فرۆکەی شەبەحی ئەمەریکی "B-2"
سبەی
میدیاكانی ئەمەریكا ئاشكرایانكردووە، بەپێی داتاكانی هاتوچۆی ئاسمانیی و گفتوگۆ لەگەڵ چاودێرانی جوڵەی ئاسمانیی، شەش فڕۆكەی "شەبەح" جۆری "B-2 " ی ئەمەریكی لە بنكەی وایتمانی ئاسمانیی لە ویلایەتی "میزۆری" یەوە بەرەو بنكەی ئاسمانیی ئەمەریكا لە دورگەی "گوام" لە زەریای هێمن بەڕێكەوتووە.
بەپێی هەواڵی "فۆكس نیوز" ی ئەمەریكی، فڕۆكەی "B-2 " یاخود "شەبەح" ی ئەمەریكی دەتوانێت بۆمبی دژە پەناگە هەڵبگرێت كە كێشەكەی دوو تۆنە و تەنها ئەمەریكا خاوەنیەتی.
پسپۆڕانی سەربازیی پێیان وایە تەنها ئەو چەكە دەتوانێت وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران كە لە قوڵاییی زەویدان بە ئامانج بگرێت و لەناوی ببات، لەوانەش بنكەی "فۆردۆ" ی ئەتۆمیی كە دەكەوێتە باشوری تارانی پایتەختەوە و پێدەچێت سەدان مەتر لەژێر زەویدا بێت.
ئەو گۆڕانكارییە لەكاتێكدایە، ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تادێت زیاتر دەبن، چاودێرانیش چاودێری هەڵوێستی ئەمەریكا دەكەن كە ئاخۆ راستەوخۆ بەشدار دەبێت لە شەڕی ئیسرائیل دژ بە ئێران یاخود نا.
تائێستا هیچ بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لەبارەی ناردنی ئەو جۆرە فڕۆكەیە بۆ بنكەی ئەمەریكا لە زەریای هێمن روونكردنەوەی نەداوە، كە ئایا ئامانج لە ناردنی بۆ چییە و چی ئەركێك جێبەجێ دەكات.
وێستگەی "فۆردۆ" بووەتە خاڵی ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەكەوێتە قوڵایی شاخەكانی شاری قوم لە باشوری تاران، لە ساڵی 2009 ەوە شوێنەكە ئاشكرابووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناو قوڵایی شاخ دا دروستكراوە بە ئامانجگرتن و لەناوبردنی قورسە.
بەوتەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، "فۆردۆ" زیاتر لە هەزار ئامێری "سەنتەرفیوژ" ی تێدایە كە بەكاردێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، كە ئاستەكەی نزیكە لەوەی پێویستە بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمیی.
ئیسرائیل بەمدواییە زنجیرەیەك هێرشی بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەنجامدا و زیانی پێگەیاندن، بەشێكیشیانی لەكارخستووە، بەڵام لەكارخستنی "فۆردۆ" بە چەكی كلاسیكی ئەستەمە، چونكە تەنها ئەمەریكا ئەو چەكەی هەیە كە دەتوانێت بگاتە قوڵایی بنكەكە.