لە بازگەی دێگەڵە رێگریی لە چوونی خۆپیشاندەران دەکرێت بۆ هەولێر
سبەی
هێزێکی ئەمنی لە بازگەی دێگەڵەی سەر رێگای سەرەکی کۆیە- هەولێرـ رێگریی لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت بچنە ناو شاری هەولێر و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بگەیەننە نەتەوەیەکگرتوەکان.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (9ـی شوباتی 2025) ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان لە سنوری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و شارەزور، بە پاس بە رێکەوتن بەرەو شاری هەولێر بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتی فەرمانبەران و مامۆستایان و هەروەها پەیامی مانگرتووەکان بە بارەگای سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە بازگەی دێگەڵە هێزێکی ئەمنیی رێگرییان لێکردن بچنە ناو شاری هەولێرەوە.
مامۆستایان و فەرمانبەران رایانگەیاند: ئامانجی ئەوان تەنها گەیاندنی داواکاریی و ناڕەزایەتییەکانیانە بە بارەگای سەرەکیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێزێکی ئەمنی بە چەکەوە لە نزیک بازگەی دێگەڵە رێگرییان لێدەکەن بچنە ناو شاری هەولێر بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پەیامەکانیان بگەیەنن.
پاریزگاری هەولێر: پێشوازی لەو میوانە رەزا گرانانەن ناکەین
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ و پێشگەیشتنی کاروانی پاسەکانی فەرمانبەران و مامۆستایان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: کەس داوای مۆڵەتی نەکردووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، یاسا روبەڕووی خۆپیشاندانی بێمۆڵەت دەبینەوە.
سەبارەت بە بەڕێککەوتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی بۆ هەولێر بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەبەردەم بارەگای سەرەکیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: هەولێر شارێکی میواندۆستە، بەڵام ئەمڕۆ تاقەتی وەرگرتنی ئەو میوانە رەزا قورسانەمان نییە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد؛ فەرمانبەران و مامۆستایانی هەموو هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام لە کێ لەو لایەنەی کە دەستی بەسەر قووت و مووچەدا گرتووە، کە بەغدایە و سەرچاوەی ئەو زوڵمەیە کە لە فەرمانبەرانی و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران سلێمانی لەبەردەم خێمەی مانگرتوانی سلێمانییەوە بە رێکەوتوون بۆ هەولێر بەمەبەستی گەیاندنی پەیامکی مانگرتوان بە پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ماوەی 13 رۆژە 13 مامۆستا و فەرمانبەر، لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە، بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان کە خۆی دەبینێتەوە لە گرەنتی دابەشکردنی مووچە و دوانەکەوتنی، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو و سوورن لەسەر مانگرتنەکەیان تا داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.