حەماس: ئامادەین دەسەڵاتی غەززە بەبێ مەرج رادەست بکەین

#حەماس#غەززە#بارمتە#رادەستکردنی دەسەڵات
16 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 16 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەرپرسێکی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی ئاشکرای کرد؛ ئامادەن دەسەڵات رادەستی هەر دەستەیەکی فەلەستینی بکەن و داوای ئاگربەستی بەردەوام دەکەن
  • هەوڵەکانی حەماس بۆ بینینی نێردەی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستی هێناوە لەوکاتەی یاوەریی ترەمپی دەکرد بۆ قەتەر
Primary Asset

سبەی

بەرپرسێکی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی ئاشکرای کرد؛ ئامادەن دەسەڵات رادەستی هەر دەستەیەکی فەلەستینی بکەن و داوای ئاگربەستی بەردەوام دەکەن. هەوڵەکانیشیان بۆ بینینی نێردەی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستی هێناوە لەوکاتەی یاوەریی ترەمپی دەکرد بۆ قەتەر.

باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی بەرگریی ئیسلامی (حەماس) بە کەناڵی شەرقی راگەیاندووە: ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ دەستبەرداربوونی دەسەڵاتی حکومیی لە کەرتی غەززە و گواستنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕیی بەشێوەیەکی گشتگیر و بێ مەرج بۆ هەر دەستەیەکی فەلەستینی کە رێککەوتنی نیشتیمانی لەسەربێت.

بزوتنەوەی حەماس داوای کردووە ئاگربەستی بەردەوام رابگەیەندرێت و هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بگەیەندرێتە کەرتی غەززە، دەست بە دانوستانی گشتگیر بکرێت لەسەر سەرجەم دۆسییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی لەناوچەکە، لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمەریکا، بەبێ ئەوەی وردەکاریی ئەو لێکتێگەیشتنانە ئاشکرا بکات.

بزوتنەوەی حەماس لە رونکردنەوەیەکدا لە پێگەی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاوی کردەوە، بەدینەهاتنی ئەو هەنگاوانە، لە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی، کاردانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستانەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و دەستگیرکراو و دیلەکان لەگەڵ ئیسرائیل. 

بەپێی راگەیەندراوەکەی حەماس، ئازادکردنی عیدان ئەسکەندەری سەربازی ئیسرائیلی کە لە غەززە دەستبەسەر بووە بەشیکە لەو دەستپێشخەرییە ئەرێنییە لەلایەن حەماسەوە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر دانیشتوانی غەززە و کردنەوەی دەروازەکان بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان.

هەر لەوبارەیەوە، کەناڵی شەرق لە سەر زاری بەرپرسێکی باڵای حەماسەوە بڵاوی کردەوە کە؛ پەیوەندییان لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی نەپچڕاوە لەوکاتەی لە هەفتەی رابردوەوە دەستی پێکردووە، وەک ئاماژەدانێک بە دانوستانی راستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و حەماس، کە بووە هۆی ئازادکردنی عیدان ئەسکەندەری بە رەگەز ئەمەریکی.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بزوتنەوەی حەماس نێوەندگیرەکانی ئاگادارکردوەتەوە کە ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ رێککەوتننامەیەکی گشتگیر بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمەتە دەستگیرکراوەکان، بۆ راگرتنی شەڕ و کشانەوەی تەواوەتی لە کەرتی غەززە و گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان.

دوو سەرچاوەی جیاواز و ئاگادار لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان بڵاویان کردەوە: هیچ یەکتر بینینێکی راستەوخۆ لەنێوان شاندی بزوتنەوەی حەماس و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەتەر ئەنجامنەدراوە، کە یاوەریی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکایان کردووە بۆ قەتەر.

بەپێی سەرچاوەکان، نێوەندگیرەکان هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی نێوان ویتکۆف و شاندی حەماس، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون و دیدارەکە ئەنجام نەدراوە.

بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگاداری دانوستانەکان نەیشاردوەتەوە، کە هەوڵی زۆر هەیە لەلایەن قەتەر و میسرەوە لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ئەوەی هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بگەیەندرێتە کەرتی غەززە، کە دانیشتوانەکەی لە دۆخێکی زۆر قورسدان.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی