بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى ئێران، تا ئێستا 430 کەس کوژران و 3500 کەسی دیکەش برینداربوون.
سبەى
بەهۆى شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە تا ئێستا سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەسى دیکەش برینداربوون، لەکاتێکدا هەردوو وڵات هێرشەکانیان بۆ سەر یەکترى چڕکردووەتەوە و هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتایی هێنانى دیار نییە.
شەڕى نێوان هەردوو وڵات ئەمڕۆ شەممە پێینایە هەفتەى دووەمییەوە، کە بەرەبەیانى 13 ى حوزەیران بە هێرشى چڕى ئاسمانى و درۆنى ئیسرائیل دەستیپێکرد و ئێرانیش بە موشەک و درۆن وەڵامیدایەوە.
قوربانیانى ئێران
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى ئێران، بەهۆى شەڕەکەوە تا ئێستا 430 کەس کوژران و 3500 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەشێک لەو کەسانە فەرماندە و بەرپرسانى سەربازى باڵاى ئێران و زاناى ئەتۆمی ئەو وڵاتەن، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج.
بەڵام بەپێی ئامارى رێکخراوى مافى مرۆڤى ئێران کە بارەگاکەى لە ئەمەریکایە، تا ئێستا 657 کەس لەئێران کوژران و 263 کەسیان هاوڵاتى مەدەنین.
دەشڵێت، ناسنامەى 20 منداڵ لەناو کوژراوەکاندا پشتڕاستکراونەتەوە کە زۆربەیان لە تاران بوون، 164 سەربازیش لەناو کوژراوەکاندان، بەڵام ناسنامەى 230 کوژراو هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە کە مەدەنین یاخود سەربازى.
هێرشەکانى ئیسرائیل بەگشتى 21 پارێزگاى ئێرانى گرتووەتەوە لەکۆى 31 پارێزگا.
قوربانیانى ئیسرائیل
لە ئیسرائیل ژمارەى قوربانیان کەمترە و بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا لەو وڵاتە 25 کەس کوژراون و نزیکەى 250 کەسیش برینداربوون.
جگە لە قوربانیان، شەڕى نێوان هەردوو وڵات بووەتە هۆى ئاوارەبوون و بێ ماڵ و حاڵ بوونى هەزاران کەس لە هەردوو وڵات، ئەوەش بەهۆى داڕوخانى شوێنى نیشتەجێ بوونیانەوە، بەتایبەت ئەو شوێنانەى کە نزیکن لە دامەزراوە سەربازى و ئەمنى و ئەتۆمییەکانەوە.
هەردوو وڵات بەردەوام یەکترى تۆمەتبار دەکەن بەوەى هاوڵاتیانى مەدەنى دەکەنە ئامانجى هێرشەکانیان، لەکاتێکدا بەشێکى قوربانیان لە هەردوو وڵات هاوڵاتى مەدەنین.
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانج لە هێرشەکەى بۆ سەر ئێران رێگریکردنە لەو وڵاتە بۆ دەستڕاگەیشتنى بەچەکى ئەتۆم، بەڵام ئێران نیازى بۆ دەستکەوتنى ئەو چەکە رەتدەکاتەوە، لەگەڵ بەرگریکردن لە مافى بۆ گەشەپێدانى بەرنامەى ئەتۆمى.