کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان
سبەی
بەهۆی کەمبارانی و دروستکردنی بەنداوێکی زۆر، ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەو هۆیەشەوە بە ئاسانی بەرد و وشکانی کەنار دەریاچەی دووکان دەبینرێت.
لەئێستادا سێ لەسەر چواری بەنداوى دووکان بەتاڵە کە توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی سێجای هەیە.
کۆچەر جەمال تۆفیق، بەڕێوبەری دەریاچەی دووکان قسەی بە ئاژانسى ئەی ئێف پی راگەیاند: "ئێستا دەریاچەی دووکان نزیکەی یەک ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلداوەتەوە، کەمی ئاو لە 20 ساڵی رابردوودا بەم ئاستە پێشینەى نەبووە،" واتە کەمترین ئاستی ئاوی گلدراوەیە لە دوو دەیەی رابردوودا.
سەبارەت بە هۆکارەکانی کەمی ئاستی ئاوی دووکان، بەڕێوبەری بەنداوەکە دەڵێت: "گۆڕانی کەشوهەوا (کەمی باران بارین) و دروستکردنی بەنداوەکان هۆکارن."
دەشڵێت: "ئەمساڵ تەنها 220 ملیلیتر باران داباریوەتە بەنداوی دووکان، لەکاتێکدا ساڵانی پێشوو بەشێوەیەکی مامناوەندی 600 ملیلیتر باران دادەبارییە بەنداوەکەوە."
هۆکارێکی دیکەی دابەزینی ئاستی بەنداوی دووکان، بە وتەی بەڕێوبەری بەنداوەکە، دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو رووبانەى کە دەڕژێنە دەریاچەکەوە.
ئێران ساڵانێکە لەپێناو کۆکردنەوەی زۆرترین بڕی ئاو، دەیان بەنداوی لەسەر ئەو رووبارانە دروست کردووە کە بەرەو هەرێمی کوردستان شۆڕدەبنەوە.
دابەزینی رێژەی ئاوی بەنداوی دووکان، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نزیکەی چوار ملیۆن هاوڵاتی هەیە لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک.
جوتیاران کە بەتەواوەتی پشت بە ئاوی ئەو رووبارانە دەبەستن کە لە بەنداوی دووکانەوە شۆڕدەبنەوە بۆ ناوچەکانیان، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاو، جوتیارەکان کە بژێوی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵە کاریگەریی راستەوخۆی نەرێنیان دەکەوێتە سەر.
ناوچەیەکى بەفراوان بۆ ئاوى خواردنەوە و کشتوکاڵ پشت بە ئاوى بەنداوى دوکان دەبەستن، وەک سلێمانى کۆیە تا سنورى کەرکوک و دوزخورماتوو.
وشکەساڵى و کەمى باران بارین کاریگەرى لەسەر کەمبوونەوەى ئاستى سەرجەم بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان کردووە.
لەهەرێمی کوردستان بە گشتی 23 بەنداو هەن، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێری، گەشتیاری و چەندین بواری تر سوودیان لێ وەردەگیرێت، کە گەورەترینیان دوکان، دەربەندیخان، بەنداوى دهۆکن.
دابەزینى ئاستى ئاو لە هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە، ساڵی 2024، گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا بەرز بوووەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023، زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو گل درابووەوە.
بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێم پێشتر لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەى بەوەدا، بەهۆى کەمى باران بارینەوە، ئاستى گلدانەوەى ئاو لە بەنداوەکان زۆر دابەزیوە، بۆیە پێداچوونەوەى جددى دەکەن بە چۆنیەتى بەکارهێنان و ئیدارەدانى سامانى ئاو.
وتیشى لەگەڵ عێراق سەرقاڵى داڕشتنەوەى ستراتیژى ئیدارەدانى سامانى ئاون و رێکارى پێویست لەو بارەیەوە دەگرنەبەر، ئەو رێکارانەش کە لەناوخۆى هەرێم پێویستن دەیگرنەبەر بە دروستکردنى بەنداو و پۆند و تەکنیکى نوێ بۆ بەکارهێنانى ئاو.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لەناویشیدا هەرێمى کوردستان لە ریزبەندی پێنج وڵاتی سەرەکیدایە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وشکەساڵی درێژخایەنى لەگەڵ خۆیدا هێناوە.