
خواردنەوەی گەرم
سبەی
زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی خواردنەوە زۆر گەرمەکان، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچک زیاد دەکات، بۆ خۆبەدوورگرتن لەو مەترسییەش، پێشنیازکراوە چاوەڕێی ساردبوونەوەی خواردنەوەکە بکرێت.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی کە لە بەریتانیا ئەنجامدراوە و نزیکەی نیو ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا کردووە، دەرکەوتووە کە زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی خواردنەوە زۆر گەرمەکان، وەک چا یان قاوە، مەترسییەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچک زیاددەکات.
چا و قاوە
توێژینەوەکە ماڵپەڕی (میدیکاڵ ئێکسپرێس)ی پزیشکی بڵاویکردۆتەوە، تێیدا هاتووە ئەو کەسەی هەشت کوپ یان زیاتر لە چا یان قاوەیەکی زۆر گەرم بخواتەوە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچک شەش هێندەی ئەو کەسانە زیاترە، کە خواردنەوە زۆر گەرمەکان ناخۆنەوە.
چونکە خواردنەوە زۆر گەرمەکان، ئەو خانانە لەناو دەبەن کە هێڵکاری سورێنچک دەکەن، توێژەران پێیانوایە لاوازی ئەم ناوپۆشە ئەگەری زیانگەیاندن بە سورێنچک زیاد دەکات، بەهۆی گەڕانەوەی ترش لە گەدە، کە بە تێپەڕبوونی کات ئەگەری دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە سورێنچکدا زیاد دەکات.
تیمی لێکۆڵینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە، قووتدانی (20 مل) لە خواردنەوەیەکی گەرم، وەک قاوە پلەی گەرمی ناوەوەی سورێنچک زیاتر لە 12 پلەی سەدی بەرز دەکاتەوە ، هەروەها بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەی گەرمی، زیان بە خانەکانی ناوپۆشی سورێنچک دەگەیەنێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لەسەر شێرپەنجە دەڵێت، ئەو خواردنەوە زۆر گەرمانەی کە پلەی گەرمییان لە سەرووی 65 پلەی سەدییەوەیە "پێدەچێت شێرپەنجە دروستکەر بن"، ئەم مەترسییە بۆ مرۆڤ، هاوشێوەی بەرکەوتن بە دوکەڵی دار، یان زۆر خواردنی گۆشتی سور نیشان دەدات.
هاوکات توێژینەوەیەکی ئەمەریکی دەریخستووە پلەی گەرمی ئاسایی بۆ قاوە یان چا، بۆ پاراستنی تامێکی خۆش بەبێ ئەوەی سورێنچک تێکبدات، نابێت لە 57.8پلەی سەدی زیاتر بێت.
توێژەران پێشنیاریان کردووە چاوەڕێی ساردبوونەوەی پلەی گەرمی خواردنەوەکە بکرێت، ئاماژەیان بەوە کردووە کە پلەی گەرمی بە شێوەیەکی ئاسایی تەنها لە ماوەی پێنج خولەکدا 10 بۆ 15 پلەی سەدی دادەبەزێت.
