سبەى
سەرکردەى وڵاتانى عەرەبی بەنیازن لە کۆتایی 34هەمین لوتکەی ئاساییدا داوای گفتوگۆی نیشتمانی بکەن بەبەشدارى هەموو پێکهاتەکانی سوریا. هەروەها پێشوازی لە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی بکەن.
ئەمڕۆ شەممە، بە دروشمی "پایتەختی شارستانیەت پێشوازی لە براکانی دەکات" خولی 34ی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و خولی 5ی لوتکەی گەشەپێدان لە بەغداد بەڕێوەدەێت.
رەشنوسى لوتکەکە کە چاوەڕواندەکرێت سەرکردەى وڵاتانى عەرەبی لە کۆتایی کارەکانى لوتکەکەدا پەسەندى بکەن سێ تەوەر لەخۆدەگرێت: یەکەمیان تایبەتە بە بڕیارەکانی لوتکەی عەرەبی، دووەمیان لوتکەی گەشەپێدان، سێیەمیان 15 دەستپێشخەری لەخۆدەگرێت کە لەلایەن عێراقەوە دەستیپێکردووە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى شەرقولئەوسەت.
پرسی فەلەستین لە پێشەنگی بەشی یەکەمی رەشنوسەکەدایە کە تێیدا داواى دەستبەجێ راگرتنى شەڕ لە غەززە دەکات، لەگەڵ داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی کاریگەر بۆ هەڵگرتنى بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی بە ئامانجى فشارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن و دڵنیابوون لە چوونى یارمەتییە مرۆیی بە پەلەلە بۆ غەززە.
سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا، رەشنوسەکە رێزگرتن لە هەڵبژاردنەکانی گەلی سوریا، بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانیانەوە، و پابەندبوون بە ئاسایش و سەقامگیری سوریا دوپاتدەکاتەوە. لەگەڵ پشتیوانی بۆ یەکگرتوویی خاکی سوریا و رەتکردنەوەى دەستوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆی سوریا و هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوری.
سەبارەت بە دۆخى هەرێمى و نێودەوڵەتى، رەشنوسەکە پشتیوانى لە دانوستانەکانى نێوان ئێران و ئەمەریکا دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دۆسیەى ئەتۆمى ئەو وڵاتە.
تەوەرى دووەمی رەشنوسەکە بڕیارەکانی پەیوەست بە پێنجەمین لوتکەی گەشەپێدان لەخۆدەگرێت بۆ پەسەندکردنی دەستپێشخەریی ئابووری شین لەلایەن سەرۆکی مۆریتانیاوە وەک ڕێبازێکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و وزە و دڵنیابوون لە بەردەوامیی سامانە دەریاییەکانی عەرەبى. لەگەڵ پێشوازیکردن لە دەستپێشخەریی زیرەکی دەستکردی عەرەبی، دەستپێشخەریی عێراق بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی وەزیرانی بازرگانی عەرەبی.
رەشنوسەکە بە راگەیاندنى نزیکەی 15 دەستپێشخەری کە لەلایەن عێراقەوە راگەیەنراوە کۆتایی دێت، لەوانە "دەستپێشخەریی عەرەبی بۆ پاڵپشتی مرۆیی و گەشەپێدان"، "سندوقی عەرەبی بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بوژاندنەوە و بنیاتنانەوە".