رۆژى 10 ى ئازارى 2025 مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد
سبەى
فەڕەنسا پێشنیازى گواستنەوەى دانوستانەکان بۆ هەرێمى کوردستان یان دوو وڵاتى عەرەبى دەکات، بەرپرسێکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکراتیش دەڵێت رێککەوتنى 10ى ئازار بە جێبەجێنەکراوى ماوەتەوە.
تەلەفزیۆنى فەرمى سوریا لەزارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە گواستییەوە، وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا پێشنیازی بۆ دیمەشق و هەسەدە کردووە دانوستانەکان بۆ هەرێمى کوردستان، ئوردن یاخود سعودیە بگوازنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا هەروەها لەگەڵ بەرپرسانى هەسەدە تاوتوێی فراوانکردنى ئەو وڵاتانەیان کردووە کە دەکرێت رێککەوتنى هەسەدە و دیمەشق لە خۆبگرن، لەناویاندا وڵاتانى عەرەبى و هەرێمى و تورکیا.
لەدواى رێککەوتنى 10ى ئازارى نێوان مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریا، گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە ئەنجامدرا، بەڵام ئەنجامێکى ئەوتۆیان لێنەکەوتەوە.
عەلى رەحمون جێگرى هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات بە ئاژانسى نۆرس پرێسى راگەیاند، رێککەوتنی 10ی ئازار لەدوای واژۆکردنی هیچ پێشکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە، سەرەڕای ڕێککەوتن لەسەر بنەما گشتییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕگەی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بەشداریکردنی هەموو سوریاییەکان لە دامودەزگا و ئیدارەکانی دەوڵەتدا دیاریکردووە، "بەڵام ئەوەی ڕوویدا، دوورخستنەوەی زۆرینەی گەلی سوریا بوو، هەروەها سنووردارکردنی دامەزراوە و وەزارەتەکان بوو بۆ گروپێکی سنووردار بۆ حکومەتی نوێ".
روونیشیکردەوە، "حکومەت هەوڵدەدات خۆی لە پابەندبوونەکانی بدزێتەوە لەکاتێکدا سورییەکان درک بەوە دەکەن ڕێککەوتنەکە لە هەلومەرجێکی سەختدا کراوە".
سەبارەت بە بڕیارەکەی حکومەتی سوریا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل، رەحمون وتی، "ناتوانرێت بە هەڵبژاردنی راستەقینە هەژمار بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی دوورخستنەوەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە یەک لەسەر سێی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، لەگەڵ سوەیدا و بەشێکی زۆری پەنابەرانی سوریا لە دەرەوەی وڵات".
رێککەوتنى شەرع و عەبدى
رۆژى 10 ى ئازارى 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە.
رێككەوتنەكە لەلایەن هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لەرۆژی 10 ی ئازاری 2025، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە.
خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.
لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز.
بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. هەروەها لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا.
لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.