سەردانی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق کانوونی یەکەمی 2018
سبەی
سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، بە سەردانە لە ناکاوەکەی بۆ عێراق ژیانی خۆی خستوەتە مەترسییەوە، بەڵام توانیویەتی لەماوەیەکی کەمدا کۆتایی بە داعش بهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ یەکەمجار وردەکاریی سەردانە نهێنی و لەناکاوەکەی بۆ عێراق لە ویلایەتی یەکەمی سەرۆکایەتی خستەڕوو کە بەهۆی ئەو سەردانەوە ژیانی خۆی خستوەتە مەترسییەوە.
لە وتارێکدا کە لەبەردەم سەربازانی وڵاتەکەی لە بنکەی عەدیدی ئاسمانی لە قەتەر پێشکەشی کرد، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد: بڕیاریدا سەردانی یەکێک لە ژەنەراڵەکانی سوپای بکات و راوێژی پێبکات سەبارەت بە دواکەوتنی یەکلایی بونەوەی شەڕی داعش، چونکە تێناگەیشت گروپێکی تیرۆریستی چۆن بەو ماوە کەمە سەرکەوت و بە ئاسانیی لەناو نابرێت.
ترەمپ دەڵێت: بڕیارمدا خۆی بچم و ئەو بابەتە یەکلایی بکەمەوە.
فڕۆکەی بێ روناکی
سەرۆکی ئەمەریکا وردەکاریی زیاتری لەبارەی سەردانەکەی ئاشکرا کرد و ووتی: "کاتژمێر سێی بەرەبەیان بەڕێککەوتم، فڕۆکەیەکی ئایەر فۆرس وەن چاوەڕوانم بوو، پێیانووتم کێشەیەکیان هەیە، پێویستە روناکییەکان بکوژێننەوە و پەردەکان دابدەنەوە کاتێک گەیشتنە ئاسمانی ناوچەی دووژمن.
ترەمپ زیاتر دەڵێت: هیچم نابینی، نە روناکی، نە رێڕەوی نیشتنەوە، نەمدەزانی چۆن ئەوەیان کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد؛ سەردانەکەی لەژێر رێکارێکی توندی ئاسایشی ئەنجامداوە و پێشتریش رانەگەیەندرابوو.
هەرچەندە بەروارەکەی دیاری نەکرابوو، بەڵام رۆژی 27ـی کانوونی یەکەمی 2018، کۆشکی سپی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و میلانیای هاوسەری سەردانی بنکەی ئەسەدی سەربازییان کرد لە پارێزگای ئەنباری باشوری عێراق، بۆ پیرۆزبایی لە سەربازانی سوپای ئەمەریکا بە بۆنەی جەژنی سوپاسەوە.
دەسەڵاتم پێبدە داعش کۆتایی پێدەهێنم
ترەمپ دەڵێت: لە سەردانەکەم بۆ عێراق چاوم بە ژەنەراڵێک کەوت بەناوی "رێزن کین" لێمپرسی لەبارەی دواکەوتنی پڕۆسەی لەناوبردنی داعشەوە، لەوەڵامدا ووتی: "ئەگەر دەسەڵاتی تەواوەتیم پێبدەیت لەماوەی سێ هەفتەدا کۆتایی بە داعش دەهێنم".
بەوتەی ترەمپ؛ ژەنەراڵەکە پێی وتووە: کۆتوبەندی زۆر لەسەر پرۆسەکەیە، فڕۆکەکان ناچارن لە بنکەیەکی دوورەوە هەستن، ئەوەش کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانی کەمکردووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کردووە: دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، رەزامەندی لەسەر پلانەکە دەربڕیووە، دواتر و لەماوەیەکی کەمدا 100% کۆتاییان بە داعش هێناوە، پێچەوانەی ئەوەی لە پایتەخت پێیانوتووە کاتی زۆری دەوێت.
لێدوانەکەی ترەمپ لە چوارچێوەی جەختکردنەوەی دێت لەو قسانەی کە پێشتر ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات، لەکاتێکدا ژەنەراڵەکانی واشنتۆن کۆمەڵێک خەڵکی بێسوودن، لەکاتێکدا ژەنەراڵێکی مەیدانی پلانێکی کارای پێشکەشکردووە و توانیویانە بە ماوەی چەند هەفتەیەک داعش لەناو ببەن.
سەردانە لەناکاوەکەی ترەمپ بۆ عێراق
لە ویلایەتی یەکەمی سەرۆکایەتی و لە سەروبەندی شەڕی داعشدا، رۆژی 27ـی کانوونی یەکەمی 2018، کۆشکی سپی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە یاوەریی خانمی یەکەم، بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتوەتە عێراق و لە بنکەی ئاسمانیی ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار جەژنی سوپاسگوزاریی لە سەربازانی وڵاتەکەی پیرۆز کردووە.
سەردانەکە ترەمپ، شۆک بوو بۆ حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتدارانی عێراق، بەهۆی ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا چاوی بە هیچ بەرپرسێکی وڵاتەکە نەکەوتووە و بەبێ ئاگاداریی ئەوان گەیشتوەتە خاکی عێراق.
لەبەرامبەردا نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق بڵاوی کردەوە: ئاگاداری سەردانەکەن و پێشتر زانیارییان پێدراوە و لەکاتی سەردانەکەشی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، لەبارەی پلانی کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا و هەماهەنگی بەردەوام بۆ کۆتایی هێنان بە داعش گفتوگۆیان کردووە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی، دۆناڵد ترەمپ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر و نیو لە عێراق ماوەتەوە و بڕیاریداوە بە زووترین کات سوپای وڵاتەکەی لە سوریا بکشێنێتەوە و چیتر ئامادەنییە ببێتە پاسەوان و پۆلیسی وڵاتانی ناوچەکە، کە هیچ سودێکیان بۆ ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا نییە و داوای کردبوو پەلە بکرێت لە کۆتایی هێنان بە داعش.