سبەی
ترس لە کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە لەرێگەى رێککەوتنێکى هاوشێوەى سایکس بیکۆ و ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، ترسی لاى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا دروستکردووە، لەگەڵ بەردەوامى شەڕى ئیسرائیل و ئێران.
ئەمڕۆ شەممە 21ی حوزەیرانی 2025 لە میانی 51ەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ئیستانبوڵ، ئەردۆغان بە جەختکردنەوە لەوەی کە ئیسرائیل بە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتانی هاوسێی ناتوانێت ئاسایشی خۆی فەراهەم بکات، وتى: "بەرە بەرە دەبینێت کە وای بۆ ناچێتە سەر. بانگەشەکردنی ئیسرائیل بۆ ئەوەی کە بە دەستە خوێناوییەکانی سیستەمی ناوچەکە دادەڕێژێتەوە، دەرخەری ئەوەیە گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە چ تاریکییەکدا دەژین".
وتیشى "وەک تورکیا بە پێداگیرییەوە جەخت لەوە دەکەینەوە ڕێگە نادەین بە کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە بە خوێن و دووبارەکردنەوەی سایکس بیکۆیەکی دیکە".
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کە لەم دوو ساڵەی دواییدا ئیسرائیل بە پشتیوانی خۆرئاوا بەردەوامە لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و کوشتنی خەڵکی مەدەنی، دەڵێت: "ئیسرائیل جگە لە غەززە، لوبنان، یەمەن و سوریایشی بە ئامانج گرت. ئێستاش دەوڵەتی تیرۆری ئیسرائیل ئێران'ی هاوسێمان بە ئامانج دەگرێت".
هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکومەتی ناتانیاهۆ سەلماندی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم هێنانەدی ئاشتی لە ناوچەکە، دەڵێت: "ئەوەی ئیسرائیل دەیکات چەتەیییە. ئیسرائیل هەوڵ دەدات شەڕ تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە. تاکە ئامانجی ناتانیاهۆش ئەوەیە وەک هیتلەر جیهان پەلکێشی کارەساتێکی گەورە بکات".
ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە دەسپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کاتێکدا دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی بەردەوام بوون، جێی سەرنجە، داوا لە جیهانی ئیسلامی دەکات یەکڕیز و هاوهەڵوێست بێت و جەختیش لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان دەکاتەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە.
ئەو قسانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت چەندین جارە گەورە بەرپرسان، شرۆڤەکارانی سیاسی و میدیای ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات جەخت لەوە دەکەنەوە دوای ئێران، نۆرەی تورکیا دێت و ئامانجی ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و یەکگرتنەوەی هەر چوار پارچەی کوردستانە.
24 ڕۆژ لەمەوبەر و بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران “سبەی” لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بەوە دابوو کە هەڵوەشاندنەوەى سایکس بیکۆ و نەخشەکێشانەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تورکیا دەترسێنێت.
ئۆجەلان و ئەمەریکا چی لەبارەی سایکس بیکۆ دەڵێن؟
تا دێت ترسەکانی تورکیا زیاتر دەبن لە نزیکبوونەوەی کورد و ئیسرائیل و وڵاتانی خۆرئاوا و ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ بۆ دابەشکردنى کوردستان، ئەوەش دواى ئەوەى عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گەورەبەرپرسێکی ئەمەریکا ئەو پرسەیان وروژاند.
لە کاتێکدا ئەو شکستە گەورەیەی بەرەی مقاوەمە بە سەرکردایەتی ئێران لەسەر دەستی ئیسرائیل توشی بوو، تورکیای ناچار کرد جارێکی دیکە لە دەرگای ئۆجەلان بداتەوە بۆ دەستپێکردن بە قۆناغێکی نوێ بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، بەڵام ئێستا نزیکبوونەوەی ئیسرائیل لە کورد وەک گەورەترین هەڕەشە دەزانێت بۆ سەر خۆی.
ئێستا هەواڵی گەرمی میدیاکانی تورکیا بووەتە سەرلەنوێ نەخشەکێشانەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ کە ئەنجامەکەی دابەشکردنی کوردستان بوو بەسەر چوار دەوڵەتدا. ئەمەش دوای ئەوەی دێت تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا دانی بەوەدا نا کە ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ هەڵە بووە، چوار مانگ پێش ئەوەش، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە دابوو کە کێشەکانی سوریا و خۆرئاوای کوردستان بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ چارەسەر دەکرێن.
ترسی تورکیا لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەدەن کە وێڕای ئەوەی پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری داوە، بەڵام بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) جێی سەرنجن کە هەر ئەو ڕۆژەی تۆم باراک ئەو قسانەی کرد، ڕایگەیاند: "ئەنجامدانی کۆنگرەی پەکەکە لە کاتێکدایە لە جەنگی جیهانیی سێیەم نزیک دەبینەوە. هێزە سەرمایەداری و ئیمپریالیستەکان لە قەیرانێکی قوڵدان و سیستەم شڵەژاوە و لە پرۆسەی خۆنوێکردنەوەدایە. لەو میانەیەیشدا ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل گرنگی بە کورد دەدەن. ئەمەش دەوڵەتی تورکیای تۆقاندووە".
بەسێ هۆزات ئاماژەی بەوەدا کە هەر ئەو ترسەش وای لە دەوڵەتی تورکیا کرد جارێکی دیکە لە دەرگای ئۆجەلان بداتەوە لە ئیمڕاڵی و بەم جۆرەیش قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کردووە و وتی: "بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە تەنیا بە ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبن بە کردەیی. تەنیا ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت چەک لە دەستی جەنگەوەران وەربگرێت".
میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات لە تورکیا ئەم وتانەی بەسێ هۆزات بە “مەترسیدار” دەزانن بۆ لەباربردنی ئەم پرۆسە نوێیەی لە تورکیا دەستی پێ کردووە، لە کاتێکدا خۆیان بە زمانێکی "زبر" باس لە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری پەکەکە دەکەن و بە جۆرێک باس لەو پرۆسەیە دەکەن وەک بڵێی پەکەکە ناچار بووبێت چۆکدا بدات بەرامبەر سوپای تورکیا و هێرشەکانی تورکیاش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە باشوری کوردستان بەردەوامن.
ئەمەش لە کاتێکدایە وەک ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەم پرۆسە نوێیە، چاودێران بە پێویستى دەزانن پێویستە میدیاکان و گەورەبەرپرسانی تورکیا لەو زمانە زبر و ژەهراوییە دوور بکەونەوە و تورکیا هێرشەکانی ڕابگرێت.
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا 25ی ئایاری 2025 دانی بەوەدا نا کە ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ هەڵە بوو و بە گران لەسەر خەڵک شکایەوە و جارێکی دیکە ئەمەریکا هەڵەی وا دووبارە ناکەتەوە.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج ئەوەیە چوار مانگ بەر لەوەی ئەو گەورە بەرپرسەی ئەمەریکا وا بڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە دا کە کێشەکانی سوریا و خۆرئاوای کوردستان بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ چارەسەر دەکرێن.
تۆم باراک بە ئاماژەدان بەوەی خۆرئاوا سەدەیەک لەمەوبەر نەخشەی نوێ، ئیدارەی داگیرکاری، سنوری دەستکرد و ئیدارەی بیانی بەسەر خەڵکدا سەپاند، گوتی: "سایکس بیکۆ لەپێناو بەرژەوەندی ئیمپریالیزم نەک خەڵک، سوریا و ناوچەیەکی فراونتری دابەش کرد. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی نەوە دوای نەوە باجەکەی بدەن. جارێکی دیکە ئەم هەڵەیە دووبارە ناکەینەوە".
تۆم باراک سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە سەردەمی دەستوەردانی خۆرئاوا کۆتایی هاتووە و وتی: "داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و هاوبەشی و دیپلۆماسییەتە لەسەر بنەمای ڕێزلێکگترن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا تشرینی یەکەمی 2024 ڕایگەیاند: "چاوناپۆشین لەوەی جارێکی دیکە ناوچەکە بە دابەشکاری سایکس بیکۆ بەش بەش بکرێت".
میدیاکانی تورکیا بە خوێندنەوە بۆ لێدوانەکانی ئۆجەلان و تۆم باراک و بەسێ هۆزات و چەندین جار ئاماژەدان بە پشتیوانیکردن لە کورد لە لایەن گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل، ئاماژە بەوە دەدەن لەوانەیە جارێکی دیکە نەخشەی ناوچەکە بکشێرێتەوە و پڕشکی ئەو ئاگرە بەر تورکیایش بکەوێت و تورکیایش دابەش ببێت.
ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ
ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ، ڕێککەوتننامەیەکی نهێنی بوو بە مەبەستی دابەشکردنی خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕێککەوتننامەکە لە 16ی ئایاری 1916 لە نێوان ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و فەڕەنسا واژووی لەسەر کرا و دواتر ڕووسیاش بەشداری تێدا کرد.
دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و هاتنە سەر تەختی حکومەتی سۆڤیەت لە 1917، ڕووسیا ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامە نهێنییەکەی ئاشکرا کرد.
لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتننامەیەدا ئەو بەشەی کوردستان کە کەوتبووە ژێر دەستی عوسمانییەکان درا بە ڕووسیا و فەڕەنسا، بەڵام دوای کشانەوەی هێزی ئەو وڵاتانە، ئەم بەشەی کوردستان بەسەر تورکیا، عێراق و سوریادا دابەش کرا.