ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازیی
سبەی
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایانگەیاند، ڕۆژی پێنجشەمە لە بەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە ناڕەزایەتی دەست پێ دەكەنەوە.
بڕیارەكەی 28 ی ئایاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە كێشەی مووچەی هێنایەوە خاڵی سەرەتا، ئەوەش دوای چوار مانگ لە ناردنی مووچە بەپێی رێككەوتنێكی نێوان هەرێم و بەغداد لە سەرەتای ئەمساڵدا.
لەگەڵ سەرهەڵدانی كێشەكە گروپێك لە فەرمانبەران و مامۆستایای ناڕازیی، لە چەند هەفتەی رابردوودا دوو سكاڵایان لەسەر بەرپرسانی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆماركرد، بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە بِڕیار بدات، بەڵام دانیشتنەكە نەكرا و نۆ ئەندامی دادگاكەش دەستیان لەكاركێشایەوە، ئێستاش حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان یەكتر بە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمەتبار دەكەن، لەكاتێكدا فەرمانبەران و مووچەخۆران هێشتا چاوەڕێی مووچەی مانگی پێنج دەكەن و مانگی شەشیش كۆتاییەكەیەتی.
لە سلێمانی و بەشێك لە شار و شارۆچكەكان دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران بەرزبووەتەوە، زۆرێك لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەكان بایكۆتیان دەستپێكردووە.
ئیوارەی ئەمڕۆش لە باخی گشتیی شاری سلێمانی، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، دواین هەڵوێستی خۆیان لەسەر دواكەوتنی مووچەكانیان ڕاگەیاند.
نەجمەدین محەمەد، مامۆستای ناڕازی لە كۆنگرەكەدا وتی: "ئێمە وەك مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی بڕیارمان داوە دیواری بێدەنگی بشكێنین و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دەست پێ بكەینەوە، بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری خەڵك و نەبوونی مووچە كارەساتی بەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییاندا هێناوە، بێدەنگی زیاتر دەبێتە هۆی كارەساتی گەورەتر و پڕ ئازارتر".
وتیشی: "داواكارین لە هەمووان بەگیانێكی بەرپرسیاریەتی لەگەڵ خەڵكی برسیكراو بێنە مەیدان و واز لە قسەی سەر شاشەكان بێنن، بۆ دروستكردنی فشار بۆ سەر دەسەڵات بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران یان ناوی فەرمانبەران بنێرن بۆ بەغداد بۆ تەوتینكردنی مووچەكانیان و چیتر مووچەی خەڵكی نەكەنە كارتی سیاسیی و برسیكردنی خەڵك".
" دواكارین لە مامۆستایان، فەرمانبەران و خانەنیشینان سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگا، ڕۆژی پێنچشەمە كاتژمێر 10ی بەیانی بەشداری لە خۆپیشاندانی بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانیدا بكەن". نەجمەدین محەمەد وای وت.