سبەی
لە وەرزە ساردەکان مرۆڤ زیاتر دۆخی تەندروستی تێکدەچێت، بەڵام بەچەند رێنماییەکی پسپۆڕان دەتوانرێت بەرگریی لەش دژی نەخۆشییە زستانەییەکان زیاتر بکرێت.
سەرەڕای ساردی کەش لە وەرزی زستاندا، بەڵام دەتوانرێت بە چەند چالاکی و رێنماییەک خۆمان بەدووربگرین لە سەرمابوون و نەخۆشبوون بەهۆی کەشە ساردەکانەوە.
کەشوهەوای سارد فشاری زیاتر دەخاتە سەر جەستە و کاریگەری جۆراوجۆری لەسەر سیستەمی لەش دەبێت، وای لێدەکات زیاتر تووشی نەخۆشی ببێت.
محەمەد ئینایەت، پزیشکی گشتی و دامەزرێنەری کۆمپانیای HUM2N، سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەرما لەسەر جەستە دەڵێت: کاتێک پلەکانی گەرما دادەبەزن، جەستە زیاتر کاردەکات بۆ پاراستنی پلەی گەرمی ناوەکی خۆی، ئەوەش دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادبوونی فشار لەسەر سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکان.
وەکو ئەو پزیشكە ئاماژەی پێدەکات لەبەر ئەوەشە کەشوهەوای سارد پەیوەندی راستەوانەی هەیە لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک، بەتایبەتی لە کەسانی پێگەیشتوو یان ئەوانەی کە پێشتر حاڵەتەکانیان هەبووە.
سەرەڕای ئەوانە، سیستمی بەرگریی لەش لە کەشە ساردەکاندا کەمتر کارایە. هۆکاری ئەوەش وەکو محەمەد ئینایەت باسی دەکات، کەمبوونەوەی رێژەی ئاستی ڤایتامین D یە بەهۆی کەمبوونەوەی بەرکەوتن بە تیشكی خۆر و هەڵمژینی هەوای پاک.
پسپۆڕان چەند رێنماییەکی سادە و کاریگەر، پێشکەش دەکەن کە یارمەتیدەرە لە کەشوهەوا ساردەکاندا بۆ دووربوون لە نەخۆشی.
جلوبەرگی کەشە ساردەکان
سەبارەت بە هەڵبژاردنی جلوبەرگی گونجاو لە کەشە ساردەکاندا، محەمەد ئینایەت، پزیشکی گشتی پێشنیاز دەکات کە دووربکەوینەوە لە لەبەرکردنی جل و بەرگی ئەستوور، لەبری ئەوە ئەو جلوبەرگانە لەبەربکرێت کە قوماشی رێکخستنی گەرمییان تێدایە کە یارمەتی پاراستنی گەرمی جەستە دەدات و رێگە بە دەرچوونی شێ دەدات.
ئەو بەشانەی جەستە وەکو، دەست، قاچ و سەر، داپۆشرێن، چونکە هۆکارێکی گرنگن لە رێگەگرتن لە بەفیڕۆچوونی گەرمی جەستە.
شێداری
بەشێکی زۆر لە خەڵکی، لە کەشە ساردەکاندا ئاو کەمتر دەخۆنەوە، بەڵام شێداری جەستە لە کەشە ساردەکاندا هێندەی شێداری جەستە لە وەرزە گەرمەکاندا گرنگە، چونکە هەوای وشك و گەرمی ماڵەوە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و پێست.
خواردنی گەرم
ڤیجای مورتی، دامەزرێنەری کلینیکی هارلی سترییت، دەڵێت: "لە کەشە ساردەکاندا پرۆسەی هەرسکردن خاو دەبێتەوە، ئەوەش وا دەکات خواردنی گەرمی وەک شلە، سوپ و چای زەنجەبیل یارمەتی باشترکردنی هەرس دەدات و هەڵمژینی ماددە خۆراکییەکان ئاسانتر دەکات".
وەرزشکردنی بەردەوام
گرنگە کە لە هەموو کەشەکان و وەرزەکاندا بەردەوامی بە رۆتینی وەرشی بەردەوام بدرێت.
پزیشكان دەڵێن وەزشکردن پەیوەندیی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ بەرگریی جەستەی باشتر و بەهێزتر".
باس لەوەشدەكەن کلیلی تەندروستی باش وەزشی بەردەوامە، بۆیە کەشوهەوا هەرچۆن بوو، سارد یان گەرم، پێویستە بەردەوام بی لە وەرزشکردن.
پاک و خاوێنی
یەکێکی دیکە لە کلیلەکانی دووربوون لە نەخۆشی لە کەشە ساردەکاندا، گرنگیدانە بە پاک و خاوێنی و هۆکاری سەرەکییە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.