عەلی خامەیی، رێبەری باڵای ئێران
سبەی
سیمۆر هێرش، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمەریکی لە ماڵپەڕی تایبەتیی خۆی کاتی دەستپێکردنی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ئاشکرا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی سیمۆر هێرش، کە لە ژمارەیەک بەرپرسی ئیسرائیلی و ئەمەریکی وەریگرتووە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە ئەگەری زۆرەوە، ئەمەریکا بەشێوەیەکی چڕ و بەهێز ئێران بۆردومان دەکات.
بە وتەی خۆی، هێرش بۆ ماوەی دەیان ساڵە زانیاری لەو بەرپرسانە وەردەگرێت. تا رادەیەکی زۆر دڵنیایە لە راستی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەکانی پێی دەدەن.
بەرپرسانی باڵای واشنتن بە هێرش-یان راگەیاندووە، ئەگەر عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، وڵاتەکە جێبهێڵێت و دەستبەرداری ئێران ببێت، بارودۆخەکە سەقامگیر دەبێت.
جگە لە کوشتنی، هیچ کەسێک پلانێکی واقعی نییە بۆ دوورخستنەوەی خامنەیی لە دەسەڵات. هەرچەندە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا زۆر قسە لەسەر گورزی سەربازی دەکەن دژ ئێران، بەڵام ئەوەیان لەبەرچاو نییە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسایەتییەکی خۆشەویستی ئاینی دەکەن لە ملیۆنان شوێنەکەوتەی دڵسۆزی هەیە.
دەنگۆی کوشتنی خامنەیی
شەوی رابردوو (19ـی حوزەیرانی 2025) دیمەنی بۆردومانێکی قورسی ئیسرائیل لە تارانی پایتەختی ئێران بڵاوکرایەوە، بەشێک لە ئیسرائیلیەکان لە سۆشیال میدیا دەڵێن "ماڵی کەسایەتیەکی باڵا بۆردومان کراوە"، دواتر دەنگۆی کوژرانی عەلی خامنەیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.
ترەمپ: خامنەیی ئامانجێکی ئاسانە
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رەتیکردەوە کە هیچ پلانێک هەبوبێت بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و رایگەیاند: ئەو ئامانجێکی ئاسانە، بەڵام نایانەوێت بیکەن، داواشیکرد بەبێ مەرج بە داواکارییەکانی ئەمەریکا بۆ دانوستان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەوە رازی بێت.
ترەمپ رێگەی نەداوە ئیسرائیل خامنەیی بکوژێت
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە کە عەلی خامنەیی، رابەری ئێران ناوی لەناو ئەو لیستەدا بووە کە ئیسرائیل هەوڵی داوە لە هێرشەکەی رۆژی هەینی رابردوو بۆ سەر ئێران بیکوژێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی نەبووە ناوبراو بکوژرێت.
ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی خامنەیی کرد
دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل هۆشداریی دەدەن لە فراوانترکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران، تەنانەت روخانی دەسەڵات و بە ئامانجگرتنى عەلى خامنەیی.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی بەپشتبەستن بە سەرچاوەیەکی دیکەی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەگەر تاران بەردەوامبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر هاوڵاتییانی سڤیل، سوپای ئیسرائیل بیر لە بەئامانجگرتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکاتەوە، هەروەها کار دەکەن بۆ روخانی حکومەتی تاران.