سبەى
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە سێ مەرج مووچەى مانگى حوزەیرانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خەرج بکات، کە بریتین لە، تەواوکردنى کارى لیژنەکان، دیاریکردنى پشکى عێراق لە داهاتە نانەوتییەکان، پابەندکردنى کۆمپانیاکان بەرادەستکردنى نەوت.
بەپێی راگەیەنراوێکى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق کە دەست “سبەى” کەوتووە، لەسەر بنەماى راپۆرتى لیژنەى وەزاریی، ئەنجومەنى وەزیران لەرووى مەبدەئییەوە بریاریدا بە نوێکردنەوەى بڕیارەکەى بۆ خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى حوزەیران بە سێ مەرج.
مەرجەکان بریتین لە تەواوکردنى کارى لیژنەکان بۆ جێبەجێکردنى بریارى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە 550 ى ساڵى 2025 و بەرزکردنەوەى راپۆرت بۆ ئەنجومەنى وەزیران لەماوەى هەفتەیەکدا، تەواوکردنى ئەرکى لیژنەى پەیوەندیدار بە دیاریکردنى پشکى بەغداد لە داهاتى نانەوتى و رادەستکردنى لەلایەن هەرێمەوە. حکومەتى هەرێم کۆمپانیا نەوتییەکان پابەند بکات بە رادەستکردنى نەوتى بەرهەمهێنراو.
پێشتر سەرچاوەیەکى ئاگادار لەبەغداد بۆ "سبەى" ئاشکراکردبوو، بڕیارى خەرجکردنى مووچە لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقدا دراوە، ئەوەش بە مەرجى رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و نەوت.
بەوتەى عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، مەرجەکانى بەغداد ئەوەیە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە هەرێمى کوردستان 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى بنێرێت لەگەڵ رادەستکردنى نەوت بە سۆمۆ، لەبەرانبەر خەرجکردنى مووچەى مانگى حوزەیرانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق لەچەند رۆژى رابردوودا رایگەیاندبوو، لەبارەى نەوت گەیشتونەتە رێککەوتنى کاتى و لەسەر داهاتى نانەوتیش دەیانەوێت بگەنە رێککەوتنى کاتى تا کۆتایی ئەمساڵ.
هەفتەى رابردوو، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رایگەیاندبوو، دواى رێککەوتنى نێوان هەردوو وەزارەتى سامانە سروشتییەکان و وەزارەتى نەوتى عێراق، لە ئێستادا نەوتى هەرێم بووەتە پشکى سۆمۆ، وادەى هەناردەکردنى لەبەرپرسیارێتى بەغدادە و پەیوەستە بە رێککەوتنى لەگەڵ تورکیا لەو بارەیەوە.
ئاماژەى بەوەشکردبوو، دواى ئەوەى وەزارەتى دارایی هەرێم بڕى 120 ملیار دینارى داهاتى ناوخۆیی رادەستى بەغداد دەکات، عێراق مووچەى حوزەیران دەنێرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژى 13ى ئاب "رێککەوتنى" لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت.
"رێککەوتنەکە" لەلایەن 23 ئەندامى شاندی هەردوولا واژۆ كراوە 17 ئەندامیان شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.
تا ئێستا وەزارەتى نەوتى عێراق هیچ راگەیەنراوێکى لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و هەناردەى نەوتیش دەستیپێنەکردووەتەوە.
بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لەوەزارەتى نەوتى عێراق بۆ "سبەى"، ئەوەى واژۆکراوە کۆنووسى لیژنە تەکنییەکانى هەردوولا بووە و رێککەوتنى کۆتایی نییە، بەڵام هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت.
وتیشى سەربارى ئەوە پێویستە کۆمپانیا نەوتییەکانیش رازى بن، ئەگەرنا هەناردەکردنەوەى نەوت دەستپێناکاتەوە.
هاوکات سەرچاوەیەکى ئاگادار لە حکومەتى هەرێم جەختیکردەوە، ئەو کۆنووسە لەلایەن ئەو لیژنانەوە پەسەندکراون کە بەشێکن لە پڕۆسەکە، بەڵام جێبەجێکردنى وەستاوەتە سەر پەسەندکردنى لەلایەن هەردوو وەزارەتى نەوت و سامانە سروشتییەکانەوە.
تا ئێستا هەرێم و بەغداد وردەکاریی ئەو میکانیزمەیان بڵاونەکردووەتەوە کە لەسەرى کۆکن بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم کە مەرجى بەغدادە بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
بەوتەى سەرچاوە ئاگادارەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق، دوو رێگە هەیە بۆ رادەستکردنى نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە، یەکێکیان ئەوەیە نەوتى هەرێم لە زاخۆ لەلایەن تیمێکى کۆمپانیاى نەوتى باکورەوە وەربگیرێت کە وێستگەى پێوانەکردنى خۆیان هەیە، پاشان لە رێگەى بۆرییەوە رەوانەى کۆکاگانى کۆمپانیاى سۆمۆ دەکرێت لە بەندەرى جەیهان پێش ئەوەى هەناردە بکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکرد، دواى ئەوەى ئاستى کۆگاکردنى نەوت دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت، پاشان لە رێگەى کەشتییەوە هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکرێت، بەو پێیەى هیچ کەشتییەک کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەڵناگرێت.
رێگەى دووەم بەوتەى سەرچاوەکە ئەوەیە، لە رێگەى کەرکوکەوە و بە بۆرى، نەوتەکە لە خورمەڵەوە هەناردە بکرێت و لە دوبز کە وێستگەیەکى وەرگرتنى نەوتى لێیە وەربگیرێت و دەتوانرێت کۆگا بکرێت، یان رەوانەى پاڵاوگەکانى کەرکوک و بێجى بکرێت.
چاوەڕواندەکرێت هەناردەکردنەوەى نەوت بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەكەی دیكە بۆ هەناردەكردن ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.