نیازپاکیان راگەیاندووە و هەنگاو تاکلایەنانەیان ناوە، ئەگەر بەڕاستی تورکیا ئاشتی دەیەوێت، دەبێت گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی بەتەواوەی هەڵبوەشێنێتەوە، هەمواری دەستور و یاسا بکات بۆ ئەوەی مافی هاوڵاتی ئازاد و یەکسانی بە کورد بدات لە تورکیا، کورد هەست بە پەراوێزی و هاوڵاتی پلەی دوو نەکات.

وتەبێژی کەجەکە پێیوایە، ئەم سەردەمە کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت لە بورای بەرەوپێشبردنی ماف و ئازادی و دەستەبەری دەستکەوتەکان و هاوکار دەبێت بۆ دیموکراتیزەبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رزگاربونی هەرێمەکە لە تیرۆر و ستەمی چینایەتی و رەگەزی.

زاگرۆس هیوا دەڵێت: سەردەمی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، زەمینەیەکی لەبار بۆ دیموکراسیبونی کۆمەڵگەی باشوری کوردستان دەستەبەر دەکات، بە پشت بەستن بە میرات و بەهای 47 ساڵ خەباتی پەکەکە دایهێناوە دەتوانێت تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی بەڕێوەببات.

وتەبێژی کەجەکە بە پێویستی دەزانێت: هێزو لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان پێشئەوەی خۆیان بکەنە قارەمانی پرۆسەکە هەوڵبدەن بە شێوەیەکی حەقیقی بەشداریی پرۆسەکە بکەن، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەرفەتی بۆ سەر لەنوێ داڕشتنەوەی گوتاری سیاسی باشوری کوردستان دروست بووە، پێویستە بوێرانەتر داوای چارەسەر کێشەی کورد و ئازادیی ئۆجەلان بکەن.

جەختی کردەوە؛ ئێستا رێگە کراوەتەوە داوای مافەکانی کورد لە باکوری کوردستان بکرێت، فشار بخرێتە سەر تورکیا و ئەردۆغان هەمواری یاسا و دەستوری وڵاتەکە بکات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە باکوری کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیا.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی