سبەی
برسێتییەکی بێئەندازە رووی لە دانیشتوانی سودان کردووە، سێیەکی دانیشتوانی ئەو وڵاتە خۆراکی پێویستییان نییە و ژەمەنانێکیان دەست ناکەوێت بیخۆن. برسێتی هەڕەشە لە زۆربەی دانیشتیوانی وڵاتەکە دەکات و لە لێواری هەرەسهێناندایە.
بەپێی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، زۆرینەی دانیشتوانی سودان بەدەست برسێتییەکی لە رادەبەدەرەوە دەناڵێنن، رۆژانە بە کەمتر لە دوو دۆلار دەژین، ئەو بڕەش زۆر کەمترە لە تێچووی تێرکردنی کەسێک و دابینکردنی ژەمە خۆراکێک کە هیچ پێکهاتەیەکی گۆشتیشی تێدا نەبێت.
بەپێی خەمڵاندنەکان، لە ساڵی 2024 بەهای خۆراک لە سودان بە رێژەی 188% زیادی کردووە، لەبەرامبەردا کرێی کارکردن و داهاتی کرێکار بۆ کەمتر لە 60 دۆلار لە مانگێکدا دابەزیووە.
فراوانبوونی بازنەی برسێتی
بەهۆی بەردەوامیی شەڕی دوو ساڵەی ئەو وڵاتە، ژێرخانی سودانی بە تەواوەتی وێران بووە، دانیشتوانەکەی بەبێ خزمەتگوزاریی سەرەتایی و لە پێش هەموویەوە ئاوی پاک بۆ خواردنەوە، ماونەتەوە.
ماوەیەکی زۆرە کاربا لەو وڵاتە بڕاوە، بەروبوومی ناوخۆیی لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، لەم وەرزەدا جوتیاران هیچ بەروبومێکیان نەچنیوەتەوە.
پێشتر ئەگەر جوتیاران بڕێکی کەمیش بوایە، بەروبومی گەنم و جۆ و پاقلەمەنییان دەچاند و بەرهەمەکەیان کۆدەکردەوە، بەڵام ئەمساڵ داهاتیان بە ڕێژەی 80% کەمی کردووە و زۆینەی جوتیارانیش چوونەتە بازنەی برسێتییەوە.
ئاوارەبوونی ملیۆنی
بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا ملیۆنان کەس لە ناوچەکانی باکوری سودان ئاوارە بوون، سەرەڕای دەستەبەرنەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نەبوونی ئاوی خواردنەوە و کارەبا، دانیشتوانی خەرتوومی پایتەخت دەیانەوێت هەرچۆنێک بووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
نەعیمە حسێن، کە دایکی شەش منداڵە، گەڕاوەتەوە ناو کاولکارییەکی گەورەی باشوری خەرتوومی پایتەخت، بە ئەستەم خۆراکی بۆ منداڵەکانی دەست دەکەوێت، ئەوەش بەهۆی کەمی و بەرزیی نرخی خۆراکەوە.
نەعیمە، بە سکای نیوزی عەرەبی وتووە: رۆژانە تەنها یەک ژەم خۆراکم بۆ منداڵەکان دەستدەکەوێت، ئاوی خواردنەوەی پاکمان نییە، بەردەوامیش کارەبا دەبڕێت.
خاڵی هەرەسهێنان
بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، مەترسیی برسێتی راستەقینە بەرۆکی زۆرینەی کۆمەڵگەی سودانی گرتووە، بەتایبەتی دانیشتوانی خەرتومی پایتەخت.
لۆران بۆکیرا، بەرپرسی بەرنامەی خۆراک، بانگەواز بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی سەرتاسەری وڵات دەکات و هۆشداریی دەدات کە زۆرینەی دانیشتوانی باشوری خەرتوم روبەڕووی برسێتی بونەتەوە و لە لێواری هەرەسهێناندان و چیتر توانای هاوکاریی خێزانە ئاوارەکانییان نییە.
داوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ زیادکردنی هاوکارییەکانی و روبەڕبوونەوەی برسێتی لە ناوچە کارەساتبارەکان، وەک رێزێک بۆ پاراستنی گەلی سودان و بەهاناوە چونیان لەو نەهامەتییانەی بەرۆکی گرتوون.