سندوقی رەشی فرۆکە
سبەی
دوای تێکشکانی هەر فڕۆکەیەک ئەوەی جێگای باس و خواسە، "سندوقی رەش"ـی فرۆکەکەیە کە بە گرنگترین پارچەی فڕۆکەکە دادەنرێت، چونکە بەڵگەی هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکەی تێدایە.
سندوقی رەشی فڕۆکە دوو ئامێری گرنگ و سەرنجڕاکێشی تێدایە کە تۆمارکەری دەنگی فڕۆکەوانەکان و تۆمارکەری زانیارییەکانی فڕینی فڕۆکەکە لە خۆدەگرێت. هەروەها سندوقی رەش رەنگی پرتەقاڵییە نەک رەش.
ئامێری تۆمارکەری گفتوگۆی نێوان فڕۆکەوانەکان و تۆمارکەری زانیارییەکانی فڕین یارمەتی لێکۆڵەران دەدەن بۆ ئەوەی بزانن هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکە چی بووە.
هەڵبژاردنی رەنگی پرتەقاڵی بۆ سندوقەکە بۆ ئەوەیە بە ئاسانی لەنێو پاشماوەی تێکشکاوی فڕۆکەکە، یان لەنێو بنکی زەریا و دەریاکان بدۆزرێتەوە. ئەندازیارانی دروستکردنی فڕۆکە سەلامەترین جێگایان بۆ سندوقی رەش داناوە کە بەشی دواوەی فڕۆکەکەیە.
سندوقی رەشی فڕۆکەکان ئامێری بێتەلی تێدایە کە دەتوانێت لە قوڵایی 4267 مەترەوە ئاماژە بنێرێت بۆ دۆزینەوەی، هەروەها باتریەکەی یەک مانگ بەرگە دەگرێت.
سندوقە رەشەکانی فڕۆکەی فەڕەنسی ئایر فرانس کە لە ساڵی 2009 لە زەریای ئەتڵەسیدا کەوتە خوارەوە، دوای دوو ساڵ لە قووڵایی زیاتر لە 3 هەزار مەتر دۆزرایەوە و تەکنیکاران توانیان زۆربەی زانیاریەکان وەربگرنەوە.
ئەگەر سندوقی رەش لە ئاوی دەریادا نوقم بێت، تەکنیککاران و ئەندازیاران لە ئاوی سازگاردا دەیهێڵنەوە بۆ ئەوەی پاک ببێتەوە لە خوێ. ئەگەر ئاو دزە بکاتە نێو ئامێرەکانەوە، پێویستە بە وریاییەوە بۆ چەند کاتژمێرێک، یان چەند رۆژێک پرۆسەی وشککردنەوەی بۆ بکرێت بە بەکارهێنانی ئامێری تایبەت بۆ ئەوەی بیرگەکانی بپارێزرێت لە تێکچوون.
ئامێری تۆمارکەری گفتوگۆ
ئەرکی تۆمارکەری دەنگی نێو سندوقی رەش تۆمارکردنی پەیوەندییە رادیۆییەکانی فڕۆکەکە لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا، تۆماری دەنگی فڕۆکەکان و دەنگی بزوێنەرەکانی فڕۆکەکەیە. ئەو دەنگانەی لە سندوقە رەشەکەدا تۆمارکراون گرنگن بۆ لێکۆڵەران و هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکە.
تۆمارکەری زانیارییەکانی فڕین
تۆمارکەری زانیارییەکانی فڕین داتاکانی خێرایی، بەرزی و ئاراستەی فڕۆکەکە تۆمار دەکات. تۆمارکەری زانیارییەکان لەتوانایدا هەیە کە زیاتر لە 1000 کرداری دیکە سەبارەت بە جوڵە و ئاراستەی فڕۆکەکان تۆمار بکات.
داهێنەرانی سندوقی رەش
فرانسیۆس هوسینۆت، ئەندازیاری فەڕەنسی، بۆ یەکەمجار لە 1930، رێگایەکی دۆزییەوە بۆ تۆمارکردنی خێرایی و ئاراستەی فڕۆکەکان.
لە 1950، دەیڤد وارن، زانای ئوسترالی بیرۆکەی ئەوەی بۆ هات کە ئامێری تۆمارکەری دەنگی دروست بکرێت.
زانا ئوسترالییەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەی لە فڕۆکەکەیەکدا ئەو بیرۆکەی بۆ هات و بیری کردەوە کە هەبوونی ئامێرێک بۆ تۆمارکردنی دەنگەکان زۆر سودبەخش دەبێت بۆ ئەوەی لێکۆڵەران بزانن هۆکاری تێكشکانی هەر فڕۆکەیەک چییە.
ناوی سندوقی رەش
ژمارەیەک بیروڕا هەن سەبارەت بەوەی ناوی سندوقی رەش لە چییەوە هاتووە، بەڵام ئەوەی رەنگە لە هەموویان راستتر بێت ئەمە بێت. دوای جەنگی جیهانی دووەم، زاراوەی "سندوقی رەش" باو بوو بۆ هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی تەنها زانیاریی وەربگرێت (ئینپوت) و زانیاری ببەخشێت (ئاوتپوت)، هەروەها وەک سندوقێکی نهێنی وایە، کە ئەوەی لەناویەتی نهێنییە.