سبەی
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ڕەتی دەکاتەوە ئەم پرۆسەیە وەستابێت کە بۆ چەکدانانی پەکەکە و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە دەستی پێکردووە و دەڵێت: "سەرخستنی پرۆسەکە دەبێتە هۆی پتەوتربوونی یەکڕیزی، پێکەوەیی و برایەتی لە تورکیا و کە کاتی خۆی هات خەڵک باشتر لە گرنگی ئەمە تێ دەگات".
ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە قەتەرەوە بۆ تورکیا ئەمڕۆ (16ـی ئەیلوولی 2025) لەنێو فڕۆکە بۆ میدیاکاران لەبارەی دوایین پێشهاتەکانەوە دوا.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە پێداگیرن لە سەرخستنی ئەم پرۆسە نوێیەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا دەستی پێکردووە و دەڵێت: "ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان بۆ ئەم مەبەستە پێک هێندراوە دەرخەری ئەوەیە کە ئامانج لەو پرۆسەیە تەنها وەک ڕەهەندێکی ئەمنی نا بەڵکوو لەسەر بنەمای شەرعیەتی دیموکراتی بەڕێوە دەچێت. پرۆسەکە بە جۆرێک بەرەوپێش دەچێت کە یەکڕیزی، پێکەوەیی و برایەتیمان پتەوتر دەکات. بە بژارکردنی گیا زیانبەخشەکان و گەیشتنە ئەنجامی پرۆسەکە وڵاتەکەمان بەهێزتر دەبێت".
ئەردۆغان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ ئەم مەبەستە لە نزیکەوە چاودێری هەر هەنگاوێکی مەیدانی دەکەن کە دەنرێت و دەڵێت: "ئەو هاوڕێیانەمان کە ئەندامن لە لیژنەکەدا زۆر بە هەستیارییەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەن. گەورەترین دڵنیاییدەر بۆ پرۆسەکە نزای خێر و پشتیوانی گەلەکەمانە. بە هۆی ئەو پشتیوانییە زۆرەوە توانیوومانە و دەتوانین ئەو پیلانگێڕییانە لەناوبەرین کە دژی وڵاتەکەمان دەگێڕدرێن".
ئەردۆغان کە هێشتا پرۆسەکە هەر بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناو دەبات ئاماژە بەوە دەدات کە بە دیدگایەکی ئەمنی بەرفراوان بۆ داهاتووش نەک تەنها بۆ ئێستا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن و دەڵێت: "کە کاتی خۆی هات خەڵک باشتر لە گرنگی ئەمە تێ دەگات".
بەبێ جیاوازی پشتیوانی تەواوی سوورییەکانین
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە گەورەترین ئاواتیان وەک تورکیا، مسۆگەرکردنی یەکێتی و پێکەوەیی و سەقامگیربوونی ئاشتیی هەمیشەییە لە تەواوی خاکی سوریادا و بۆ ئەمەش بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی گەلی سوریا.
جیاواز لە تەواوی لێدوانەکانی پێشووی، ئەمجارە ئەردۆغان بەبێ ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردن ناوی "هێزەکانی سوریای دیموکرات"ی وەک خۆی هێنا و دەڵێت: "باشترین و ژیرانەترین ڕێگە ئەوەیە هەمووان لەم دۆخە نوێیەی سوریا بە باشی تێبگەن و هەنگاوەکانیان بەپێی ئەوە بنێن. لە بری ئەوەی بە شەڕ هەموومان بدۆڕێین، با بە ئاشتی هەموومان بیبەینەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بەردەوام ئەردۆغان لەبری ناوهێنانی خۆی هەسەدەی بە "پەکەکە/یەپەگە" و "ڕێکخراوی تیرۆریستی" ناو دەبرد.
لەبارەی پەیامی وڵاتەکەی بۆ هەسەدە ئەردۆغان دەڵێت: "پەیامی ئێمە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دیارە چییە. هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی دیمەشق، بۆ یەکپارچەیی خاکی سوریا هەنگاوێکی گرنگە. هەندێک جار هاندان بۆ ئاژاوە ڕوودەدات بۆ ئەوەی سوریا دووبارە نەبێتەوە یەک دڵ و یەک مست. ئێستا لە سوریا پرۆسەیەکی ئاڵۆز هەیە کە دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و دینامیکی ناوخۆیی تێکەڵ بوون. بە دڵنیاییەوە لەو دۆخەدا ناتوانین سوریا بە تەنیا جێ بهێڵین. بۆیە وەزیری دەرەوە و سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا، لە دیالۆگێکی توندوتۆڵدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوریا".
ئەردۆغان لەبارەی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئیسرائیلیش لە سووریا دەڵێت: "ئیسرائیل لە هێڵی باشوورەوە هەوڵی ماندووکردنی ئیدارەی کاتی سوریا دەدات و بە سیاسەتی پەرت کە و زاڵ بە هەوڵ دەدات شتێک لەوێ بپچڕێت".
هەمان چارەنووسی هیتلەر چاوەڕوانی ناتانیاهۆ دەکات
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد بۆ سەر کەرتی غەززە و ئامانجەکانی حەماس لە قەتەر و گوتی: “پێدەچێت ناتانیاهۆ لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە خزمایەتی لەگەڵ هیتلەردا هەبێت. چۆن هیتلەر ئەو شکستەی نەبینی کە چاوەڕێ دەکرا، ناتانیاهۆش تووشی هەمان چارەنووس دەبێت.”
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە ئیسرائیل بەبێ سڵەمینەوە بەردەوامە لەسەر "چەتەگەرییەکانی" لە ناوچەکەدا و دەڵێت:"کردنە ئامانجی شاندی دانوستاندکاری حەماس لەم هێرشە دزێوەدا، بە ئاشکرا تەحەدایکردنی سیستەم و یاسای نێودەوڵەتییە. ئەم هێرشە قێزەونە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی وڵاتێکی سەربەخۆ و ئاشتیخوازە. جارێکی دیکە ئەوەی دەرخستەوە کە عەقڵییەتی داگیرکەر و تیرۆریستیی ئیسرائیل گەیشتووەتە چ ئاستێک. هەموو جیهان ئێستا دەبینێت کە ئیسرائیل هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر سیستەمی نێودەوڵەتی. وەک تورکیا، بە بەهێزترین شێوە جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە پاڵ قەتەری برامان و گەلی فەڵەستینداین."