حکومەتی تورکیا دەیەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆسەی چەکدادانی پەکەکە کۆتایی بێت
سبەی
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کاریگەری نەکردووەتە سەر ئەو پرۆسە نوێیەی بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە تورکیا دەستیپێکردووە،چاوەڕوانیش دەکرێت یەکەمین دیمەنی چەکدانانی پەکەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا تۆمار بکرێت و بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێتەوە.
لە دوای ئەوەی پەکەکە لە 12ی ئایار ڕایگەیاند وەک پابەندبوون بە داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە 27ی شوبات بە دەم دەستپێشخەرییەکەی دەولەت باخچەلی'یەوە هات کە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 خستیە ڕوو بڕیاری دا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، سەرنجی خەڵک لەسەر ئەوەیە کە پەکەکە کەی و لە کوێ و چۆن چەک دادەنێت.
ژمارەیەک لە سەرچاوەکانی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدەن کە پرۆسەکە وەک ئەوەی بەرنامەی بۆ داندراوە، بەڕێوە دەچێت و لەوانەیە یەکەمین دیمەنی چەکدانانی پەکەکە لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا تۆمار بکرێت، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پێگەى بی بی سی .
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە 15ی ئایار ڕایگەیاند کە لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار میکانیزمێکی هاوبەش دادەنێن بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە.
لای خۆشیەوە پەکەکە لە ڕاگەیەندراوى پەیوەندیدار بە خۆهەڵوەشاندنەوەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە پراکتیزەکردنی پرۆسەکە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بەڕێوە دەبرێت.
ئەم سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە نێوان ئۆجەلان و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی تورکیا لەگەڵ پەکەکە ڕێک دەخرێت.
بەرنامە بۆ ئەوە داندراوە بە مەبەستی تاوێکردنی پرۆسەکە بەم نزیکانە شاندێکی بەرفراوانی دەم پارتی لەگەڵ شاندی ئیمڕاڵی سەردانی ئۆجەلان بکات لە دوورگەی ئیمراڵی.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت میدحەت سانجار (لە 18ی حوزەیرانەوە) لە جێی سڕی سورەییا ئۆندەر کە لە 3ی ئایار کۆچی دوایی کرد، کرا بە ئەندامی شاندی ئیمراڵی.
شەڕی ئیسرائیل و ئێران چى کاریگەرییەک دەکەنە سەر پرۆسەکە؟
هەرچەند بەبێ بە دەمەوەهاتن بۆ داواکارییەکانی دەم پارتی 10ەمین پاکێجی چاکسازیی دادوەری لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا و لە 13ی حوزەیرانیشەوە پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیان پێ کردووە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئاک پارتی ئاماژە بەوە دەدەن کە پرۆسەکە بەو جۆرە بەردەوامە کە بەرنامەی بۆ داندراوە و تا ئێستا هیچ کێشەیەک نەهاتووەتە ئارا.
تەنانەت بەشێک لەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە لەوانەیە شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە ببێتە هۆی ئەوەی پرۆسەکە باشتریش بەڕێوە بچێت لە بەرامبەر ئەگەری بڵاوبوونەوەی گرژییەکان لە جوگرافیایەکی فراوانتردا.
حکومەتی تورکیا دەیەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆسەی چەکدادانی پەکەکە کۆتایی بێت.
دەم پارتییش چاوەڕوان دەکات پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە کۆتایی ئەم مانگەوە دەست پێ دەکات.
بۆچی تۆمارکردنی دیمەنی چەکدادانەکە بە پێویست دەزاندرێت؟
سەرچاوەکانی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕێژەی پشتیوانی کورد بۆ پرۆسەکە بەرزە، بەڵام سەرچاوەکانی ئاک پارتی ئاماژە بەوە دەدەن هێشتا ڕای گشتیی تورکیا بە گومانەوە لە پرۆسەکە دەڕوانن و وەک پێویست پشتیوانی لە پرۆسەکە ناکەن. بۆیە ئاک پارتی بە پێویستی دەزانێت دیمەنی پرۆسەی چەکدانان تۆمار بکرێت.
لەو میانەیە و بە ئاگاداری دەوڵەتی تورکیا، بە بەشداری شاندێکی چاودێری پرۆسەکە دەست پێ دەکات و دیمەنی چەکدانانەکە تۆمار دەکرێت و بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
هێشتا دیار نییە ئەوانەی لەنێو شاندی چاودێراندا دەبن کێن، بەڵام لەوانەیە شاندێک بێت لە تورکیاوە ڕەوانە بکرێت یان نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بن.
لیژنە پەرلەمانییەکە کەی پێک دەهێندرێت؟
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە و ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی و سیاسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، بڕیارە لیژنەیەک بە بەشداری سەرجەم پارتە خاوەن کورسییەکان لە پەرلەمان پێک بهێندرێت و لە لایەن نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاوە سەرۆکایەتی بکرێت.
جگە لە ئیی پارتی سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پشتیوانی خۆیان بۆ پێکهێنانی لیژنەکە دەربڕیووە.
بەڵام کێشەی نێوان ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و دەم پارتی لە کاتی پێکهێنانی لیژنەیەکەدایە.
لە کاتێکدا دەم پارتی داوا دەکات بەر لەوەی وەرزی پشووی هاوینەی پەرلەمان دەستی پێ بکات، لیژنەکە پێک بهێندرێت و بە درێژایی هاوین لیژنەکە لە کارەکانی بەردەوام بێت، کەچی ئاک پارتی پێی باشە پێکهێنانی لیژنەکە بکەوێتە وەرزی نوێی یاسادانانەوە.
دەم پارتی بە پێویستی دەزانێت لەگەڵ دەستپێکردن بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، بە مەبەستی دڵنیاییدان لەسەر خستنی پرۆسەکە ژمارەیەک یاسای نوێ بە خێرایی دەربکرێن و ئەگەر پێویستیش بکات پەرلەمان کۆبوونەوەی نائاسایی بکات، کەچی ئاک پارتی بە باشی دەزانێت دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی چەکدانان لیژنەکە پێک بهێندرێت.
ئاک پارتی پاساوی ئەوە بۆ ئەمە دەهێنێتەوە کە پەرلەمانتارانی تورکیا تەواوی وەرزی پشووی هاوینە لە زێدی خۆیان بەسەر دەبەن، بۆیە ئەگەر لیژنەکە پێکیش بهێندرێت ناتوانێت کاری گرنگ ئەنجام بدات.
بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە و لەبارەی پێکهاتەی لیژنەکە و شێوازی کارکردنی لیژنەکە لەگەڵیان بدوێت، بەڵام لیژنەکە لە تشرینی یەکەمەوە دەست بەکارەکانی بکات.