سبەى
زیاتر لە مانگێکە 250 تانکەرى گواستنەوەى سوتەمەنى لەسەر سنورى ئێران و ئەفغانستان گیریان خواردووە، کە لە هەرێمى کوردستانەوە سوتەمەنیان بارکردووە، بەڵام بەپاساوى خراپى کوالێتى حکومەتى تاڵیبان رەتیکردوونەتەوە.
بەپێی میدیاکانى ئێران، شۆفێرەکان دەڵێن ئەوان لە هەرێمى کوردستانەوە سوتەمەنیان بارکردووە بۆ ئەوەى بیبەنە ئەفغانستان، بەڵام حکومەتى ئەفغانستان رێگە بە تانکەرەکان نادات بچنە خاکەکەى و رەتیکردوونەتەوە. بە پاساوى ئەوەى سوتەمەنییەکە لەگەڵ ستاندارى ئەو وڵاتە ناگونجێت و لە پشکنین دەرنەچووە.
شۆفێرەکان کە لە دوایین خاڵى سنورى ئێران و ئەفغانستان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تانکەرەکانیان راگرتووە، داوادەکەن چارەنوسی بارەکانیان یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کێشەیە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.
یەکێک لە شۆفێرەکان دەڵێت، ئەوان و ئۆتۆمبێلەکانیان لە خاکی ئێران لە دۆخێکدان کە وەک ئەوە وایە بە بارمتە گیرابن و داوایکرد چارەنوسییان یەکلایی بکرێتەوە.
شۆفێرەکان دەڵێن، بارەکانیان لەدەروازەى باشماخ پشکنینى بۆ کراوە، بەڵام لە ئەفغانستان لە پشکنین دەرنەچووە.
بەوتەى حسێن محەمەدیان ئەندامى ژورى هاوبەشى بازرگانى ئێران و ئەفغانستان، بە پاساوى خراپى جۆرەکەى ئەفغانستان ئەو سوتەمەنییە وەرناگرێت و رەتیکردووەتەوە.
دەشڵێت سوتەمەنییەکە کە لە هەرێمى کوردستانەوە باردەکرێت و تانکەرى ئێرانى دەیگوازێتەوە، لەلایەن بازرگانێکى ئەفغانییەوە کڕدراوە، بەڵام ئەفغانستان وەریناگرێت.
شۆفێرەکان دواى چارەسەرنەبوونى کێشەکە، گردبوونەوەى ناڕەزاییام ئەنجامداوە، بەڵام بەرپرسانى ئێران بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچوون.
لەدواى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە، بە قاچاخبردنى نەوت و بەرهەمى سوتەمەنى لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ دەرەوە لەناویاندا بۆ ئێران زیادیکردووە.
نەوت و سوتەمەنى بە قاچاخبراو لە دەروازە سنورییەکانەوە دەگەیەنرێتە خاکى ئێران و لە رێگەى دەروازەى میلکەوە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان رەوانەى ئەفغانستان دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانى پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ئەو دەروازەیە، بووەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پەیوەندی ئابووری لەگەڵ ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست بەهۆی هەڵکەوتە جیۆستراتیژییەکەیەوە.
هەر بەپێی ئامارەکان، چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 91 هەزار و 464 تۆن کەلوپەل لە ڕێگەی ئەو دەروازەیەوە هەناردەی ئەفغانستان کراوە، کە بەراورد بە ساڵى رابردوو بەرزبوونەوەى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە.