زیرەکیی دەستکرد چی کاریگەرییەکی لەسەر کارامەیی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەبێت؟

#زیرەکی دەستکرد#کارامەیی#توانای بیرکردنەوە
4 مانگ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • توێژەرانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و زانکۆی کارنیجی ئەمەریکی، ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستییان بڵاوکردەوە لەسەر کاریگەریی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە کارەکاندا، لەسەر ئاستی کارامەیی بیرکردنەوەی مرۆڤ
  • توێژەران گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بەشێوەیەکی خراپ کاریگەریی نەرێنی دەبێت و کارامەیی و بیرکردنەوەی مرۆڤ لەناو دەبات
Primary Asset

سبەی

توێژەرانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و زانکۆی کارنیجی ئەمەریکی، ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستییان بڵاوکردەوە لەسەر کاریگەریی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە کارەکاندا، لەسەر ئاستی کارامەیی بیرکردنەوەی مرۆڤ، کە تیایدا گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بەشێوەیەکی خراپ کاریگەریی نەرێنی دەبێت و کارامەیی و بیرکردنەوەی مرۆڤ لەناو دەبات.

لە توێژینەوەکەدا بۆیان دەرکەوتووە، ئاستی پشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد لە کاروباری رۆژانەدا، بەجۆرێک کاردانەوەی خراپی دەبێت، کە هەموو هەوڵەکان تەنها بۆ دەستکەوتنی وەڵامەکانە لە زیرەکیی دەستکرد سەبارەت بەکارهێنانی کەرەستەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانیان، لەبری ئەوەی بیربکەنەوە و تاقیکردنەوە بکەن و کارامەیی خۆیان و هۆش و بیریان بەکاربهێنن.

دەرەنجامەکانی ئەو توێژینەوە زانستییەی کۆمپانیا و زانکۆ ئەمەریکییەکە دەریخستووە، دەستکەوتنی وەڵامەکان لە زیرەکیی دەستکرد بە تەنها بەس نییە و پێویستە ئەوانەی لە بوارێکدا کاردەکەن لەسەر رۆتیناتی رۆژانەی خۆیان بەردەوام بن، ئەگەر وانەبێت لە زۆر شت بێبەش دەبن بە تایبەتی لە بەکارهێنانی مێشک و بیرکردنەوەیان و کارامەییان لە کارەکانیان کەمدەبێتەوە و هاوشێوەی رۆبۆتێکیان لێدێت.

لە بەشێکی تری دەرەنجامەکانی توێژینەوەکەدا، توێژەران دەڵێن: ئەگەر بەردەوام پشت بە زیرەکیی دەستکرد ببەستریت لە کۆتاییدا کۆمەڵێک کەسی تەمەڵ و ناکارا دروست دەبن و ناتوانن بەبێ تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد هیچ کێشەیەکی کاروباری رۆژانەیان چارەسەر بکەن.

توێژینەوەکەی مایکرۆسۆفت و کارنیج لەسەر 319 کەس ئەنجامدراوە و زۆرینەیان لایەنی کەم هەفتەی جارێک پشتیان بە زیرەکیی دەستکرد بەستووە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، دواتر داوا لە بەشداران کراوە سێ نموونەی چۆنیەتی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بخەنەڕوو کە بەکاریانهێناوە، لەوانە نوسینی نامەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ هاوڕێیەکیان، گەڕان بە دوای وتار یان توێژینەوەیەکی درێژ لەسەر بابەتێکی پەیوەست بە کارەکانیان، پرس و راوێژکردن لەسەر بابەتێکی دیاریکراوی پەیوەست بەکاروباری رۆژانەیان.

لە کۆتاییدا لیان پرسییون پشت بەستن بە بیرکردنەوە و کارامەیی خۆیان، یان پشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد، کامیان هەوڵ و ماندووبونی زۆرتری ویستووە، 36%ـی بەشداران وتویانە ئەگەر پشتیان بە کارامەیی خۆیان ببەستایە ئەنجامی باشتریان دەستدەکەوت، چونکە زۆجار گومانیان لە وەڵامەکانی چاتبووتی زیرەکیی دەستکرد هەبووە و بە گومانەوە بەکاریانهێناوە.

لە کۆتایی توێژینەوەکەدا، توێژەران گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو کەسانەی پشت بە کارامەیی خۆیان دەبەستن بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەیان متمانەیان زیاتر بە توانا و بیرکردنەوەیان هەیە بەراور بەوانەی پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستن.

دەرەنجامەکان نیشانیانداوە کە بەردەوام پشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد خەڵک بەرەو گەمژەیی و بێوانایی و دەستەپاچەیی دەبات و توانای بیرکردنەوە و داهێنانیان تا ئاستی سفر دادەبەزێنێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی