یەکەیەکی سوپای نوێی سوریا
سبەی
وەزارەتی بەرگریی سوریا رایگەیاند، سەرجەم یەكە سەربازییەكان لەناوخۆیدا رێكدەخاتەوە، ئەو یەكانەش كە لەدەرەوەی سوپان تەنها 10 رۆژ كاتیان هەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆسەیە.
مورهیف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سوریا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" رایگەیاند:"دەستمان كردووە بە رزگاركردنی سوریا بە خێرایی لە رێگەی یەكخستنی یەكە سەربازییەكان لەچوارچێوەی یەك دەزگادا، سەرجەم یەكە سەربازیەكان دەخەینە چوارچێوەی سوپاوە".
وتیشی:"ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە كە بە هەوڵی هەموان نەبێت بەدینایەت، سوپاسی سەركردە و سەربازەكانی یەكە سەربازیەكان دەكەین بۆ هاوكاریكردنیان و پابەندبوونیان، كە هەست بە گرنگی قۆناغەكە و پێویستییەكانی دەكەن".
وەزیری بەرگریی سوریا جەخت دەكاتەوە "پێویستە سەرجەم گروپە چەكدارەكانی دەرەوەی سوپا لەماوەی 10 رۆژدا لەكاتی راگەیاندنی ئەم هەواڵەوە، پەیوەندی بە سوپاوە بكەن و خۆیان یەكبخەن".
مورهیف ئەبو قەسرە هەڕەشە لەو یەكانەش دەكات كە پابەند نابن و دەڵێت "جەخت دەكەینەوە هەر دواكەوتنێك لەو بارەیەوە، بەپێی رێكارەكان رێوشوێنی بەدوادادێت".
لە 24 ی كانوونی یەكەمی رابردوو، بەشێك لە گروپە چەكدارەكانی سوریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كۆبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خۆیان راگەیاند، دواتر پەیوەندی خۆیان بە سوپای سوریای نوێوە راگەیاند. ئەوەش لەمیانی كۆبوونەوەیەكدا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا.
لە هەشتی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو، گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەوكاتی سوریا، كە لە ژێر ناوی تەحریری شام و چەند گروپێكی دیكە خۆیان رێكخستبوو، كۆنترۆڵی تەواوەتی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەدیان لە سوریا كرد، بەوەش كۆتاییان بە دەسەڵاتی 61 ساڵەی بەعس لە سوریا و 53 ساڵەی خێزانی ئەسەد هێنا.