پژاک هەڵوێستى خۆى لەسەر چەکدانان و شەڕى ئیسرائیل و ئێران راگەیاند

#پژاک#ئێران#ئیسرائیل#تورکیا
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی گشتیی پژاک ڕایگەیاند: "ئێمە هەرگیز هێرشمان بۆ سەر تورکیا ئەنجام نەداوە و شتی واش ناکەین. دەمانەوێت پەیوەندییەکی ئاسایی و ئاشتیخوازانەمان هەبێت لەگەڵ تورکیا".
Primary Asset

سبەی

پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پژاک) جەختدەکاتەوە، بڕیارى پەکەکە بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان ئەوان ناگرێتەوە و بەشێکیش نین لەشەڕى ئێستاى ئیسرائیل و ئێران.

ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی گشتیی پژاک بە بی بی سی تورکی راگەیاند، ئەوان بە تەواوی پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەن لە تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستی پێ کردووە، "بەڵام ئێمە وەک پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدادانمان نەداوە، چونکە لە ئێران زەمینەیەکی لەم جۆرە نەڕەخساوە و بە توندترین شێوە گەلی کورد سەرکەوت دەکرێت".

کەریمی سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەوان هەمیشە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کورددا بوون بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، بەڵام سیاسەتی سەرکوتکەری ڕژێمی ئێران ئەوانی ناچار بە خەباتی چەکداری کردووە.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات کە سەرخستنی پرۆسەکە، پێویستی بە گەیشتن بە ڕێککەوتنە و دەڵێت: "پەکەکە بۆ ئەمە جیدیە، بەڵام هەمان جیدیەت لە تورکیا نابینین و هەنگاونانی کردەیی بۆ ئەم مەبەستە نەناوە". 

هەرچەند تورکیا پژاک بە باڵی ئێرانی پەکەکە لە قەڵەم دەدات و بە پێویستی دەزانێت ئەویش و یەپەگەش هاوشێوەی پەکەکە بڕیار بدەن خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەک دابنێن، بەڵام پژاک ڕەتی دەکاتەوە بەشێک بێت لە پەکەکە.

ئەمیر کەریمی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەوان هەرگیز هێرشیان بۆ سەر تورکیا ئەنجام نەداوە، دەڵێت: "پێشتر تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەرمان. دەمانەوێت پەیوەندییەکی ئاسایی و ئاشتیخوازانەمان هەبێت لەگەڵ تورکیا".

گەلی کورد بەشێک نییە لەو شەڕە

ئەمیر کەریمی سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی ئەو شەڕەی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڵگیرساوە شەڕی ئەوان و گەلی کورد نییە و ئەوان لایەنێک نین لە شەڕەکە.

ئەمیر کەریمی بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی هەرچەند ئێران چەندین جار ئەو ئاگربەستەی پێشێل کردووە کە لە 2011ەوە واژوویان لەسەر کردووە، بەڵام ئەوان پابەندن بە ئاگربەستەکە و دەڵێت: "شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، شەڕی ئێمە و گەلی ئێمە نییە و لایەنێکی شەڕەکە نین".

پژاک خۆسەری ڕانەگەیاندووە

ئەو گەورە بەرپرسەی پژاک جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکاندان بە ڕێگاچارەی دیموکراتی و دەڵێت: "بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی بۆ سەر گەلەکەمان دروست بێت، بەرگری لە خۆمان و گەلەکەمان دەکەین".

سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی پژاکیش کە لە 14ی حوزەیران و ڕۆژێک دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتبوو: "داواتان لە سەرجەم گەلان دەکەین خۆیان ئامادە بکەن بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیموکرات کە خۆی خۆی بەڕێوە ببات"، کەریمی ڕەتی دەکاتەوە کە ئەمە ڕاگەیاندنی خۆسەری بێت.

نابێت کەس بەو شەڕە دڵخۆش بێت

هاوسەرۆکی گشتیی پژاک دەڵێت: "لەو راگەیەندراوەکەدا خۆسەریمان ڕانەگەیاندووە. بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین و شێوازی بەڕێوەبردن ڕەواترین مافی گەلە. مەبەست لەو ڕاگەیەندراوە ئەوەیە کە گەلەکەمان بەبێ ئەوەی چاوەڕوانییەکی لە دەوڵەت هەبێت لەو دۆخە ناهەموارەدا خۆی کارەکانی خۆی بەڕێوە ببات و لیژنەی جیاواز پێک بهێنێت".

رەتیشیدەکاتەوە کە ئەوان خۆشحاڵ بن بەو شەڕەی هەڵگیرساوە و باس لەوە دەکات ئەوان لە هەموو کەس زیاتر لەوە تێ دەگەن کە شەڕ چ کاریگەرییەکی خراپ جێ دەهێڵێت.

ناوبراو ڕەخنە لەو بەرە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییە دەگرێت کە دڵخۆشن بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەڵێت: "شەڕ ئازادی و دیموکراسی لەگەڵ خۆی ناهێنێت".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی