چیرۆکى ناتەنیاهۆ و ئێران؛ لە گرژییەوە بۆ جەنگ

#بنیامین ناتەنیاهۆ#ئێران
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

ناتەنیاهۆ بە هێرشەکەى سەر ئێران، دواجار ئەو پلانەى جێبەجێکرد کە دەیان ساڵ بوو نەخشەى بۆ کێشابوو

سبەى

زیاتر لە سێ دەیەیە بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەرکەوتنى لە گۆڕەپانى سیاسی لەسەر نیگەرانییەکانی ئەمنی ناوچەکە بنیات ناوە، لە پێش هەموویانەوە ترس لەوەی هەر دەوڵەتێک لەناوچەکە چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.

ناتەنیاهۆ بە هێرشەکەى سەر ئێران، دواجار ئەو پلانەى جێبەجێکرد کە دەیان ساڵ بوو نەخشەى بۆ کێشابوو.

شوێنێک لە ژێر خۆردا

مكان تحت الشمس”.. فلسفة نتنياهو السياسية – Syria Files

لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە، ناتەنیاهۆ لە کتێبی "شوێنێک لە ژێر خۆر"دا دیدگای خۆی بۆ مانەوەی دەوڵەتەکەى لە ژینگەیەکى پڕ لە ئاڵۆزیدا خستووەتەڕوو. ناوبراو باسی لە دووانەی شەڕی ئاسایی و ناتەقلیدی دەکات لەگەڵ کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی یەکلاکردنەوەی سیاسی و سنووری هەژموونی ئەمنی ئیسرائیل و هەڵوێستی بەرامبەر ئێران، عێراق، سوریا، یان لیبیا.

ناتەنیاهۆ پێی وایە بوونى چەکی ئەتۆمی لەلایەن هەر دەوڵەتێکی ناوچەییەوە بە مانای سەرهەڵدانی دەوڵەتێک دیکەى ئەتۆمى دێت لەناوچەکە و بەهۆیەوە تەلئەبیب ناتوانێت هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکى ئەتۆمی بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی دەوڵەتە عەرەبییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

هەروەها بە تایبەتی ئاماژە بە مەترسی ڕەهەندی ئایدۆلۆژی ئێران دەکات وەک دەوڵەتێکی ئیسلامی، کە ئەگەری بەکارهێنانی ڕاستەقینەی چەکی ئەتۆمی دژ بە ئیسرائیل  و چالاکییە سەربازییەکان لە دژی ئیسرائیل زیاد دەکات لەلایەن ئەو کەسانەی کە لە ژێر کاریگەری تاراندان.

لە کاتێکدا یەکێتی سۆڤیەت ئاستی ئەو پەرەسەندنەی کۆنترۆڵکردبوو کە یەکێک لە هاوپەیمانەکانی بەشداریی تێدا کردبوو، داڕمان و هەڵوەشاندنەوەی مەترسییەکانی پەرەسەندنی کۆنترۆڵنەکراوی نێوان ئیسرائیل و هەر دەوڵەتێکی ناوچەیی کە ڕەنگە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت زیاتر کردبوو، بە وتەی نەتانیاهۆ.

بەم پێیە، ناتەنیاهۆ هەڕەشەی ئەتۆمی لە سەرووی لیستی ئەو هەڕەشانەوە کە ڕووبەڕووی تەلئەبیب دەبێتەوە، دادەنێت. لە کتێبەکەیدا داوای خستنەگەڕی جۆرەها فشار دەکات بۆ ئەوەی هیچ کام لە نەیارانی ئیسرائیل نەتوانن ئەو جۆرە چەکانەیان هەبێت، بۆردومانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی عێراق وەک نموونەیەک دەهێنێتەوە کە پێویستە لە هەر بارودۆخێکی هاوشێوەی ناوچەییدا وەربگیرێت.

هەروەها جەخت لەسەر پێویستی دەستبەردارنەبوون لە کۆنترۆڵی ئەمنی بەسەر بەرزاییەکانی کەناری خۆرئاوا دەکاتەوە.

ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەروەری سیاسی فەلەستین بەسەر کەناری خۆرئاوا سەروەری ئەمنی بەسەر ناوچەکەدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەمەش ئیسرائیل لە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ئەگەری هێرشی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتەوە بێبەش دەبێت، لەگەڵ لاوازکردنی چانسی بەرگرییەکی سەرکەوتوو دوور لە دڵی ئیسرائیل، کە تەلئەبیب و دەوروبەری دەگرێتەوە.

هۆشداریى بەردەوام

Middle East Iran Nuclear

ناتەنیاهۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانى کردە پایەی سەرەکیی کارنامەی سیاسی خۆی و چەندین جار هۆشدارییدا لە نزیکبوونەوەی ئێران لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی. لە ساڵی 1992 لە وتارێکدا بۆ کنێست هۆشداریدا کە ئێران سێ بۆ پێنج ساڵ لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دوورە و داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کرد بۆ ئەوەی ئەم هەڕەشەیە "لە ڕەگەوە هەڵبکەنن".

ئەم جۆرە قسەکردنەى ناتەنیاهۆ تا وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیران لە ساڵی ١٩٩٦ بەردەوام بوو، کاتێک لە وتاری دەستبەکاربوونیدا لە کنێست ئاشتی پێشکەش بە فەلەستینییەکان کرد لە بەرامبەر "زۆرترین ئاسایش بۆ ئیسرائیل".

هەر لەو ساڵەدا لە ئەمەریکا وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران زۆر نزیکە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و ئەمەش دەتوانێت لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ساڵی 2002 لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ لیژنەیەکی کۆنگرێسی ئەمەریکا، نەتانیاهۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەردوو عێراق و ئێران لە پێشبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، داوای لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق کرد. ئەمەش لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕوویدا.

ساڵی 2009 بروسکەیەکى وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە لەلایەن ویکلیکسەوە بڵاوکرایەوە ئاشکرایکرد کە ناتەنیاهۆ بە ئەندامانی کۆنگرێسی وتووە ئێران تەنیا ساڵێک یان دوو ساڵى ماوە بۆ گەیشتن بە چەکى ئەتۆمی.

لە ساڵی ٢٠١٢دا، لەکۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتەنیاهۆ وێنەیەکى کاریکاتێرى نمایشکرد و بانگەشى ئەوەیکرد کە "لە بەهار یان هاوینی داهاتوو پیتاندنی یۆرانیۆم لەئێران تەواو دەبێت و دەچنە قۆناغی کۆتایی".

پلانی هێرشی پێشوەختە

ناتەنیاهۆ لە ماوەی ساڵانی خزمەتکردنی حکومەتدا، هەوڵێکی بەرچاویدا بۆ گۆڕینی شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە گوتاری سیاسی و میدیاییەوە بۆ کردەی سەربازی.

راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز لە بەرواری ٤ی ئەیلولی ٢٠١٩، بە پشتبەستن بە چەندین ڕاپۆرتی میدیا و هەواڵگری، "مێژووی نهێنی" هەوڵەکانی بۆ هاندانی لێدان لە ئێران خستووەتەڕوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هیواکانی نەتانیاهۆ بەهۆی نەبوونی پشتیوانى باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بۆ پاڵپشتیکردنی لەم هەوڵەدا لەسەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2009 تێکچووە.

لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکادا، نەتانیاهۆ پاڵپشتی هەنگاوی سەربازی تاکلایەنە کرد لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. بەڵام سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە نەتانیاهۆ لە ساڵی ٢٠١٠دا ئەنجامیدا، دژی ئەو بیرۆکەیە وەستانەوە.

ئاڕاستەى پێچەوانەى ئۆباما

.Mideast Iran Nuclear

هەڵوێستەکەى ناتەنیاهۆ، بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بووەتە هۆى هاندانی ئۆباما بۆ هەنگاونان بە ئاراستەی پێچەوانەدا: بەشداریکردن لە دانوستانی نهێنی لەگەڵ ئێران، بە ناوبژیوانی عومان، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە سروشتی ئاشتیانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بپارێزێت.

ئەمەش ئیسرائیلی تووشی شۆک کرد کاتێک لە ساڵی ٢٠١٢دا ئەو ئەو پرسە ئاشکرابوو، ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ئیسرائیلەوە گواستییەوە "ناتەنیاهۆ بە پێچەوانەی ئەوەی ویستبووی بەدەستی هێنا و بەشداریی لە لەدایکبوونی ئەو ڕێککەوتنە کرد کە دواتر شەڕی لە دژی کرد".

هاوینی ساڵی ٢٠١٢ مانگە دەستکردەکانى ئەمەریکا جوڵەی نائاسایی  فڕۆکە ئیسرائیلییەکانیان دەستنیشان کرد و نیگەرانی دروستکرد کە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی لەناکاو لە ئارادایە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئیدارەی ئۆباما فشارە دیپلۆماسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر بکاتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە هێرشێکی لەو شێوەیە بپارێزێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و نیگەرانییەکان لەوەی شەڕەکە کاریگەری لەسەر چانسی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئۆباما دروستبکات.

هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، ئەمەریکییەکان کاریانکرد بۆ ئەوەی حکومەتی ناتەنیاهۆ قەناعەت پێبکەن کە بە جددی کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی پلان و چەکی گونجاو بۆ خاپورکردنى بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئەگەر پێویست بکات، لەوانە بۆمبێکى تێکشکێنەر کە کێشی نزیکەی ١٣ تۆنە، هەروەها چاودێرى چڕى دامەزراوەی فۆردۆی ئێرانی.

هەوڵەکانی ئیدارەی ئۆباما سەرکەوتوو بوو لە وەستاندنی هاوپەیمانەکەى لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر پلانەکەی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٢ هەڵوەشاندەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی واژۆکردنى ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و چین، پەرەسەندنێکی بێ وێنە لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا روویدا.

ناتەنیاهۆ لەگەڵ سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕێککەوت کە بانگهێشتی بکات بۆ ئەوەی وتارێک پێشکەش بکات بۆ دژایەتیکردنى ئەو ڕێککەوتنە کە ئیدارەی ئەمەریکا مەبەستی بوو ئەنجامی بدات. ئەمەش ڕوویدا، بەڵام نەبووە هۆی ئەوەی ئۆباما بەردەوام نەبێت لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە مانگی تەمموزی ٢٠١٥.

هاندانی ترەمپ

Mideast Iran Nuclear

لەگەڵ هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی ٢٠١٧، ناتەنیاهۆ هەوڵەکانی چڕتر کردەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و پاڵنانی ئەمریکا بۆ کشانەوە لەو ڕێککەوتنە، بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەکانی ئەو پڕۆژە ئەتۆمییەی کە مۆسادی ئیسرائیلی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا دەستى کەوتبوو.

ترەمپ لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ کشانەوەی خۆی لە ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاند و سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی گرتەبەر بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکات دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک بکات کە مەرجی توندتر بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بسەپێنێت، هەروەها بەرنامەی مووشەکی و سیاسەتی ناوچەیی. ئێران ئەم ڕێبازەی ڕەتکردەوە، سەرەڕای ئەوەی لەو کاتەوە بەدەست سزای توندەوە دەناڵێنێت.

سەرکێشى گەورە

کارى لە پێشینەى ناتەنیاهۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام بوو، هێرشەکانى ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ى حەماسی بەستەوە بە ئێرانەوە، هەڕەشەى کردەوەى سەربازی لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی توندتر کرد. بەهۆی ئەو زیانە زۆرانەی بە حەماس و حزبوڵاى گەیاند، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سوریا.

لەو هەلومەرجەدا سەرۆکی ئەمەریکا هەڵوێستێکی توندى گرتەبەر لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران و داوایکرد بەتەواوی پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی وڵاتەکەی ڕابگرێت و تەنها 60 ڕۆژ مۆڵەتی پێدا بۆ پابەندبوون بە مەرجەکانی ئەمەریکا. لە ٦١هەمین ڕۆژدا ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی