پێشتر "سبەی" ئاشكرایكرد؛ سەرۆكایەتی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی دەچێتە تاران

#کوردستان#ئێران#نێچیرڤان بارزانی#ئەمەریکا#مەسرور بارزانی
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دوێنێ "سبەی" بڵاویكردەوە: بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ناڕەسمی، دوای تەواوبوونی كارەكانی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغداد كە بڕیارە شەممە (17ـی ئایاری 2025) دەست پێبكات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی ئاسایش دەچێتە تارانی پایتەختی ئێران".
Primary Asset

نێچیرڤان بارزانی

سبەی

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغداوە بەرەو تاران بەڕێدەكەوێت. ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر سبەی ئاشكرایكرد كە هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو ئێران و ئەمەریكا دەچن.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە:" ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2025/5/17 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای كۆتاییهاتنی سەردانەكەی بۆ بەغدا، لەوێوە بەرەو تاران، پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێ دەكەوێت، سەردانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە بانگهێشتێكی فەرمییە بۆ بەشداریكردن لە دیداری تاران بۆ گفتوگۆ كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕێكدەخرێت و سبەی یەكشەممە بەڕێوەدەچێت".

بەوتەی سەرۆكایەتی هەرێم "بەشداریكردنی نێچیرڤان بارزانی لەم دیدارەدا، دووپاتكردنەوەی پشتگیریی هەرێمی كوردستانە بۆ هەوڵەكانی گفتوگۆ و بەهێزكردنی هاوكاریی بنیاتنەری نێوان وڵاتان و گەلانی ناوچەكە، لەپێناو ئارامی و سەقامگیری، یەكترتەواوكردنی ئابووری و پێكەوەژیانی ئاشتیانەدا".

"بەپێی كارنامەی دیدارەكە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە مێزگردێكدا، تیشك دەخاتە سەر دیدگای هەرێمی كوردستان بۆ داهاتووی ناوچەكە و جەخت لە هاوبەشی لەسەر بنەمای ڕێزلەیەكگرتن و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، دەكاتەوە، هەر لە میانی سەردانەكەیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەركردە و بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆدەبێتەوە و پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و دۆخی ناوچەكە بەگشتی، تاوتوێ دەكەن". سەرۆكایەتی هەرێم وا دەڵێت.

دوێنێ "سبەی" بڵاویكردەوە: بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ناڕەسمی، دوای تەواوبوونی كارەكانی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغداد كە بڕیارە شەممە (17ـی ئایاری 2025) دەست پێبكات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی ئاسایش دەچێتە تارانی پایتەختی ئێران".

"سبەی" ئەوەشی ئاشكراكرد، مەبەستی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم تایبەت دەبێت بە پرسی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هەروەها چەكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان یەكێكی دیكەیە لەو پرسانەی كە بڕیارە سەرۆكی هەرێم لەگەڵ مەسعود پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران گفتوگۆی لەبارەوە بكەن.

لەلایكی دیكەوە، بڕیارە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمەریكا بكات.

سەرۆك وەزیرانی هەرێم پرسەكانی وزە، كارەبا و پێشمەرگە لەگەڵ بەرپسانی باڵای ئەمەریكا تاوتوێ دەكات. دوو وەزیری حكومەتی هەرێم لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یاوەریی مەسرور بارزانی دەكەن.

پرسی پێشمەرگە یەكێكە لەو دۆسیانەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەمەریكییەكان تاوتوێی دەكات، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە یەكێكە لە شاندەكەی مەسرور بارزانی. 

جگە لە وەزیری پێشمەرگە، كەمال موحەمەد، وەزیری كارەبا و سەرچاوە سروشتییەكان یەكێكی دیكەیە لە ئەندامانی شاندەی حكومەتی هەرێم بۆ واشنتن.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی