سبەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا ئاشکرایکرد، پلان دادەنێن بۆ چۆنێتی کارکردنیان لەگەڵ هەولێر و بەغداد لەبارەی پرۆسەی رادەستکردنی چەک لەلایەن پەکەکەوە.
ئەمڕۆ شەممە 17ی ئایاری 2025، ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەلبانیاوە بۆ تورکیا لەنێو فڕۆکە جارێکی دیکە بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری بە “گرنگ” دانا و دەڵێت: "لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکانمان چاودێری ئەوە دەکەن کە پرۆسەی خۆهەڵّوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە و ڕادەستکردنی چەکەکانیان چۆن چۆنی دەبێت. مەرجە و دەبێت ڕێکخراوی تیرۆریستی بەبێ کەموکوڕی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و بە یەکجاریی چەک دابنێت".
ئۆجەلان جارێکی دیکە گەریلاکانی پەکەکە بە "تیرۆریست" ناو دەبات و دەشڵێت: "دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان (دراوسێکانمان) بەردەوامن لەبارەی شێوازی ڕادەستکردنی چەکی ئەو تیرۆریستانەی لە دەرەوەی سنورەکانی تورکیان. لەمەودوا پلان دادەنێین بۆ چۆنێتی کارکردنمان لەگەڵ هەولێر و بەغداد لەبارەی پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکان بە تورکیا".
ئەردۆغان جەخت لەوە دەکاتەوە لەگەڵ ڕادەستکردنی چەکەکان و خۆهەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی پەکەکە، یەکڕیزی و یەکگرتوویی تورکیا بەهێزتر دەبێت و بە تەواوی "تیرۆر" لە ڕۆژەڤی تورکیادا نامێنێت.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژە بەوە دەدات لەگەڵ نەمانی توندوتیژی بە تەواوەتی، ئەوا سیاسەتی مەدەنی بەهێزتر دەبێت و دەڵێت: "ئاسانتریش دەگەین بەو ئامانجانەی بۆ تورکیا دەمانەوێن. ئەمە هاوکات خزمەت بە سەقامگیری، گەشەپێدان و ئارامیش دەکات لە عێراق و سوریا".
ئەم وتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدا دێن، دوێنێ هەینی 16ی ئایاری 2025 زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هێنان خەباتی چەکداریی داوە، باسی چەکدانان و چەک رادەستکردنی نەکردووە و وتی: "دانوستان بۆ پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستی پێنەکردووە، چونکە هەردوولا لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕانین".
کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری
لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.
ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.
دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.
لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.
تاوەکو ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەختیان لەوە دەکردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەک دابنرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.
9ی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو کۆنگرەی 12ی لە 5-7ی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری کوردستان کە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی لەو بڕیارانە نەکرد کە لە کۆنگرەکەدا دراون.
ڕۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.