"مۆدێلی ئەمەریكی شكستخواردووە"؛ خامنەیی: ئەمەریكا ناچارە ناوچەكە جێبهێڵێت

#ئەمەریکا#ئێران#خامنەیی#ترەمپ
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ شەممە 17-5-2025 رایگەیاند:"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ناچارە ئەم ناوچەیە جێبهێڵێت، بە دڵنیاییش دەڕوات". ئەم وتانەش لەكاتێكدابوو كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە سەردانێكدا بوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی كەنداو.
Primary Asset

خامنەیی

سبەی

چەند وتەیەكی ترەمپ لە میانی سەردانەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خامنەیی توڕە دەكات و دەڵێت "ئەمەریكا ناچارە ناوچەكە جێبهێڵێت".

عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ شەممە 17-5-2025 رایگەیاند:"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ناچارە ئەم ناوچەیە جێبهێڵێت، بە دڵنیاییش دەڕوات". ئەم وتانەش لەكاتێكدابوو كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە سەردانێكدا بوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی كەنداو.

خامنەیی لەوتەیەكدا بۆ ژمارەیەك لە مامۆستایان، خامنەیی وتی "ئیرادەی گەلانی ناوچەكە، ئەمەریكا ناچار دەكات ناوچەكە جێبهێڵێت".

رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران نمونە (مۆدێل) ی ئەمەریكی لە ناوچەكە بە شكستخواردوو ناوبرد و وتی "دەیەوێت وڵاتانی كەنداو بە شوێنكەوتووی خۆی بهێڵێتەوە تا بە هەمیشەیی پێویستیان پێی بێت".

"ترەمپ و بەرپرسانی ئەمەریكا درۆ دەكەن كە دەڵێن هێز لەپێناوی ئاشتیدا بەكاردەهێنن، لەكاتێكدا ئەوان هێز بەكاردەهێنن بۆ كوشتنی منداڵانی غەززە". خامنەیی ئەمەی وەك ئاماژەیەك بۆ پشتیوانی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل وت لەشەڕی دژ بە حەماس و هێرشەكانی بۆسەر غەززە.

رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیشی:"ئەمەریكا سەرچاوەی گەندەڵی و جەنگ و دابەشبوونەكانی ئەم ناوچەیەیە، رژێمی زایۆنیش وەكو گرێیەكی شێرپەنجەیی مەترسیدارە و پێویستە بنبڕ بكرێت".

خامنەیی دەڵێت "سەرۆكی ئەمەریكا وتوویەتی دەوڵەتانی عەرەبی ناوچەكە ناتوانن بە بێ پشتیوانی ئەمەریكا 10 رۆژ خۆیان بپارێزن، بەم قسانە و رەفتارەكانیان دەیانەوێت مۆدێلی خۆیان بسەپێنن، وەك ئەوەی ئەو دەوڵەتانە نەتوانن بەبێ ئەمەریكا بەردەوام بن، ئەو نمونەیەش بە ئاشكرا شكستیهێناوە".

وتەكانی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەكاتێكدایە، گفتوگۆی ناراستەوخۆی نێوان ئەمەریكا و ئێران بە نێوەندگیری میرنشینی عوممان لە 12 ی نیسانی رابردوەوە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنێك لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، دوای ئەوەی رێككەوتنی 2015 ی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا شكستیهێنا و لەساڵی 2018 ئیدارەی خولی یەكەمی سەرۆكایەتی ترەمپ لێی كشایەوە.

لە سەردانی رۆژی سێشەممەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رەخنەی توندی ئاراستەی ئێران كرد و وتی "سەركردەكانی ئێران سەروەتی گەلەكەیان دەدزن و پشتیوانی تیرۆری پێدەكەن و لەدەرەوە خوێنی پێدەڕژن". لەكاتێكدا لەلێدوانێكی دواتردا و رۆژی پێنجشەممە لە قەتەر، ترەمپ رایگەیاند:"وڵاتەكەی نزیكە لە رێككەوتن لەگەڵ تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی". بەڵام رۆژێك دواتر و لە رۆژی هەینی ترەمپ هۆشداریدا و وتی "پێویستە ئێران بجوڵێت ئەگەرنا شتێكی خراپ روودەدات".

لەم هەفتانەی دواییدا، ئیدارەی ترەمپ چەند سزایەكی نوێی بەسەر كیان و چەند كەسایەتیەكی ئێرانیدا سەپاند، كە پەیوەستن بە پیشەسازی نەوت و بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەكیی ئێران.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی