تورکیا لە نیسانى 2023 ەوە گەشتە ئاسمانییەکانى بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى راگرتووە
سبەى
پارێزگارى سلێمانى داوا لەهەرێمى کوردستان و عێراق دەکات وەڵامى "تێبینییە ئەمنى و سەربازییەکانى تورکیا" لەسەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى پارێزگاکە بدەنەوە، تا سزاى سەر فڕۆکەخانەکە درێژنەکرێتەوە، ئەوەش پێش دوو مانگ لە کۆتایی هێنانى سزاى داخستنى گەشتە ئاسمانییەکان کە تورکیا زیاتر لە دوو ساڵە بەسەر فڕۆکەخانەى شارەکەدا سەپاندوویەتى.
تورکیا لە نیسانى 2023 ەوە گەشتە ئاسمانییەکانى بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى راگرتووە، بەتۆمەتى بوونى چالاکى پەکەکە لە سنورى پارێزگاکە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانى خۆجێی سلێمانى بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە.
تا ئێستا تورکیا چوار جار ماوەى سزاکەى درێژکردووەتەوە، کە دواترینیان تا تەمموزى ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دواتر ئەو وڵاتە لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنى نوێ بڕیار لەسەر پرسەکە دەدات.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى رۆژى شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لەگەڵ بوونى دیالۆگى ناوخۆیی لە تورکیا لەبارەى پڕۆسەى ئاشتییەوە، داوایانکردووە یالۆگى ناوچەیی لەنێوان تورکیا و وڵاتانى تر بەتایبەتى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ چارەسەرى پرسە هەڵواسراوەکان، لەناویاندا پرسی داخستنى گەشتە ئاسمانییەکان بەرووى سلێمانیدا، وەک بەشێک لە پڕۆسەى چارەسەرى کێشەکان.
وتیشى "پێویستە دەسەڵاتدارانى هەرێم و عێراق وەکو یەک تیم کاربکەن بۆ چارەسەرى تێبینییەکانى تورکیا کە تێبینى یاسایی و خزمەتگوزاریی و کارگێڕى نین تا ئێمە وەڵامى بدەینەوە، بەڵکو تێبینى ئەمنى و سەربازى و زانیاری و سیاسیین کە بەو لایەنانە وەڵام دەدرێتەوە".
بەهۆى داخستنى ئاسمانى تورکیا بەرووى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى، فڕۆکەخانەکە زیانێکى زۆرى بەرکەوتووە و گەشتەکانیشى بەشێوەى مانگانە بەرێژەى 40% کەمبووەتەوە.
سەرەتاى ئەم مانگە سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەى سلێمانى بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدابوو، کێشەکە سیاسییە و پەیوەندیدارە بە وڵاتى تورکیاوە، ئەو وڵاتە خۆى بڕیار لەو بارەیەوە دەدات.
ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى سەرەتاى ئەم مانگە هەوڵێکى نوێی بۆ کردنەوەى ئاسمانى تورکیا بەرووى سلێمانیدا راگەیاند، کاتێک داواى لە لە بازرگان و خاوەنکارانى تورکیا کرد فشار بکەن بۆ کردنەوەى ئاسمانى شارەکە بەرووى تورکیادا.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە وتارێکدا لە دیداری بازرگانی عێراق و تورکیا ئاماژەى بەوەکرد، لە ئێستادا دەرفەتێکی زۆری وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی هەیە، کۆمپانیاکانی وڵاتی تورکیا دەتوانن بەشداربن لە وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و گەشت و گوزار و کشتوکاڵ خوێندن و بانک و تەندروستی، چونکە ئاسایش و ئەمنییەتی شاری سلێمانی و یاساکانی وەبەرهێنان کار ئاسانی دەکات بۆ بەشداریکردن و کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان لە پارێزگای سلێمانی.
وتیشى "شاری سلێمانی خاوەنی فڕۆکەخانەی خۆیەتی لە هەردوو بواری گەشتیاری و کارگەی بازرگانی کە ئەمەش بووەتە هۆی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و بازرگانانمان، بەڵام داخستنی ئاسمانی تورکیا بەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کاریگەری هەبووە لەسەر ڕەوتی بازرگانی و گەشتیاری نێوانمان دەمانەوێت لەم دیدارەدا کۆمپانیاکانی دەوڵەتی تورکیا کار بکەن بۆ لابردنی ئەو بەربەستانەی بوونەتە هۆی داخستنی گەشتە ئاسمانییەکان".
لەدواى داخستنى ئاسمانى تورکیا بەرووى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى، چەندینجار بەرپرسانى سلێمانى و یەکێتى لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا گفتوگۆیان کردووە بۆ هەڵگرتنى سزاکە بەڵام سەرجەمیان بێ ئەنجام بوون.
قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان دوو هەفتە لەمەوبەر لە پێشانگاى گەشتیارى هەولێر داواى لە کۆمپانیاى تورکیش ئێرلاین کرد داوا لە حکومەتى تورکیا بکات کە گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ سلێمانى دەستپێبکەنەوە.