چەند خۆپیشاندەرێکی کورد داوای خوێندن بە زمانی دایک دەکەن
سبەی
لە ڕاپرسییەکدا کە لە تورکیا ئەنجامدراوە، لە سەدا 97.8ی بەشداربووان دەیانەوێت بە زمانی دایک بخوێنن، دەرکەوتووە ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 11 ساڵە بە دەگمەن زمانی دایک دەزانن و قسەی پێ دەکەن.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەیدانی سیۆسیۆ پۆلیتیک لە 28ی کانونی دووەم تاکوو 11ی شوباتی 2025 لە 22 پارێزگا ڕاپرسییەکی لەبارەی زمانی دایکی ئەو کەسانەوە ئەنجام داوە کە تورک نین.
ڕاپرسییەکە بە شێوەی ئۆنلاین لە هەریەک لە پارێزگاکانی ئامەد (دیاربەکر)، ئەرزرۆم، سەمسور (ئادیەمەن)، وان، مێردین، ڕها (ئورفا)، چەولیک (بینگۆل)، ئاگری، شرنەخ، دیلۆک (عەنتاب)، جۆڵەمێرگ (هەکاری)، دێرسیم، ئێله (باتمان)، مەلەتی و سێرت لە باکوری کوردستان و پارێزگاکانی ئیستانبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بورسا، ئادانا لە تورکیا ئەنجام دراوە و هەزار و 285 کەس بەشدارییان تیادا کردووە.
لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە تەنانەت لە هەر پێنج منداڵانێک کە تەمەنیان لە خوار 11 ساڵییەوەیە بە باشی زمانی دایک نازانن و بە دەگمەن قسەی پێ دەکەن. بەمەش زمانی دایک وەک زمانی ئەوانەی لێ هاتووە کە تەمەنیان هەڵکشاوە و چیتر نەوەی نوێ بەکاری ناهێنێت.
لە سەدا 97.5ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە کورد، لە سەدا 0.8 چەرکەز، لە سەدا 0.7 ئەرمەنی، لە سەدا 0.5 عەرەب و لە سەدا 0.1یش خۆیان بە تورک لە قەڵەم داوە.
لە سەدا 80.4ی بەشداربووان زمانی دایکیان شێوەزاری کوردیی سەروو (کرمانجی)، لە سەدا 17 کرمانچکی (زازاکی)، لە سەدا 0.8 ئەرمەنی و لە سەدا 0.7 چەرکەزی بوون.
لە سەدا 33ی بەشداربووان باش یان هەر هیچ لە زمانی دایک تێناگەن
لە سەدا 41.7ی بەشداربووان لە ماڵەوە بە کوردیی سەروو، لە سەدا 35.9 بە تورکی، لە سەدا 14.9 بە کوردی و تورکی، لە سەدا 6.9 بە کرمانچکی، لە سەدا 0.3 بە عەرەبی، لە سەدا 0.2 بە ئەرمەنی و لە سەدا 0.1 بە سوریانی قسە دەکەن.
لە سەدا 33.9ی بەشداربووان "زۆر باش" و لە سەدا 33.2یان "باش" لە زمانی دایکیان تێ دەگەن. لە بەرامبەردا لە سەدا 26.5 وەک پێویست و لە سەدا 6.4یشیان هیچ لە زمانی دایکیان تێناگەن.
لە سەدا 21.5ی ئەوانەی باش یان هیچ لە زمانی دایکیان تێ ناگەن هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە بە زمانی دایک نەیانخوێندووە، لە سەدا 20.1یان هۆکارەکەی بۆ سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەیی، لە سەدا 18 بۆ قسەنەکردن بە زمانی دایک لە ماڵەوە، لە سەدا 11.3 بۆ گەورەبوون لە شار، لە سەدا 9.7 بۆ جیاوازی زمان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، لە سەدا 6.6یش بۆ بەرنەکەوتنی ڕۆژانە بە قسەکردن بە زمانی دایک دەگەڕێننەوە.
لە سەدا 36یان باش ناتوانن یان هەر ناتوانن بە زمانی دایک قسە بکەن
لە سەدا 27.2ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە داوە قسەکردنیان بە زمانی دایک "زۆر باش" و لە سەدا 36.6یشیان "باش"ە.
لە بەرامبەردا لە سەدا 27.2یان ئاماژەیان بەوە داوە قسەکردنیان بە زمانی دایک "باش نییە" و لە سەدا نۆیشیان باسیان لەوە کردووە هەر نازانن بە زمانی دایک قسە بکەن.
