تورکیا بە دەرهێنانی نەوت لە چیای گابار، سەرچاوەکانی ئاوی باکوری کوردستان وشک دەکات

#چیای گابار#شرنەخ#نەوت#سەرچاوەی ئاو#ژینگە#داربڕینەوە
7 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • تا ئێستا چەکدارە کوردەکانی تورکیا سەدان هەزار داریان لە ناوچەکە بڕیووەتەوە و ڕێگە بە جوتیاران نادرێت بچنە ناو ڕەز و باخی خۆیان و سەرچاوە ئاوییەکانیشیان وشک دەکرێن
Primary Asset

سبەی

لە کاتێکدا تورکیا بە نەوتی گابار پێویستی وزەی ناوخۆ بە ڕێژەی لە 6% پڕ دەکاتەوە، بەڵام بیرە نەوتەکانی گابار سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگای شرنەخ وشک دەکەن و سروشتی دڵڕفێنی ناوچەکە تێک دەدەن.

حکومەتی تورکیا بە پاساوی گەڕان و پشکنین بە دوای نەوت لە چیای گابار، هێزە ئەمنییەکانی دەستکراوە کردووە بۆ بڕینەوەی دارەکان و تێکدانی سروشتی دڵڕفێنی پارێزگای شرنەخ.

لە 2020ـەوە دەستکراوە بە تێکدانی سروشتی شرنەخ و تائێستا سەدان هەزار دار بە دەستی بەکرێگیراوەکانی دەوڵەت کە تورکیا بە "گوندپارێز" و کورد بە "جاش" ناویان دەبات بڕدراونەتەوە و بە هۆی دروستکردنی ڕێگا بە زۆربەی ناوچەکانی چیای گاباردا، کۆتایی بە ژیانی سروشتی هێندراوە.

بەهۆی هەڵکەندنی بیرەنەوتەکانیشەوە سروشتی چیاکە تێکدراوە و سەرچاوە ئاوییەکانی دەروبەریشی پیس بوون و مەترسی وشکبوونیان لەسەرە.

یەکێک لەو سەرچاوە ئاوییانەی خەریکە بە تەواوی وشک دەکات کانیێ مزگەفتوکێ'یە کە 600 ساڵە گوندەکانی زهێ، دارا و بەرتور'ی لەسەر دەژیان و سێ ئاشی ئاوایشی لەسەر بونیاد نرابوون. هەروەها رەز و باخی ئەو گوندانەیش بەو سەرچاوە ئاوییە ئاو دەدران.

لەگەڵ زیاتر هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان، ڕەنگی ئاوی ئەو سەرچاوە ئاوە وەک قوڕاوی لێ هاتووە و بە کەڵک خواردنەوە نایەت، بە جۆرێکیش کەمی کردووە، زۆری نەماوە وشک ببێت. 

سەرچاوە ئاوییەکانی کانیێ ئەمەر و بێرما ئەلماس'یش هەمان شت چاوەڕوانیان دەکات و لە وشکبوون نزیک بوونەتەوە.

دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری کانیێ مزگەفتوکێ نیگەرانن لە وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و ئاماژە بەوەدەدەن تەنانەت ئەو زەوییانەی لەسەریشیان تاپۆ کراون، دەدرێن بە کۆمپانیای هاوپشکی نەوتی تورکیا تا بۆ دەرهێنانی نەوت هەڵیان بکۆڵێت.

دانیشتووانی گوندەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە دەزگا ئەمنییەکان ئەو ناوچانەیان کردوونەتە ناوچەی قەدەغەکراو بۆ خەڵکی ڕەسەن، کەچی هێزە ئەمنییەکان دەچن دارەکانی ئەوێ دەبڕنەوە، باخ و ڕەزەکان لەناو دەبەن، پاشان خاکی ناوچەکە بە داینەمیت دەتەقێندرێتەوە و  زەوییەکە هەڵدەکۆڵدرێت بۆ لێدانی بیر و دەرهێنانی نەوت.

تورکیا چیای گابار دەدۆشێت 

چوار ساڵە چیای گابار لە باکوری کوردستان بووەتە خێروبەرەکەت بۆ تورکیا و ڕۆژانە کۆمپانیای هاوپشکی نەوتی تورکیا 58 هەزار بەرمیل نەوت لە 63 بیرەنەوتی ئەوێ دەردەهێنێت.

دوو مانگ لەمەوبەر ئاژانسی هەواڵی ئیخلاس بڵاوی کردووەتەوە تورکیا لە ڕێگای دەرهێنانی نەوت لە چیای گابار پێویستیی خۆی بۆ وزە بە ڕێژەی لە 6% پڕ دەکاتەوە.

حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی وابەستەیی بە وزەی دەرەکی و بۆ ئەم مەبەستەیش بە شێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبۆوە لە ڕێگای تیشکی خۆر و باوە، بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی یەدەگی سوتەمەنیی بەبەردبوو.

لەو بوارەدا و وێڕای هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی سەرما، تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی دەرهێنانی نەوت لە چیای گابار زۆر زیاتر بکات.

چیای گابار بە ڕێژەی لە 6% پێویستی وزەی تەواوی تورکیا و باکوری کوردستان پڕ دەکاتەوە و ڕۆژانە کۆمپانیای هاوپشکی نەوتی تورکیا 58 هەزار بەرمیل نەوت لە 63 بیرەنەوت دەردەهێنێت. 

وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپئارسڵان بایراکتار وەک موژدانەدانێک بە خەڵکی تورکیا، رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2024 ڕایگەیاند: یەدەگێکی نوێی نەوتیان لە باکوری کوردستان دۆزیووەتەوە 66 ملیۆن بەرمیل لەخۆ دەگرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا بە تێکڕایی ژمارەی ناوچە هەڵکۆڵدراوەکان بە تایبەت لە پارێزگاکانی شرنەخ، جۆلەمێرگ (هەکاری) و وان گەیاندووەتە 84 و گوتی: "تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەکە دەگەیەنینە 103".

چیای گابار بوەتە خێروبەرەکەت بۆ تورکیا

چەند مانگێک لەمەوبەر ئاڵپئارسڵان بایراکتار ڕایگەیاند: ڕۆژانە 45 هەزار بەرمیل نەوت لە 41 بیرەنەوتی چیای گابار دەردەهێنن کە خاوەن باشترین جۆری نەوتە و دەیانەوێت ژمارەی بیرەنەوتەکان بگەیەننە 95 و ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت لەوێ دەربهێنن.

چیای گابار لە باکوری خۆرهەڵاتی شرنەخی باکوری کوردستان هەڵکەوتووە و ڕوباری دیجلە بە خۆرئاوا و باشوریدا تێدەپەڕێت. چیای جودی دەکەوێتە باشوری خۆرهەڵات و زنجیرەچیاکانی ئەڕوح'یش دەکەونە باکورییەوە. چیاکە هەزار و 848 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

بەرپرسانی تورکیا دۆزینەوەی نەوت لە چیای گابار لە 2021 بە گەورەترین دۆزینەوەی نەوت دادەنێن لە مێژووی کۆماری تورکیا. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی