سبەی
هەریەکە لە دەم پارتی و پەکەکە، پارتى دەسەڵاتداری تورکیا هۆشداری لەوە دەدەن کە ئەو زمان و شێوازی دەربڕینەی بەکار دەهێندرێت، ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگی هەیە لەسەر پرۆسەی کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری پەکەکە و نەک تەنیا پاکتاوکردن، یان پەراوێزخستنی کاراکتەرە سەرەکییەکانی پرۆسەکە، بەڵکو بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و ژەهراویش دەبێتە هۆی لەباربردنی ئەم پرۆسە نوێیە.
هەرچەند پێنج ڕۆژە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕیاری داوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، بەڵام جگە لەوەی هێشتا هێرشەکانی تورکیا بەردەوامن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی تورکیا و میدیای سەر بە حکومەت و ئاک پارتیی دەسەڵاتدار، بە جۆرێک باس لەو پرۆسەیە دەکەن کە پەکەکە هێندە لاواز و بێدەسەڵات بووبێت لە ناچاریدا چۆکی دادابێت بەرامبەر حکومەتی تورکیا و هێشتا پەکەکە بە "ڕێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز" ناو دەبەن، لە کاتێکدا بەوتەى چاودێران و بەشێک لە بەرپرسانى هەردوولا، ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەم پرۆسە نوێیە، پێویستی بە بەکارهێنانی زمانێکی نەرمە. نەک بەکارهێنانی زمانى زبر.
گەورەبەرپرسانی دەم پارتی هەر لە سەرەتای ئەم پرۆسە نوێیەوە جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئاشتی بە زمانی هەڕەشە و ژەهراوی بەدی نایەت. لەپێناو ئاشتیدا پێویستە حکومەتی تورکیا زمانی خۆی بگۆڕێت، کەچی هێشتا هەم بەرەی دەسەڵات و هەم بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە هەمان زمان لەبارەی خەباتی چەکداری باکوری کوردستانەوە دەدوێن.
لەکاتێکدا هێشتا جوڵانەوەی کورد و حکومەتی تورکیا لەسەر ناونانی پرۆسەکە ڕێک نەکەوتوون. حکومەتی تورکیا ئەم پرۆسە نوێیە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناو دەبات، کەچی جوڵانەوەی کوردی بە "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" ناوی دەبات.
ئەمە لە کاتێکدایە لە قۆناغی پێشووی ئاشتی (2013-2015) هەم تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە زۆر کەم کردبوویەوە و هەم تا ڕادەیەکی زۆریش خۆی دەپاراست لە بەکارهێنانی ئەو زمانە هەڕەشەئامێز و ژەهراوییە.
لە نوێترین لێدوانیدا عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار هۆشداری دا لەوەی کە ژمارەیەک هێز کەوتوونەتە جوڵە بۆ لەباربردنی ئەو پرۆسە نوێیەی دەستی پێ کردووە و ئاماژەی بەوەیش دا کە بەکارهێنانی زمان و شێوازی دەربڕین یەکێکە لەو ئامرازانەی لەوانەیە ببێتە هۆی لەباربردنی پرۆسەکە.
ئەم وتانەی عومەر چەلیک دوای ئەوە هات، دوێنێ هەینی 16ی ئایاری 2025 زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورکیا دەستەواژەی تیرۆر بۆ ئەم پرۆسەیە بەکاردەهێنێت، چۆن دەکرێت لەلایەک باسی پرۆسەی ئاشتی بکەیت و لەلایەن دەستەواژەیەک بەکاربهێنت کە هەست و دەرونی گەلی کورد بریندار دەکات، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دەست پێبکات، دەبێت سەرەتای زیهنیەتی دەوڵەتی تورکیا بگۆڕدرێت کە کورد وەک تیرۆریست دەبینێت".
جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری دەم پارتی و ڕۆژنامەوانیی بەناوبانگی تورکیا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر هۆشداری دا لەو زمانەی میدیاکانی تورکیا بەکاری دەهێنن و وتی: "تا پەکەکە و ئۆجەلان بە 'تیرۆریست' ناوببرێن، ناتواندرێت زەمینەی گونجاو بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و پێویستە میدیاکانی تورکیا واز لە بەکارهێنانی ئەو زمانە بهێنن، چونکە بەو زمانە ئاشتی بەدی نایەت".
لە سەرەتای ئەمساڵ و لە وەڵامی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا کە بە پەکەکەی وت: "رێگەی سێیەمتان لەبەردەمدا نییە، یان چەکەکانتان بنێژن، یان بە چەکەکانتانەوە دەتاننێژین"، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وتی: "ئاشتی بە زمانی هەڕەشە و زمانی ژەهراوی بەدی نایەت و ئەو زمانەی سەرکۆماری تورکیا بەکاری دەهێنێت، خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات".
جیاوازی ئەم قۆناغەی پرۆسەکە لەوەدایە، بە پێچەوانەی سەرجەم قۆناغەکانی دیکە نەک هەر مەهەپە کە خۆی پارتێکی توندی نەتەوەیی دژە کوردە، دژایەتی پرۆسەکە ناکات، بەڵکو بە دەستپێشخەری ئەو دەستی پێ کردووە، بەردەوامیش لە زاری سەرۆکەکەیەوە جەخت لەسەر سەرخستنی ئەو پرۆسە دەکرێتەوە.
ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی 102 ساڵەی کۆماری تورکیادا ڕووی دابێت و ئەو ئاراستەیەی مەهەپە نوێنەرایەتی دەکات دەستپێشخەرییەکی لەم جۆرە بخاتە ڕوو.
جگە لە ئیی پارتی کە پارتێکی جیابۆوەیە لە مەهەپە، تەواوی پارتە کاریگەرەکانی دیکەی پەرلەمان بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە پشتیوانی لە سەرخستنی پرۆسەکە دەکەن.
بەڵام ئەوەی بووەتە جێی سەرنج ئەوەیە، ئەمجارە بە پێچەوانەی قۆناغەکانی دیکە، لەبری دەوڵەتی قوڵ، سوپا، پارتە نەتەوەیی و ئۆپۆزسیۆنە کاریگەرەکان، بەربەرستی سەرەکیی بەردەم ئەم قۆناغە بۆ بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا و بەکارهێنانی زمانى زبر دەگەڕێنرێتەوە.
ئایا کاراکتەرە سەرەکییەکانی پرۆسەکە بە بەرنامە نەخۆش دەخرێن و دەکوژرێن؟
تا ئێستا سێ جار هەنگاوی جیدی نراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و بە هۆی ڕووداوگەلی نەخوازراوەوە، هەنگاوەکانی دوو جاری یەکەم شکستیان هێناوە و ترسیش هەیە هەنگاوەکانی ئەمجارەیش شکست بهێنێت.
ئەوەی بووەتە جێی گومان نەخۆشکەوتنی یەکێک لە کاراکتەرە هەرە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغە نوێیە و گیانلەدەستدانی یەکێکی دیکەیەتی لە کۆی پێنج کاراکتەرە سەرەکییەکەی پرۆسەکە.
3ی ئایاری 2025 و دوای 18 ڕۆژ لە توشبوونی بە نۆرەی دڵ سڕی سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پشکی دەم پارتی لە نەخۆشخانە و لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
سڕی سورەییا ئۆندەر تاکوو نەخۆشکەوتنی، هاوشێوەی پەروین بوڵدان وەک ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە تەواوی ئەو دیدار و کۆبوونەوانەدا بەشداری کرد کە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری پەکەکە بە دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە دەستی پێ کرد.
گیانلەدەستدانی سڕی سورەییا ئۆندەر بووە هۆی ئەوەی ماوەیەک پرۆسەکە ساردبوونەوە بە خۆیەوە ببینێت.
لای خۆیەوە دەم پارتی لە 8ی ئایار لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا 15 رۆژ پێش توشبوونى بە نۆرەی دڵ، ئامێرێکی تیژ دۆزراوەتەوە کە لە تایەى چەپی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەى سڕی سورەییا ئۆندەر جێگیرکرابوو و توانای تەقاندنی تایەکەی هەبووە، ناوبراویش دەم پارتى ئاگادارکردووەتەوە لەو بارەیەوە، ئەوانیش لایەنە پەیوەندارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و هێشتا هیچ ئەنجامێکی ڕوونی لێکۆڵینەوەکە لە ڕووداوەکە بڵاو نەکراوەتەوە.
بەرلەوەی سڕی سورەییا ئۆندەریش نۆرەی دڵ لێی بدات، لە 4ی شوبات نەشتەرگەری زمانەی دڵ بۆ دەولەت باخچەلی کرا و بەم هۆیەوە زیاتر لە دوو مانگ لەناوجێ مایەوە و 2ی نیسان هەستایەوە سەر پێکانی خۆی و کەوتەوە بەرچاو.
ئەمەیش بووە هۆی ئەوە دەولەت باخچەلی تەمەن 77 ساڵ بۆ درێژترین ماوە لەناوجێگە بمێنێتەوە.
لە ماوەی نەخۆشکەوتنیشیدا بەردەوام لە ڕێگای تەلەفۆنەوە، باخچەلی ئاگادار دەکرایەوە لە دوایین پێشهاتەکانی ئەم پرۆسە نوێیە.
ئەوە جگە لەوەی ئەحمەد تورک'ی تەمەن 83 ساڵ کە سێیەم ئەندامی شاندی ئیمراڵییە بە هۆی کێشە تەندروستییەکانیەوە ناتوانێت بەشداری زۆربەی دیدار و کۆبوونەوەکان بکات و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.
دوو کاراکتەرە سەرەکییەکەی دیکەی ئەم پرۆسە نوێیەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەروین بوڵدانن و ئۆجەلان نزیکەی 26 ساڵە لە ئیمراڵی زیندانی کراوە.
بۆچی قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی گەیشتە بنبەست؟
هەرچەند جیاواز لە قۆناغی ئەمجارە، قۆناغی پێشوو (2013-2015) هەم حکومەتی تورکیا و هەم جوڵانەوەی کوردی لەسەر ناوێکی هاوبەش بۆ پرۆسەکە ڕێک کەوتبوون، بەڵام ناکۆکیی قوڵیش هەبوو لەسەر ناوەڕۆکی پرۆسەکە و ئەم ناکۆکییانەیش لە زمانی قسەکردنی هەردوولادا ڕەنگی دەدایەوە.
لە ڕێکەوتی 7ـی کانونی دووەمی 2013 هەریەک لە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە ماڵەکەی خۆیاندا لە پاریس کوژران.
ساکینە جانسز یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و سەرکردە باڵاکانی پەکەکە.
شاندی دانوستانکاری کورد ئاماژە بەوە دەدات هۆکاری کۆتایی هێنان بە پرۆسەکە بۆ پەشیمانبوونەوەی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە لەو ڕێککەوتنە چەند خاڵییەی لە کۆشکی دۆڵمەباخچە لەگەڵ شاندی حکومەت لەسەری ڕێک کەوتبوون.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی جوڵانەوەی کوردی و حکومەتی تورکیا لەسەری ناکۆک بوون، ڕۆژئاوای کوردستان بوو و ئۆجەلان بە تورکەکانی وتبوو: "ڕۆژئاوا لای من هێڵی سورە و سازشی لەسەر ناکەم".
دوای کوژرانی دوو سەربازی تورکیا لە 2015 لە قەزای سەرێ کانیێ (جەیلانپنار) لە پارێزگای ڕها (ئورفا) قۆناغی دووەمی پرۆسەکە کۆتایی هات.
تورکیا پەکەکەی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام پەکەکە ڕەتی کردەوە و بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرت.
لە دوای ئەمەشەوە جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان تورکیا و پەکەکە دەستی پێ کردەوە.
کاراکتەرە سەرەکییەکانی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی چییان بەسەر هێندرا؟
کاراکتەرە سەرەکییەکانی حکومەتی تورکیا لە قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی، بە دوای یەکدا و لە چەند مانگێکدا بە ڕووداوی تەمومژاوی مردن.
وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی تورگورت ئۆزاڵ، پەکەکە لە 20ـی ئاداری 1993 ئاگربەستی ڕاگەیاند.
کەچی دوای تێپەڕینی مانگێک و چەند ڕۆژێک، خەلیل تورگوت ئۆزاڵ لە 17ـی نیسانی 1993 سەرکۆماری ئەو کاتەی تورکیا بە شێوەیەکی گوماناوی مرد.
لە 24ی ئایاری 1993 هێزێکی سەر بە پەکەکە 33 سەربازی تورکی لەنێو پاسێک لە ڕێگای نێوان خارپێت (ئەلعەزیز) و چەولیگ (بینگۆل) هێنایە خوارەوە و سەربازەکانی کوشت.
دوای چەندین ساڵ کاتێک دەرکەوت بە فەرمانی شەمدین ساکیک ئەو سەربازانەی تورکیا کوژراون، سەرکردایەتی ئەوکاتی پەکەکە شەمدین ساکیکی لە ڕیزەکانی دوورخستەوە.
لە دوای مردنی ئۆزاڵ'ەوە بە تەواوی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە شکستی هێنا و جارێکی دیکە سیاسەتی نکۆڵیکردن و پاکتاوکردنی کورد و شەڕ و پێکدانان دەستی پێ کردەوە.
ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟
پەکەکە لە ڕاگەیەندراوەکەی 12ی ئایار کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا، هۆشداری دا لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوێکی مێژوویی 32 ساڵ لەمەوبەر و سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە دەوڵەتی قوڵی تورکیا بە لەناوبردنی تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەمین سەرکۆماری تورکیا و تیمەکەی، چارەسەرکردنی پرسی کوردی بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە 1993 گەیاندە بنبەست.
هەر دوای ئەو ڕاگەیەندراوەی پەکەکە، هەمان شەو ئەحمەد ئۆزاڵ کوڕە گەورەکەی تورگوت ئۆزاڵ ڕایگەیاند: "سێ ڕۆژ بەر لەوەی باوکی بە شێوەیەکی گوماناوی بمرێت، پێی ڕاگەیاندووە خۆی توشی مەترسییەکی ئێجگار گەورە دەکاتەوە و کێشەی پەکەکە و پرسی کورد چارەسەر دەکات".
کوڕە گەورەکەی ئۆزاڵ ئاماژەی بەوەیش دا کە دوای مردنی باوکی و ئەنجامدانی پشکنین بۆی پێیان ڕاگەیاندووە ژەهر لە لەشی تورگوت ئۆزاڵدا هەیە، بەڵام ژەهراوی نەکراوە.
ئەحمەد ئۆزاڵ سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە دوو کەس لەگەڵ باوکیدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان گێڕاوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و بەر لەوەی باوکی بەو شێوە گوماناوییە بمرێت، ئەوانیش بە شێوەی گوماناوی مردوون.
ئەحمەد ئۆزاڵ ئاماژەی بەوە دا کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، ڕۆژنامەنووس ئوغور مومجو 15 ڕۆژ جارێک ڕاپۆرتێکی بۆ باوکی ئامادە کردووە، ئەشرەف بەدلیسی کە فەرماندەی گشتیی جەندرمە بوو لە ڕووی سەربازییەوە تاوتوێی پرۆسەکەی دەکرد.
ئوغور مومجو لە 24ی کانوونی دووەمی 1993 و چەند مانگێک بەر لە مردنی گوماناوی تورگوت ئۆزاڵ بە هۆی تەقینەوەی ئەو بۆمبەی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی داندرابوو، گیانی لەدەست دا.
ئەشرەف بەدلیسی'یش لە 17ی شوباتی 1993 بە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی، گیانی لەدەست دا.