ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕێكارەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت دەستپێدەكات

#هەرێمی کوردستان#ئەنجومەنی وەزیران#نەوت#داهات
6 مانگ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمڕۆ چوارشەممە پێنجی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە
Primary Asset

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران

سبەی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپارد لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیا نەوتییەكان، لە پەیوەندیدابن تا بەزووترین كات هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە. چەند پێشنیارێكیش پەسەندكران بۆ ڕێكخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەكان و بڕیاریشدرا داهاتی مانگی كانوونی دووەم بۆ گەنجینەی حكومەتی عێراق بنێردرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە پێنجی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپارد، كە لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەكان لە هەرێم، تا لە زووترین كاتدا، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە:"لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم تیمی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی و سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی و تیمەكەی كرد بۆ هەوڵ و كۆشش و ماندووبوونیان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیری هاوسەنگ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوی ساڵی 2025، بە ئاراستەی كۆتاییهێنان بە نیگەرانیی و نەهامەتی مووچەخۆران، كە بە هۆی دواكەوتنی مووچەكانیان لە ماوەی ڕابردوودا، زەحمەتی زۆریان بینی و سەرۆك وەزیران سوپاسی پشوودرێژیی مووچەخۆرانی كرد و دڵنیاییدا كە حكومەتی هەرێم، درێخی ناكات لە كاركردن بۆ زامنكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی ڕێككەوتنی ئەم دواییە لەمبارەیەوە".

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە "لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیكەی شاندی دانوستانكار، ڕاپۆرتێكیان سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێككەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو، هەر لەمبارەیەوە و لە پێناو زامنكردنی بەردەوامبوونی ئەم ڕێككەوتنە، چەند پێشنیارێك خرانەڕوو بۆ ڕێكخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەكان و میلاك و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی 2025 لە بەر ڕۆشنایی دوا ڕێككەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم".

ڕاگەیەندراوەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو:"ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاری پەسەندكردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی دا كە لە كۆبوونەوەكە خرانەڕوو، لە پێناو زامنكردنی مووچەی هەر دوانزدە مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویەكی تەكنیكی بۆ ڕێگریی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە".

"لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری پەسەندكردن و پابەندبوونی بە میلاكی سەرجەم مووچەخۆرانی حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 دا بە گوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە كۆبوونەوەكە خرانەڕوو، هەروەها بڕیاردرا بە پەسەندكردنی ڕێكاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازیی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەكانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەك لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لەسەر تاسەری هەرێم ". ڕاگەیەندراوەكە وا دەڵێت.

لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنی وەزیران بەپێی ڕاگەیەندراوەكە "گفتوگۆی لەبارەی ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بوودجەی عێراقی فیدڕاڵ كرد تایبەت بە ماددەی 12 لە یاساكە تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، كە لە لایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت خرایەڕوو".

ئاماژە بەوەشكراوە " ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەمواركردنەوەی یاساكە دەكات و بەهەنگاوێكی گرنگی لە قەڵەمدا بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كە بەهۆی ڕاگرتنیەوە، زیانێكی زۆر بەر بودجەی گشتیی كەوتووە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتكردنەوەی پابەندیی خۆی بە هەمواری یاساكە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپارد، كە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەكان لە هەرێم، تا لە زووترین كاتدا، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە لایەن سۆمۆ دەست پێ بكاتەوە و داهاتەكەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدڕاڵی".

لە بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 كرا و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2025 بۆسەر حیسابی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوو. ئەمەش بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە.

ڕاگەیەندراوەكە لەكاتێكدایە، ڕۆژی دووشەممە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند دەستیان بە رێكارەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكاری دەكەن.

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئاداری 2023 بەبڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵایەكی عێراق لەتوركیا ڕاگیرا و تائێستا دەستیپێنەكردووەتەوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی