نامەکەی ئۆجەلان؛ سەرۆک هۆز و شێخە عەرەبەکانی سوریا لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن

#ئۆجەلان#سوریا#هەسەدە#هۆزی عەرەب#تورکیا#رۆژئاوای کوردستان
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لە پەیامەكەی ئۆجەلاندا كە لە زیندانی ئیمراڵییەوە نوسیویەتی و رۆژی یەكشەممەی رابردوو بڵاوكرایەوە، دەڵێت "یەكێتی عەرەبی و كورد لەسەر بنەمای گەلی دیموكراتیك دەبێتە یەكێك لە پایەكانی بنیاتنانی سوریای دیموكرات و ئارام".داواش دەكات پشتیوانی هەسەدە بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان.
Primary Asset

کاتی گەیاندنی پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ یەکێک لە سەرۆک هۆزەکانی عەرەب لە جزیرە

سبەی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی "پەكەكە" پەیامێكی ئاڕاستەی سەرۆك هۆز و شێخەكانی عەرەب لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كرد، كە پشتیوانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بكەن، ئەمەش لەلایەن بەشێك لە سەرۆك هۆز و شێخەكانی عەرەب لە ناوچەكە رەتكراوەتەوە، جەختیان كردۆتەوە "لەگەڵ یەكچارچەیی سوریا و دژی تیرۆر و توندوتیژین"، بەڵام بەشێكیشیان پشتیوانی پەیامەكەیان كردووە و پشتیوانی ئەو رایە دەكەن كە "هەسەدە بڕبڕەی پشتی پاراستنی ناوچەكەیانە".

لە پەیامەكەی ئۆجەلاندا كە لە زیندانی ئیمراڵییەوە نوسیویەتی و رۆژی یەكشەممەی رابردوو بڵاوكرایەوە، دەڵێت "یەكێتی عەرەبی و كورد لەسەر بنەمای گەلی دیموكراتیك دەبێتە یەكێك لە پایەكانی بنیاتنانی سوریای دیموكرات و ئارام".داواش دەكات پشتیوانی هەسەدە بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان.

نامەكەی ئۆجەلان لە 27 ی تەموزی ئەمساڵ نوسراوە، بەپێی هەواڵی بەشێك لە میدیا كوردیەكانی باكور و رۆژئاوا، ئاڕاستەی سەرۆك هۆز و شێخی عەشائیرەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كراوە، بەتایبەتیش دێرەزو و رەقە و تەبقە، داوا دەكات "برایەتی مێژوویی نێوان پێكهاتەكان پتەوبكرێت و پشتیوانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەكان".

یەكێك لەو شێخانەی پەیامەكەی ئۆجەلانی رەتكردۆتەوە ناوی شێخ موزر حەماد ئەسعەدە و وەك سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای هۆزەكانی سوریا خۆی بە رۆژنامەی "شەرقلولئەوسەت" ناساندووە و دەڵێت "ئۆجەلان دڵنیا دەكەینەوە كە خەڵكی ناوچەی جزیرە و فوڕات بەتەواوی پەیامەكەی رەتدەكەینەوە و پشتیوانی هەسەدە و حزبەكەشی ناكەین".

ئەو شێخەی قسەی بۆ "شەرقولئەوسەت" كردووە، ئێستا لەهەوڵدایە كۆدەنگی بەشێك لە سەرۆك هۆز و عەشائیرەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كۆبكاتەوە، بەو پاساوەی ناوچەكە 

زۆرینەی عەرەب و موسوڵمانە كانتۆن و دەوڵەتی دیكە دروست ببێت.

دەشڵێت "ئەو سەرۆك هۆزانەی پشتیوانی هەسەدە دەكەن كەمن و نوێنەرایەتی ناوچەكانیان ناكەن، بەتایبەت هۆزەكانی جبور و شەمەر و عكێدات و بو شەعبان".

كاتێكی سەرنجڕاكێش

ئەوەی تێبینی دەكرێـت، نامەكەی ئۆجەلان لەكاتێكدایە گفتوگۆكانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورد لە رۆژئاوای كوردستان و دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە قۆناغێكی چەقبەستوودایە، سەبارەت بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10 ی ئاداری ئەمساڵ كە لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە واژۆكرا.

پەیامەكەی ئۆجەلان پێچەوانەی خواستی توركیا و سوریایە، لەكاتێكدا لە 27 ی شوباتی رابردوو داوای چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەی كرد، بەڵام دەیەوێت لە سوریا پشتیوانی هەسەدە بكرێت و هەر چەك بەدەست بێت، هەروەها ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری زیاتر بچەسپێت.

رای پێچەوانەش هەیە

هەرچەندە بەشێك لە سەرۆك هۆزەكان و شێخەكانی عەرەب دژی پەیامەكەی ئۆجەلان وەستاونەتەوە و تەنانەت بەشێكیان بە "ساختە" ناوی دەبەن. بەڵام بەشێك لە سەرۆك هۆز و شێخە عەرەبەكان پشتیوانی پەیامەكەی ئۆجەلان دەكەن، یەكێك لەوانەش "هەفل عەبود جەدعان" ە كە وەك یەكێك لە شێخەكانی هۆزی "عكێدات" لە شاری زیبانی درێرەزور خۆی ناساندووە و دەڵێت "نامەكە زۆر مانا هەڵدەگرێت، بەتایبەت كە باس لە پتەوكردنی پەیوەندیەكانی هەردوو گەلی عەرەب و كورد دەكات".

هەفل لە نامەیەكدا دەشڵێت "ئێمە وەك عەشائیرە عەرەبەكان جەخت لە پەیوەندی و هاوپەیمانی نێوان كورد و عەرەب دەكەینەوە، كە بنەمایەكی مێژوویی و كۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ بنیاتنانی سوریایەكی دیموكرات و ئارام و یەكگرتوو، وە گرنگیشە پشتیوانی هەسەدە بین كە بڕبڕەی پشتی پاراستنی ناوچەكەیە".

لەلایەكی دیكەوە، بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی "هاوار" ی رۆژئاوای كوردستان، نامەكەی ئۆجەلان لەرێگەی لیژنەیەكەوە دەگەیەنرێتە هەموو سەرۆك هۆز و شێخە عەرەبەكانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.

تائێستا ئامارێكی فەرمی ورد نییە سەبارەت بە قەبارەی هۆز و عەشیرەتەكانی سوریا، كە لە پارێزگاكانی حومس، حەما، دێرەزور، رەقە، حەسەكە، سوەیدا و دەرعا و قونەیتەرەن، بەڵام هەڵسەنگاندنەكان باس لەوەدەكەن 25 بۆ 30 هۆز و عەشیرەت هەن.

سوپای رژێمی پێشووی سوریا لەسەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەكانی سوریا لە ساڵی 2011 لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كشایەوە، دواتر و لە ساڵی 2014 هێزە كوردیەكان بەتایبەتیش یەپەگە كە دواتر بووە بەردی بناغەی هەسەدە، چەندین ناوچەیان كۆنترۆڵ كرد، تا لە ساڵی 2015 هەسەدە دامەزرا و بەشێكی زۆری پێكهاتەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریای لەخۆگرت، دواتریش وەك هاوپەیمانی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش ناسرا، هەرچەندە تائێستاش توركیا دژایەتی دەكات و بە درێژكراوەی پەكەكەی ناودەبات، داواش دەكات هاوشێوەی پەكەكە پرۆسەی چەكدانان جێبەجێ بكات، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ئەوە رەتدەكەنەوە.

ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" بەشێكی زۆری كێڵگە نەوتیی و غازیەكانی تێدایە، لەگەڵ ئەوەش بووەتە سەبەتەی خۆراكیی سەرەكیی سوریا.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی