کلۆربوونی ددانەکان
سبەی
زۆربەمان ئەوە دەزانین باشترین بەرگری دژی کلۆربوونی دانەکان کەمکردنەوەی شیرینی و شتنی رۆژانەی ددانەکانە، بەڵام کاتێک کلۆربوونی ددانەکان روویدا، دەتوانرێت کەمبکرێتەوە؟ لەم راپۆرتەدا کە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بڵاوکراوەتەوە وەڵامەکەی وەردەگریت.
ریکلامی بازرگانی زۆر هەن بۆ ژمارەیەک بەرهەم، کە دەتوانن کلۆربوونی ددانەکان کەمبکەنەوە، وەک بنێشت و جۆرە تایبەتەکانی هەویری ددان، بەڵام ئایا راستە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، نیویۆرک تایمز پرسیاری لە پسپۆڕانی تەندروستی کردووە.
کلۆربوونی ددانەکان چۆن پەیدادەبێت؟
دەمی مرۆڤ جێگەیەکی گونجاوە بۆ بەکتریای باش و خراپ، کە دەبنە هۆی کلۆربوون و خراپبوونی ددانەکان.
بەکتریا خراپەکان ئارەزووی خواردنە شیرینەکان دەکەن، پاشان ئەو خواردنانە دەگۆڕن بۆ ترشەکان، بەپێی کات ترشەکان کانزا سوودبەخشەکان لەناودەبات.
خواردنی زیاتری بەکتریا خراپەکان، کە بەهۆی خواردنی شیرینییەکانەوە دەستی دەکەوێت، بەکتریاکان زیاتر ترشەکان بەرهەمدەهێنن کە دەبنە هۆی توانەوەی کانزا بنەڕەتییەکانی وەک کالسیۆم و فۆسفات، ئەوەش بە وتەی جۆن فیزەستۆن، پرۆفیسۆری زانستی ددان لە زانکۆی کالیفۆرنیا.
توانەوەی کانزاکان، پێی دەوترێت داماڵینی کانزاکانی دەم، دەبێتە هۆی لاوازکردنی مینای ددان بەتێپەڕبوونی کات کون لەنێو ددانەکان دروست دەکات و کلۆربوون دروست دەبێت.
خێرا خراپکردنی ددانەکان دەکەوێتە سەر ئەوەی کە کەسەکە تا چەند شیرینی دەخوات و تا چەند گرنگی بە پاکراگرتنی ددانەکانی دەدات.
دەتوانرێت رێگریی لە کلۆربوونی ددانەکان دەکرێت؟
سەبارەت بە رێگریکردن لە کلۆربوونی ددانەکان، دکتۆر مارگریتا فۆنتانا، توێژەر و پرۆفیسۆر لە زانکۆی مشیگن، دەڵێت: "دەتوانرێت رێگری بکرێت لە کلۆربوونی ددانەکان، بەڵام لە قۆناغەکانی سەرەتای کلۆوربووندا چارەسەرییەکان دەستپێبکرێن".
لە قۆناغەکانی سەرەتای دروستبوونی کلۆربوونی ددانەکان، کاتێک کەسەکە کانزا بەسودەکانی لەدەست دەدات، بەڵام کونی ددانەکان هێشتا دەرنەکەوتوون، دەتوانرێت خاڵی سپی، رەش و قاوەیی بەدیدەکرێت، لەو کاتەدا دەتوانرێت چارەسەرییەکان وەربگیرێت کە خۆی دەبینێتەوە لە زیاد کردنی کانزا بەسودەکان و کەمکردنەوەی خواردنە شیرینەکان.
لیکی دەم کە لە پێکهاتەکەیدا کالسیۆم و فۆسفات هەیە دەستدەکاتەوە بە بەرهەهێنانی کانزا بەسوودەکان، بەڵام زۆربەمان ژمارەیەک خواردن دەخۆین کە بەکتریای خراپی تێدایە، بۆیە نابێت بە تەنها پشت بە لیک ببەسترێت بۆ رێگریکردن لە کلۆربوونی ددانەکان.
بەپێی پێشنیازی پسپۆڕانی ددان، هەرزانترین و کاریگەرترین رێگا بۆ گەڕاندنەوەی کانزا، شتنی ددانەکان بە هەویرێکی ددان کە فلۆراید لە پێکهاتەکەیدا هەبێت، چونکە فلۆراید دەتوانێت ترشەکان کەمبکاتەوە کە بەکتریا خراپەکان دروستی دەکەن، هەروەها یارمەتی لیکی دەم دەدات زیاتر کاریگەرتربێت و جێگای کانزا لەدەستچووەکان بگرێتەوە.
یەکێکی دیکە لە رێگا کاریگەرەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی کلۆربوونی ددانەکان لە قۆناغەکانی سەرەتایدا، جوینی بنێشتە بێ شەکرەکانە، چونکە بنێشت یارمەتیدەرێکی باشە بۆ بەرهەمهێنانی لیک، هەروەها جوینی بنێشت دەتوانێت ددانەکان لە پاشماوەی خواردنەکان پاکبکاتەوە کە دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی بەکتریا خراپەکان.