خێزانیك بە گوێدرێژ دەگوێزرێنەوە
سبەی
پێشنیازی جۆراوجۆر هەن بۆ داهاتووی كەرتی غەززە، ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا تائێستا ژمارەیەك پێشنیازی خستووەتەڕوو. ئیدارەی ترەمپ كار لەسەر پلانێك دەكەن بۆ نیشتەجێكردنی یەك ملیۆن هاوڵاتیی غەززە لە لیبیا.
بەپێی راپۆرتێكی (NBC)ـی ئەمەریكی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، كار لەسەر پلانێك دەكەن بۆ نیشتەجێكردنی نزیكەی یەك ملیۆن هاوڵاتیی كەرتی غەززە لە لیبیا.
وەك لە راپۆرتەكەی (NBC)ـدا هاتووە، پلانەكە لەژێر وردبینییەكی رژددایە، سەبارەت بەو پرسە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا پلانەكەیان لەگەڵ لیبیا تاوتوێ كردووە.
لەبەرامبەر رێگەدان بە نیشتەجێكردنی یەك ملیۆن هاوڵاتیی غەززە لە وڵاتەكەیان، ئیدارەی ئەمەریكا بلۆك لەسەر ملیاران دۆلاری لیبیا هەڵدەگرێت كە لەسەردەمی موعەمەر قەزافی، سەرۆكی پێشووتری لیبیا، لەلایەن ئەمەریكاوە بلۆككرابوو.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە، دەسەڵاتدارانی غەززە رەتی دەكەنەوە هاوڵاتیانی غەززە، كەرتەكە جێبهێڵن.
سەبارەت بە نیشتەجێكردنی هاوڵاتییانی غەززە لە لیبیا، باسم نەعیم. سەركردەی باڵای حەماس رایگەیاند، بزوتنەوەكە ئاگاداری پلانێكی لەو شێوەیە نین و بە توندی ئیدانەی ئەو دەنگۆیانەی كرد و بە بێبایەخ ناوی برد.
نەعیم بۆ (NBC) قسەیكردووە و دەڵێت: "هاوڵاتیانی غەززە رەگیان داكوتیوە لەو خاكە، زۆر بە توندی پابەندن بە خاكەكەیانەوە و ئامادەن خۆیانی بۆ بكەن بە قوربانی بۆ بەرگرییكردن لە خاكەكەیان".
سەبارەت بە داهاتووی كەرتی غەززە، ترەمپ بە قەتەرییەكانی راگەیاندووە، "ئەگەر پێویستبێت، پێموایە شانازی دەبێت بۆم كە ئەمەریكا كۆنترۆڵی غەززە بكات و بیكات بە ناوچەیەكی ئازاد"، دەشڵێت: "بهێڵین هەندێك شتی باش رووبدەن، خەڵكی غەززە بە پارێزراوی بچنە ماڵەكانیانەوە"، سەبارەت بە حەماسیش، ترەمپ وتی: "حەماس دەبێت چارەسەر بكرێت".
ترەمپ بەردەوام بووە و رایگەیاندووە، "هەرگیز كێشەی غەززە چارەسەر نەكراوە، ئەگەر تەماشای كەرتەكە بكەیت دەبینیت كە باڵەخانەكان بە پێوە نەماون هەمووی رووخاوە"، دەشڵێت: "هاوڵاتیانی غەززە لەژیر دار و پەردووی باڵەخانە رووخاوەكاندان، كە ئەوەش قبوڵكراو نییە، دەمەوێت ناوچەیەكی ئازاد ببینم لە غەززە".
ئەوە یەكەمجارە ترەمپ ئەو دیدگایەی خۆی راستەوخۆ بە سەركردە عەرەبەكان دەڵێت، بە تایبەت بە قەتەرییەكان كە رۆڵێكی كارایان هەیە لە نێوەندگیری بۆ پرسی بارمتەكان و ئاگربەست.