لە سەدا 29ی ئەوانەی گوتویانە قسەکردنیان باش نییە هۆکارەکەی بۆ قسەنەکردن بە زمانی دایک دەگەڕێننەوە لەنێو ماڵ، لە سەدا 17.6یان ئاماژەیان بەوە داوە چونکە دەوروبەریان بە تورکی قسە دەکەن، لە سەدا 13.9 باس لەوە دەکەن چونکە بە زمانی دایک نەیانخوێندووە، لە سەدا 7.8یش بۆ سیاسەتی پاکتاوکردنی نەتەوەیی و لە سەدا 6.9یش هۆکارەکەی بۆ قەدەغەکردنی زمانی دایک دەگێڕنەوە.
لە سەدا 53 ناتوانن باش یان هەر بخوێننەوە بە زمانی دایک و لە سەدا 63یشیان ناتوانن باش یان هەر بنوسن بە زمانی دایک
لە سەدا 21.9ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە داوە زۆر باش دەتوانن بخوێننەوە بە زمانی دایک و لە سەدا 25یش دەڵێن خوێندنەوەیان باشە بە زمانی دایک. بەڵام لە سەدا 31.1 خوێندنەوەیان باش نییە و لە سەدا 22.1یش ناتوانن بخوێننەوە بە زمانی دایک.
لە سەدا 54ی ئەوانەی خوێندنەوەیان باش نییە یاخود هەر ناتوانن بخوێننەوە، هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە بە زمانی دایک نەیانخوێندووە و لە سەدا 10.2یشان ئاماژە بەوە دەدەن چونکە زمانی دایک نەبووەتە زمانی خوێندن. لە سەدا 4.7یشیان هۆکارەکە بۆ سیاسەتی پاکتاوکردنی نەتەوەیی دەگێڕنەوە.
توانای نوسینیش بە زمانی دایک لە خوێندنەوە بە زمانی دایک خراپتریشە و لە سەدا 19.1ی بەشداربووان "زۆر باش" و لە سەدا 17.3یش "باش" دەزانن بنوسن بە زمانی دایک. لە بەرامبەردا لە سەدا 35.4 "باش" نازانن و لە سەدا 28.2یش هیچ نازانن بنوسن بە زمانی دایک.
لە سەدا 45ی بەشداربووان بەردەوام لە ماڵەوە بە زمانی دایک قسە دەکەن
هۆکاری سەرەکی ئەمەیش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە بە زمانی دایک نەیانخوێندووە.
لە سەدا 45.1ی بەشداربووان لە ماڵەوە "بەردەوام"، لە سەدا 32.1یش "جاروبار" و لە سەدا 9.2 "بە دەگمەن" بە زمانی دایک قسە دەکەن. لە سەدا 13.6ی بەشداربووانیش بە زمانی دایک هەر قسە ناکەن.
لە سەدا 17.1ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە داوە بۆ فێربوونی زمانی دایک منداڵەکانیان ناردووە بۆ خولی فێربوونی زمان. کەچی تەنیا لە سەدا 25ی ئەو لە سەدا 17.1ە ئاماژەیان بەوە داوە کە وەک وانەی هەڵبژێردراو منداڵەکانیان وانەی زمانی دایکیان خوێندووە.
لە سەدا 97.8ی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدان بە زمانی دایک بخوێندرێت
لە سەدا 97.8ی بەشداربووان داوایان کردوووە منداڵان بە زمانی دایک بخوێنن و لە بەرامبەردا لە سەدا 1.5ی بەشداربووان دژی ئەو داواکارییە وەستاونەتەوە.
زۆربەی بەشداربووان جەخت لەوە دەکەنەوە بە هۆی جیاوازی زمانی دایکەوە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دووچاری زۆرترین جیاکاری بوونەتەوە.
لە سەدا 97.7 بەشداربووان بە پێویستی دەزانن زمانی دایک لە لەناوچوون و تواندنەوە و پاکتاوکردن بپارێزرێت.
لە سەدا 31.8ی ئەم ڕێژەیەی سەرەوەیش خوێندن بە زمانی دایک، لە سەدا 30.4 دڵنیاییدان لە دەستور و یاسا و لە سەدا 26.6یش داننان بە زمانی دایک وەک زمانی فەرمی بە پارێزەری زمانی دایک دەزانن لە لەناوچوون و پاکتاوکردن.