دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا
سبەی
چوار رۆژ لەمەوبەر، لە 17ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لوتکەی جی-7ـی بەپەلە جێهێشێت و داوای لە هاوڵاتییانی سڤیل کرد تاران چۆڵ بکەن. ترەمپ ئاگربەست رەتدەکاتەوە، داوا لە نەتەنیاهۆ دەکات لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، هەروەها داوا لە ئێران دەکات دەست بە دانوستانەکان بکاتەوە و دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمی بێت.
بەپشت بەستن بە راپۆرتە هەواڵییەکان، ترەمپ دوودڵە لە هێرشکردنە سەر ئێران، چەند هۆکارێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوە، بەڵام کاریگەرترینییان بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی، کەسانی نزیک لە ترەمپ و رەوتی دروستکردنەوەی ئەمەریکایەکی بەهێزن (MAGA).
گروپی ماگا، لەو کەسانە پێکدێن کە بازنەی نزیکی دۆناڵد ترەمپن. ترەمپ بۆ بڕیارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان. ئەو گروپە زیاتر پشتیوانی ئەوەن ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا سەرنجی لەسەر ناوخۆی ویلایەتەیەکگرتووەکان بێت و خۆی بەدووربگرێت لە شەڕ، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست، راوێژکاران و کەسانی نزیک لە ترەمپ، پێشنیازی جیاواز بۆ سەرۆکی ئەمەریکا دەکەن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێران، بەڵام خودی ترەمپ بیرۆکەی جیاوازی هەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێران بکات.
ترەمپ لەلایەکەوە دەیەوێت خۆی لە شەڕ بە دووربگرێت، لەلایەکی دیکەوە جەخت لەوە دەکاتەوە رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
رۆژی پێنجشەممە (19ـی حوزەیرانی 2025)، دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند کە رووبەڕووی کۆمەڵێک بڕیاری قورس بووەتەوە، پێویستی بە کاتی زیاترە، وتی لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕیارێک دەدات.
ئیدارەی ترەمپ دابەشبوون بە سەر دوو بەرەدا. بەرەیەکیان پاڵپشتی شەڕن دژی ئێران و فشار لە ترەمپ دەکەن بەشدار بێت لەگەڵ ئیسرائیل لە لێدان لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەرەکەی دیکەیان کە زۆرینەیان سەر بە رەوتی ماگا-ن، دژی شەڕی راستەوخۆی ئەمەریکان دژی ئێران.
ستیفان بانۆن، راوێژکاری پێشووی ترەمپ و کەسایەتی دیاری بەرەی ماگا، رەخنەی توندی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد فشار لە ترەمپ دەکەن بەشدار بێت لە شەڕی ئێران. بانۆن ئەو کەسانەی بە فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو چواند، کە بە کڕیارەکان دەڵین کاتێکی کەمت لە بەردەستە بۆ بڕیاردان لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێلەکە. ئەو کەسانە بارودۆخێکی فریاگوزاریی دروست دەکەن، بەوەش فشاری زیاتر لەسەر کڕیارەکە دروست دەکەن لەپێناو فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکەیان.
دوابەدوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ترەمپ و بانۆن کۆبوونەوە، کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارەکانی سەبارەت بە بەشداریکردن لە شەڕی ئێران دواخستووە، لەبری ئەوە چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی دانوستانەکانی تاران و واشنتن دەکات، پاشان بڕیار دەدات. بۆ بڕیاردان لەسەر دانوستانەکان ترەمپ دوو هەفتە مۆڵەت بە ئێران دەدات و دوای ئەوە بڕیار لەسەر بەشداری یان بەشدارینەکردنی لە شەڕی ئێران دەدات.
وا دەردەکەوێت تائێستا بەرەی ماگا، سەرکەوتوو بوون لە رێگریکردن و قایلکردنی ترەمپ بە بەشدارینەکردنی لە شەڕی ئێران، بەڵام دیار نییە تا کەی دەتوانن رووبەڕووی بەرەکەی دیکە ببنەوە، چونکە بەرەی هاندەری شەڕ زۆرینەیان کەسانی پلە باڵان لە ئیدارەی ترەمپ.