ترەمپ: ئەمەریكا دەست بەسەر غەززەدا دەگرێت

#دۆناڵد ترەمپ#ئەمەریکا#کەرتی غەززە#رۆژهەڵاتی ناوەڕاست#قەتەر
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 19 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • لە چوارچێوەی گەشتەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی هەر یەك لە وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیماراتی كرد و ژمارەیەك دیدگای بێپێشینەی خستەڕوو. یەكێك لە دیدگاكانی ترەمپ، كۆنترۆڵكردنی غەززەیە لەلایەن ئەمەریكاوە.
Primary Asset

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا

سبەی

لە چوارچێوەی گەشتەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی هەر یەك لە وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیماراتی كرد و ژمارەیەك دیدگای بێپێشینەی خستەڕوو. یەكێك لە دیدگاكانی ترەمپ، كۆنترۆڵكردنی غەززەیە لەلایەن ئەمەریكاوە.

یەكێك لەو پرسانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، لە سەردانەكەیدا بۆ وڵاتانی عەرەبی باسی لێوە كرد، پرسی كەرتی غەززەیە.

سەبارەت بە داهاتووی كەرتی غەززە، ترەمپ بە قەتەرییەكانی راگەیاندووە، "ئەگەر پێویستبێت، پێموایە شانازی دەبێت بۆم كە ئەمەریكا كۆنترۆڵی غەززە بكات و بیكات بە ناوچەیەكی ئازاد"، دەشڵێت: "بهێڵین هەندێك شتی باش رووبدەن، خەڵكی غەززە بە پارێزراوی بچنە ماڵەكانیانەوە"، سەبارەت بە حەماسیش، ترەمپ وتی: "حەماس دەبێت چارەسەر بكرێت".

ترەمپ بەردەوام بووە و رایگەیاندووە، "هەرگیز كێشەی غەززە چارەسەر نەكراوە، ئەگەر تەماشای كەرتەكە بكەیت دەبینیت كە باڵەخانەكان بە پێوە نەماون هەمووی رووخاوە"، دەشڵێت: "هاوڵاتیانی غەززە لەژیر دار و پەردووی باڵەخانە رووخاوەكاندان، كە ئەوەش قبوڵكراو نییە، دەمەوێت ناوچەیەكی ئازاد ببینم لە غەززە".

ئەوە یەكەمجارە ترەمپ ئەو دیدگایەی خۆی راستەوخۆ بە سەركردە عەرەبەكان دەڵێت، بە تایبەت بە قەتەرییەكان كە رۆڵێكی كارایان هەیە لە نێوەندگیری بۆ پرسی بارمتەكان و ئاگربەست.

پێشتر لە شوباتی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ پلانێكی هاوشێوەی بۆ كێشەی كەرتی غەززە پێشكەشكرد.

بەپێی پلانەكەی ترەمپ، غەززە چۆڵدەكرێت، هاوڵاتییەكانی لە وڵاتانی دیكە نیشتەجێدەكرێن، پاشان پرۆسەی بنیاتنانەوەی كەرتی غەززە دەستپێدەكرێت. وەك ترەمپ رایگەیاند، "بنیاتنانەوەی غەززە هەلی كاری بێشومار دەڕەخسێنیت، غەززە دەبێتە ناوەندێكی گەورەی گەشتوگوزاری لە ناوچەكە. ئامانجی پلانەكەی ترەمپ، بۆ سەقامگیرییە لە كەرتی غەززە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی