سبەی
سەرۆکی روسیا بە مافی ئێرانی دەزانێت خاوەنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتی بێت و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دەدات بۆ هاوکارییکردنی لەوبارەیەوە.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند: بەلای ئێمەوە ئێران مافی ئەوەی هەیە وزەی ئەتۆمیی ئاشتییانەی هەبێت، ئامادەین لەوبارەیەوە پاڵپشتیی و هاوکاریی بکەین، بەڵام هەندێک وردەکاریی هەیە کە پێویستە لەبارەیەوە رێککەوتن بکرێت، وەک ئاماژەدانێک بە دانوستانەکان لەبارەی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە.
سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پوتین داوای لە هەردوولا کرد نەرمی زیاتر بنوێنن بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی کێشەکانیان، لەوبارەیەوە بە کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی ووتوە: "پێویستە نەرمی بنوێنرێت لەلایەن تاران و تەلئەڤیڤەوە، دەرچەیەک هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی نێوانیان".
بەوتەی سەرۆکی روسیا، ئێران چەندین جار جەختی کردوەتەوە کە نایەوێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش هیچ بەڵگەیەکی دەست نەکەوتووە کە ئاماژە بە هەوڵی ئێران بکات بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
پوتین جەختی کردوەتەوە، وڵاتەکەی دژی بڵاوبونەوەی چەکی کۆمەڵکوژە لەهەر جێگەیەکی جیهان بێت، مۆسکۆش بە بەرپرسانی ئیسرائیلی راگەیاندوە کە ئێران نایەوێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، پێداگریشی کردووە لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆ بۆ رەواندنەوەی مەترسییەکان و گرەنتی ئاسایشی هاوبەش لە ناوچەکەدا.
ئۆکراینا شایەنی چارەنوسێکی باشترە
هەر لەو لێدوانەیدا بۆ تەلەفزیۆنی سکای نیوزی عەرەبی، سەرۆکی روسیا بەپێویستی زانیوە بگەنە رێککەوتن لەبارەی قەیرانی ئۆکرایناوە، ئەوەش بە بێلایەنکردنی دەوڵەتی ئۆکراینا و گرەنتی ئەوەی هیچ هەنگاوێک نەنێت بۆ چوونە ناو هاوپەیمانی دەرەکی بەتایبەتی هاوپەیمانی سەربازیی و چەکدار نەکردنی بە چەکی ئەتۆمی.
پوتین دەڵێت: پێویستە رابگەیەندرێت کە ئۆکراینا بێلایەنە، چەکی ئەتۆمی نییە، ئەوەش گرەنتی سەقامگیرییەکی درێژخایەنە لە ناوچەکە.
سەرۆکی روسیا داوا دەکات، ئۆکراینا دان بەو راپرسیانەدا بنێت کە لە چوار هەرێم کراون بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان، ئەگەرنا روبەڕوبونەوەی سەربازیی بەردەوام دەبێت.
ڤلادیمێر پوتین، دەستی دەرەکی بە هۆکاری کۆتایی نەهاتنی قەیرانی ئۆکراینا دەزانێت و دەڵێت: ئۆکراینا شایەنی چارەنوسێکی باشترە، ئەگەر نەبێتە داردەستی ئەو لایەنە دەرەکیانەی کە دژایەتی روسیا دەکەن.