یەکێکیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە .. ژمارەیەک گەنجی کوردستان لە روسیا دەستگیرکراون

#کۆچ#گەنج#روسیا#بیلاڕوسیا#دیپۆرتکردنەوە#ئەشکەنجەدان
4 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ژمارەیەک گەنجی هەرێمی کوردستان لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە روسیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستگیر دەکرێن
  • یەکێک لە گەنجەکان لەژێر ئەشکەنجەی کۆماندۆی لاتیڤیا گیانی لەدەستداوە
  • نوێنەری حکومەتی هەرێم لە روسیا: گەنجەکان لەلایەن کۆماندۆی لاتیڤیاوە نیوەمردوو کرابوون
  • سزاکەیان لەلایەن دادگای روسیاوە قورس نابێت و زۆربەیان دیپۆرت دەکرێنەوە
Primary Asset

کۆچبەران لە سنوری بیلاڕوسیا

سبەی

ژمارەیەک گەنجی هەرێمی کوردستان لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە روسیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستگیر دەکرێن و یەکێکیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەستدەدات و ئەوانی دیکەش بەشێکیان لە زیندانەکاندان و چاوەڕوانی بڕیاری دادگاکان بۆ یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکەیان.

مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، 25 گەنجی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەشتکردن چوونەتە پارێزگای بەسرەی باشوری عێراق و لە کۆنسوڵخانەی روسیا ڤیزایان وەرگرتووە و دواتر لە روسیاوە، خۆیان گەیاندووەتە بیلاڕوسیا و سنورەکانی لاتیڤیا بۆ ئەوەی بچنە ئەوروپا، لە رێگای پەڕینەوە بۆ لاتیڤیا لەلایەن کۆماندۆی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر دراون و یەکێکیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش دیپۆرتی بیلاڕوسیا و روسیا کراونەتەوە.

د.دانەر ئەبوبەکر نوێنەری کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روسیا لەبارەی وردەکاریی روداوەکەوە بە "سبەی" راگەیاند: بەردەوام حاڵەتی لەوشێوەیە روودەدات کە گەنجانی هەرێم دێنە روسیا بەمەبەستی چوون بۆ ئەوروپا و دەستگیردەکرێن و زیندانیی دەکرێن، بەڵام ئەو 25 گەنجە پێکەوە لە بەسرە ڤیزای روسیایان وەرگرتووە و خۆیان گەیاندوەتە ئەو وڵاتە و دواتر چوونەتە سنوری بیلاڕوسیا و لاتیڤیا، لەوێ لەلایەن کۆماندۆی لاتیڤیاوە دەستگیرکراون و بە دڕندانەترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە دراون و سوکایەتیان پێکراوە، بەهۆیەوە کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوانەی دیکەش نیوە مردوو کراون و سنورداشی بیلاڕوسیا کراونەتەوە.

ئاشکرای کرد؛ ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە، خەڵکی ناوچەی قەرەداخی پارێزگای سلێمانی بووە و هەفتەی رابردوو تەرمەکەی گەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، دانەر ئەبوبەکر ووتی :" ئێستا حەوت کەسیان لە زیندانەکانی روسیان و لەژێر لێکۆڵینەوە و دادگایی کردندان، بەشێکیان سزاکەیان داوە کە پێبژاردن بووە، ئەوانەی دیکەش چاوەڕوانی بڕیاری دادگان، بە دڵنیاییەوە سزاکەیان قورس نابێت و دواتر دیپۆرت دەکرێنەوە".

بەوتەی نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێم لە روسیا :"ئەوانەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان دەردەچێت، ئەگەر خۆیان تێچووەکەی بدەن راستەوخۆ دەگەڕێندرێنەوە ئەو شوێنەی لێی هاتوون، ئەوانەی دیکەش لەسەر بودجەی وڵاتەکەی خۆیان دەگەڕێندرێنەوە ئەبێ چاوەڕێ بکەن تا تێچووی گەڕانەوەیان دابین دەکرێت".

نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێم لە روسیا، نەیشاردەوە چەندین دۆسیەی هاوشێوە هەن کە ژمارەکەیان دیارنییە لەماوەی چەند ساڵی رابردووی شەپۆلی کۆچدا لە روسیا و بیلاڕوسیا دەستگیرکراون یان لەو وڵاتانە ماونەتەوە و هێشتا چاوەڕوانی گەیشتنن بە ئەوروپا.

بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان؛ گەنجەکانی هەرێمی کوردستان لە روسیا، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێنراون بەوەی رێگاکە ئاسان و بێمەترسییە و دەیانگەیەننە ئەوروپا، لەکاتێکدا بەهۆی شەڕی روسیا و ئۆکراینا دۆخی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی تێکچووە بەتایبەتی سەر سنورەکانی باری نائاسایی سەربازیی راگەیەندراوە.

ئێستا هەوڵەکان بۆ ئەوەیە لەرێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەو گەنجانە لە زیندانەکانی روسیا ئازادبکرێن و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ناو کەسوکاریان.

دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هەوڵەکان بەردەوامە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەیان دەکرێت، بەڵام بەشێکی رێکارەکانی دادگا و پۆلیس یاسایین و ئەبێ چاوەڕوان بین، تەنانەت باڵیۆزخانەی عێراق لە روسیاش ناتوانێت زۆر دەستوەردان بکات و بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی