روشدی و مەتەر
سبەی
ئەو پیاوەی لە نیویۆرک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر سەلمان روشدی نوسەری هیندی، بە 25 ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
ئەمڕۆ هەینی (16ـی ئایاری 2025) دادگا بڕیاریدا بە سزادانی هادی مەتەر، بە 25 ساڵ زیندانیکردن، دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بە هەوڵدان بۆ کوشتنی سەلمان روشدی نوسەری هیندی تەمەن 77 ساڵان.
سەلمان روشدی نوسەری جیهانی، لە 12ـی ئابی 2022 خۆی بۆ وتارێک لە دامەزراوەی چاوتاوکوا لە نیویۆرک ئامادە دەکرد، بەڵام لە ناکاو لەلایەن هادی مەتەرەوە بەر چەقۆ درا، بەو هۆیەوە چاوێکی لەدەستدا. هێرشەکە بە سەختی نوسەرەکەی بریندار کرد، بووە هۆی پچڕانی دەمارەکانی دەستی و لەدەستدانی بینایی لە چاوێکیدا.
بەهۆی هێرشەکەوە روشدی 17 رۆژ لەژێر چاودێری چڕدا بوو لە نەخۆشخانەی پەنسلڤانیا، برینەکەی زۆر سەخت بوو، هەرچەندە چاوێکی لەدەستدا، بەڵام رزگاری بوو.
ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕوشدی بەهۆی کارەکەیەوە روبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە. لە ساڵی 1989، ناوبراو لەژێر هەڕەشەی فەتوای ئایەتوڵڵا خومەینیدا بووە، دوای بڵاوکردنەوەی کتێبی "ئایەتە شەیتانییەکان".
هاندەری هادی مەتەر بۆ هەوڵدانی کوشتنی سەلمان روشدی، دەگەڕێتەوە بۆ وتارێکی حەسەن نەسروڵڵا لە 2006، کە پشتگیریی فەتوای کوشتنی روشدی کرد لەلایەن خومەینییەوە.
دوای هێرشەکەی بۆ سەر روشدی، مەتەر دانی بەوەدا ناوە کە تەنها چەند پەڕەیەکی کتێبی "ئایەتە شەیتانییەکان"ـی خوێندووەتەوە.