ترەمپ لەلایەن پاكستانەوە بۆ خەڵاتی نۆبڵ كاندید دەكرێت

#ئەمەریکا#نۆبڵ#پاکستان
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • پاكستان رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دیدێكی ستراتیژی گەورەی پیشانداوە لەمیانی مامەڵەكردنی دیپلۆماسی لەگەڵ هەریەك لە ئیسلام ئاباد و نیودەلهی، ئەمەش وایكردووە ئەو دۆخە ئارام ببێتەوە كە بەخێرایی بەرەو تێكچوون دەچوو، ئەو دەستێوەردانەش شایەتییەكە بۆ رۆڵی وەك دروستكەری ئاشتی راستەقینە".
Primary Asset

دۆناڵد ترەمپ

سبەی

پاكستان رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كاندید دەكەن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، كە ئەوەش خواستی ترەمپە، ئەوەش بەهۆی هاوكاریكردنی لە رێگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هیندستان و پاكستان.

پاكستان رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دیدێكی ستراتیژی گەورەی پیشانداوە لەمیانی مامەڵەكردنی دیپلۆماسی لەگەڵ هەریەك لە ئیسلام ئاباد و نیودەلهی، ئەمەش وایكردووە ئەو دۆخە ئارام ببێتەوە كە بەخێرایی بەرەو تێكچوون دەچوو، ئەو دەستێوەردانەش شایەتییەكە بۆ رۆڵی وەك دروستكەری ئاشتی راستەقینە".

كاندیكردنی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن پاكستانەوە بۆ خەڵاتی نۆبڵ، دوای دیداری عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاكستان دێت لەسەر خوانێك لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئەمەش یەكەمجارە فەرماندەی سوپای پاكستان بانگهێشتی كۆشكی سپی بكرێت، لەوكاتەوەی حكومەتێكی مەدەنی لە پاكستان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ترەمپ بەشێوەیەكی كتوپڕ ئاگربەستی لەنێوان هیندستان و پاكستان راگەیاند، دوای ئەوەی گرژییەكانی نێوانیان چوار رۆژ بەردەوام بوو چەند بۆردومان و پێكدادانێكیشی لێكەوتەوە، ئەمەش مەترسی پێكدادانی ئەو دوو وڵاتە خاوەن چەكی ئەتۆمییەی رەواندەوە.

لەوكاتەوە ترەمپ چەندین جار ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە رێگری لە جەنگێكی ئەتۆمیی كردووە، ملیۆنان رۆحی لە مردن رزگاركردووە، گلەیی ئەوەشی كردووە كە بۆچی بۆ خەڵاتی نۆبڵ كاندید نەكراوە.

پاكستان پەسنی ئەوە دەكات كە بەهۆی دەستێوەردانی ئەمەریكاوە كۆتایی بە شەڕ هاتووە، بەڵام هیندستان پێی وایە رێككەوتنێكی دوولایەنەی نێوان هەردوو سوپا بووە.

جێی ئاماژەیە، حكومەتەكان دەتوانن كەسێك كاندید بكەن بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، بەڵام مەرج نییە بە كاندیدكردنی لەلایەن حكومەتەكانەوە كەسێك ئەو خەڵاتەی پێبدرێت.

خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی 1968 ەوە دابەش دەكرێت، بیرۆكەی خەڵاتەكەش زانای سویدی "ئەلفرێد نۆبڵ" بوو كە ساڵی 1896 كۆچی دواییكرد.

خەڵاتەكە لە بڕوانامەیەك و مەدالیایەكی ئاڵتون پێكدێت، لەگەڵ پاداشتێكی دارایی كە دەگاتە ملیۆنێك و 100 هەزار دۆلار.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی