گرۆسی: هێرشکردنە سەر وێستگەی بوشەهری ئەتۆمی کارەساتێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە

#ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم#ئێران#وێستگەی ئەتۆمی#بوشەهر
18 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئاژانسی نێودەڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دەدات لەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر کارەساتێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
Primary Asset

سبەی

ئاژانسی نێودەڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دەدات لەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر کارەساتێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

لە وتەیەکدا کە لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی پێشکەشی کرد، رافائێل گرۆسی بەڕێوەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: تائێستا هیچ تیشکدانەوەیەکی ئەتۆمیی لە وێستگەی ئەتۆمییەکانی ئێران تۆمار نەکراوە، بەڵام ئەو مەترسییە هەیە و بەردەوامە.

ئاماژە بەوەشکرد، ئەگەر وێستگەی بوشەهری ئێران روبەڕووی هێرش ببێتەوە، دەبێتە هۆی پیسبوونێکی گەورە و بەرفراوانی تیشکدانەوە و ئەنجامی کارەستباری بۆ دانیشتوانی تارانی پایتەخت لێدەکەوێتەوە.

گرۆسی، ئەگەری رودانی پیسبوونی کیمیایی و تیشکیی بەدوور نەزانی لە وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر.

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جەختی کردەوە، زۆر بەوردی چاودێریی وێستگە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و پاشکۆکانی دەکەن، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەریان.

گرۆسی ئاشکرای کرد؛ ژێرخانی کارەبای وێستگەی نەتەنزی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم کراوەتە ئامانج و بەهۆی ئەو هێرشەوە زیانیان بەرکەوتووە، چوار باڵەخانی وێستگەکەش لە ئەسفەهان روبەڕووی هێرش بونەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی چارەسەری دیپلۆماسی لەبەردەستە ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، بۆ ئەوەش توانای ئەوەیان هەیە کە گرەنتی بدەن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ئەتۆمی بەپێی هەر رێککەوتنێک کە لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی