سبەی
وەزیری بەرگری ئیسرائیل کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی فەلەستینی سەر بە سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی راگەیاند.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: لەناو ماڵەکەی خۆی لە باڵەخانەیەکی تارانی پایتەخت سەعید ئیزادی فەرماندەی فەیلەقی فەلەستینی سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و کوشتویانە.
وەزیری بەرگری رایگەیاند: ئیزادی بەرپرسی پاڵپشتی و چەکدارکردنی حەماس بووە بۆ ئامادەکاریی کۆمەڵکوژییەکی حەوتی ئۆکتۆبەر.
ئاماژەی بەوەشکردووە: کوشتنی ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران، دەستکەوتێکی گەورەی هەواڵگری و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلە، دادپەروەرییە بۆ کوژراو و رفێنداروەکان، دەستی ئیسرائیل دەگاتە هەموو دوژمنەکانی.
شەوی رابردوو، فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێ بوون لە ناوەڕاستی تارانی پایتەخت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە ئامانجی هێرشەکەی ئیسرائیل بەرپرسێکی باڵای تاران بووە.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە؛ ئامانجی هێرشەکە زانایەکی ئەتۆمی ئێران بووە، لەبەرامبەردا کەناڵی ئینتەرناشناڵ بڵاوی کردەوە: ئەو باڵەخانەیەی کراوەتە ئامانج کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێ بوونی بەسیجە کە سەر بە فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران.
لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رۆژی هەینی رابردووەوە، زیاتر لە 20 بەرپرسی پلەباڵای سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای ئێران کوژراون، سەرەڕای نۆ زانای ئەتۆمی و ژمارەیەکی زۆر سەکۆی هەڵدانی موشەک و ژێرخانی سەربازیی و ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران.