سبەى
کۆمارى ئیسلامى ئێران دۆسیەى عێراق لە ئیسماعیل قائانییەوە رادەستى عەلى لاریجانى دەکات کە سیاسەتمەدارێکى عێراقى بە ئامادەکاریی تاران بۆ بەرەنگاربوونەوەیەکى نوێ لەگەڵ ئەمەریکا لە عێراق دایدەنێت.
عەلی لاریجانی کە بەم دواییە وەک سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەستنیشانکرا، رۆژی (12ـی ئابی 2025) لە یەکەم گەشتی فەرمی خۆی بۆ وڵاتێکی بیانی لە دوای دەستبەکاربوونیەوە گەیشتە عێراق و لێکتێگەیشتنێکى ئەمنى لەگەڵ عێراق واژۆکرد، کە نیگەرانى توندى ئەمەریکاى لێکەوتەوە.
سیاسەتمەدارێکى عێراقى کە ناوى نەهێنراوە بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى راگەیاند، رادەستکردنى دۆسیەى عێراق بە لاریجانى گۆڕانکارییەکى تەکتیکییە لە سیاسەتى ئێران و شوێنى ئیسماعیل قائانى دەگرێتەوە.
وتیشى هێزە سیاسییە شیعییەکان درکیان بەوەکردووە کە قائانى ناتوانێت ئەو ئەرکانە ئەنجام بدات کە قاسم سولەیمانى ئەنجامى دەدا کە ساڵى 2020 لە هێرشێکى ئاسمانی ئەمەریکیدا لەبەغداد کوژرا.
بەوتەى ئەو سیاسەتمەدارە، راسپاردنى دۆسیەى عێراق بە لاریجانى ماناى ئەوەیە ئێران خۆى بۆ بەرەنگاربوونەوەیەکى نوێ لەگەڵ ئەمەریکییەکان ئامادە دەکات، کە گۆڕەپانە چاوەڕوانکراوەکەى عێراق دەبێت، بەو هۆیەشەوە ئێران یاداشتێکى لێکتێگەیشتنى لەبارەى سنورەکان لەگەڵ عێراق واژۆکرد، چونکە ترسى لە هێرشى ئەمەریکى هەیە لەناوخۆى عێراق، لەگەڵ هێرشى ئیسرائیل لەدەرەوە.
لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکە کە یەکەم جوڵەى لاریجانى بوو لە عێراق نیگەرانى توندى ئەمەریکاى لێکەوتەوە، بەڵام هەریەکە لە ئێران و عێراق وەڵامیان دایەوە و جەختیاکردەوە لەسەر مافى هەردوو وڵات بۆ واژۆکردنى لێکتێگەیشتنى لەو شێوەیە.
دواى سەردانەکەى بۆ عێراق، لاریجانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لەبارەى بە سەردانەکەی بۆ عێراق رایگەیاند "بەپێچەوانە هەندێک وڵات کە بەنیازن دۆخەکە تێک بدەن ئێمە بەنیازین ناوچەکە سەقامگیر بێت".
وتیشى "ئێمە ڕێککەوتننامەی ئەمنیمان لەگەڵ عێراق واژۆ کرد بەمەبەستی دروستکردنی کەشێکی ئەمن لە نێوان دوو وڵات، خاڵی سەرەکی ڕێکەوتنە ئەمنییەکە ئەوە بوو کە دوو وڵات پابەند بن بەوەی نەهێڵن کەسانێک یان لایەنێک یا خود وڵاتێکی سێیەم ئەمنیەت و سەقامگیری هەر کام لەم دوو وڵاتە تێک بدەن".
روونیشیکردەوە کە بە گوێرەی ڕێکەوتنە ئەمنییەکە نابێت لەخاکی یەکێک لە وڵاتەکان سودر وەربگیرێت لە دژی ولاتێکی دیکە یا خود وڵاتێکی دیکە بێت کەلێنی ئەمنی دروست بکات.
ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەشلێت "لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا ئیسرائیل لە ئاسمانی هەندێک وڵاتەوە هێرشی بۆ سەر ئێران ئەنجام دا و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ژمارەیەک لەو وڵاتانە توانای ئەوەیان نییە کە بەر بە بەکارهینانی ئاسمانى وڵاتەکەیان بگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە ئەو ولاتانە خۆیان تۆکمە بکەنەوە و بەر بەو کارە بگرن".
دوو ئامانجى رانەگەیەنراو
بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان، عەلى لاریجانى ئەمینداری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوو ئامانجی رانەگەیەندراوی هەبووە لەسەردانەکەیدا بۆ عێراق.
یەکەمیان، ئاشتکردنەوەی حکومەتی عێراقە لەگەڵ گروپە چەکدارییەکان بەتایبەتی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، چونکە بڕوای ئێرانییەکان وایە، ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان ئەو دوو لایەنە، دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، کە لە کاتی تێپەڕاندنیدا دەسەڵاتەکانی ئەو هێزە زیاتر و زیاتر دەکات و دەیباتە قۆناغێکی نوێوە.
ئامانجی دووەمی ئێران، کە دکتور ئیحسان شەمەری سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی عێراق باس یکردووە ئەوەیە تاران دەیەوێت کارتەکانی رێکبخاتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە عێراقییەکان (بەتایبەتی شیعەکان بەهێز بکات)، چونکە تاران ئێستا هەستی بەوە کردووە، کە جەنگەکەی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستپێدەکاتەوە، سەردانەکەی عەلی لاریجانیش بۆ عێراق و لوبنان، ئامادەکردنی ئەو هێزانەیە بۆ دەستپێکردنی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
ئیحسان شەمەری باسی لەوەکردووە، حکومەتی عێراق و لوبنان لە نێوان دوو بەرداشدان، یەکەمیان فشارەکانی ئەمەریکایە، بۆ چەکداماڵینی گروپە چەکدارییەکان (لەعێراق حەشدی شەعبی، لە لوبنان حزبوڵڵا)، دووەمیان خواستی ئێرانە بۆ هێشتنەوەی چەک لە دەستی ئەو دوو هێزەدا، کە یارییەکانیان لە سایە و سێبەری ئێراندا دەکەن.
ئێران چی دەوێت؟
بەپێچەوانەوە دکتۆر ئەیاد عەنبەر مامۆستای زانستە سیاسسیەکان لە زانکۆی نەهرەین، بڕوای وایە ئێران کارتی گروپە چەکدارییەکان بەکاردەهێنێت، بۆئەوەی لە هەر گفتوگۆیەکی داهاتووی لەگەڵ ئەمەریکادا مامەڵەیان پێوەبکات.