27ی ئەم مانگە دوا وادەیە؛ سەرجەم فەرمانبەران ناچار دەكرێن بە هەژماری من مووچە وەربگرن

#هەژماری من#کوردستان#سلێمانی#هەولێر
21 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 20 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لەسەرو بەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، بەشێك لە حزبەكان باسیان لەوەدەكرد هەژماری من پەسەند ناكەن و لەبری ئەوە دەبێت فەرمانبەران و مووچەخۆران "تەوتین" بكەن كە فەرمانبەرانی عێراق لە رێگەیەوە مووچە وەردەگرن.
Primary Asset

چەند فەرمانبەرێک بە هەژماری من مووچە وەردەگرن

سبەی

نوسینكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان، سەرجەم یەكە ژمێریارییەكانی پارێزگای هەولێر ئاگادار دەكاتەوە "كە 27 ی ئایاری 2025 دواین وادەیە بۆ دابەشكردنی مووچە بەشێوەی نەختینە و پێویستە دوای ئەو وادەیە سەرجەم فەرمانبەران مووچە بە شێوەی دیجیتاڵی وەربگرن". سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی دەڵێت "بریارەكە هەموو هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بۆ یەكە ژمێریارییەكانی پارێزگای سلێمانیش هاتووە".

لە نوسراوەكەی نوسینگەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستاندا هاتووە:" ئاگاداری سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم دەكەینەوە كە 27 ی ئایاری 2025 دواین وادەیە بۆ دابەشكردنی مووچە بەشێوەی نەختینە بۆیە پێویستە، یەكەم: ئەو فەرمانبەرانەی تائێستا فۆڕمی "هەژماری من" یان پڕنەكردووەتەوە، زانیاریی و بەڵگەنامەی پێویستیان پێشكەش نەكردووە بۆ ئەوەی هەژماری بانكییان بۆ بكرێتەوە، لەدوای ئەو بەروارە ناتوانن مووچەكەیان وەربگرن.

دووەم: هەموو ئەو فەرمانبەرانەی كە هەژماری بانكییان كردووەتەوە، بەڵام كارتی بانكییەكانیان وەرنەگرتووە، كە ئەمەش وایكردووە نەتوانرێت مووچەكانیان بە دیجیتاڵی وەربگرن، پێویستە تا 27 ی ئایاری 2025 كارتەكانیان وەربگرنەوە".

نوسینگەی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان هەروەها دەڵێت "ئەم رێكارانە بەشێكن لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ هاوكاریكردن لە گواستنەوەی هەرێمی كوردستان بۆ سیستەمی مووچەدانی دیجیتاڵی، بۆیە ئەمە دوایین ئاگاداركردنەوەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی تائێستا كەمتەرخەم بوون لە بەشداریكردن لە پرۆژەی هەژماری من، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن".

نوسینگەی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان نوسیویەتی "لە پارێزگای هەولێر نزیكەی 163 هەزار فەرمانبەر خاوەنی هەژماری بانكین و بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەكانیان وەردەگرن، تەنها چوار هەزار و 500 فەرمانبەر مووچەكانیان نەكراوە بە دیجیتاڵی كە دەكاتە نزیكەی 3% لە كۆی گشتیی فەرمانبەرانی شارستانی پارێزگای هەولێر، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 400 فەرمانبەر خۆیان لە هەژماری من تۆمارنەكردووە و دوو هەزار و 100 فەرمانبەریش خۆیان تۆماركردووە، بەڵام كارتی بانكییان وەرنەگرتووەتەوە".

پەیجی هەژماری من لە دواین داتایدا بڵاویكردووەتەوە " لە یەكەم ڕۆژی دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی سوودمەندانی هەژماری من، نزیكەی 120,000 مووچە خرایە سەر هەژماری بانكیی مووچەخۆران لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك".

دەشڵێت " لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەم ژمارەیە دەبێت بە زیاد لە 360,000".

بە وتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بۆ “سبەی” ئەمرۆ بانکەکانی سلێمانیش هەمان نوسراویان بۆ کراوە و داوایان لێکراوە تا ئەوکاتە دوا بەروارە بۆ ئەوەی بە هەژماری من مووچە وەربگرن.

لەسەرو بەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، بەشێك لە حزبەكان باسیان لەوەدەكرد هەژماری من پەسەند ناكەن و لەبری ئەوە دەبێت فەرمانبەران و مووچەخۆران "تەوتین" بكەن كە فەرمانبەرانی عێراق لە رێگەیەوە مووچە وەردەگرن.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی