سوپای چین
سبەی
ساڵانێکە شی جین پینگ سەرۆکی چین، هەوڵدەدات سوود لە دامەزراوە مەدەنییەکان وەربگرێت، بۆ یارمەتیدان لە مۆدێرنکردنی سوپای وڵاتەکەی.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی سەنتەری ئاسایش و تەکنەلۆجیای زانکۆی جۆرج تاون، زیاتر لە 85%ی براوەی گرێبەستی بەرگریی پەیوەست بە AI لە چین، دامەزراوەی سەربازی کلاسیکی نین، بەڵکو زانکۆ مەدەنییەکان و کۆمپانیا تایبەتەکانی تەکنەلۆجیان، کە زۆربەیان تاڕادەیەک نوێن و کەوتوونەتە ژێر سزاکانی ئەمەریکاوە.
بەپێی داتاکان، لە هەوڵێکدا بۆ تێکەڵکردنی AI لە ئۆپەراسیۆنەکانی و سیستمی چەکەکانیدا، سوپای چین لە ساڵانی رابردوودا دەستی بە سەدان دابینکەر گەیشتووە، لەنێویاندا کۆمپانیا تایبەتەکان و زانکۆ مەدەنییەکان.
لەو نێوەندەدا زانکۆی شەنگەهای جیاو تۆنگ، کە لە ساڵی 2023ەوە چەندان گرێبەستی بەرگری بەدەستهێناوە، لەوانە سیستمی چەکی پێشکەوتوو، ژێر دەریایی بێسەرنشین و سیستەمی AI بۆ بەدواداچوونی ئامانجە خێراکان.
ئەم یەکخستنی توانا مەدەنی و سەربازیانە، سوودێکی ستراتیجی دەدات بە چین لە داهێنانە سەربازییەکانی AI، بەراورد بە ئەمەریکا، کە هاوکاری نێوان کەرتی تایبەت و دەزگاکانی بەرگریی کەمتر باو و ئاساییە.
لە کاتێکدا هەردوو سوپای ئەمەریکا و چین، هەوڵیان داوە زانیاریی و وزەی داهێنەرانە لە زانکۆکان و کەرتی تایبەت بەکاربهێنن، بەڵام داتاکان ئەوە دەردەخەن، کە سوپای چین توانیویەتی بە شێوەیەکی سیستماتیکیتر ئەو کارە بکات.
کۆل مەکفۆڵ، شرۆڤەکاری باڵای توێژینەوە لە سەنتەری ئاسایش و تەکنەلۆژیای جۆرج تاون، کە یارمەتی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی داوە، دەڵێت تەنها لەم کۆمەڵە زانیارییەدا دەرکەوتووە، ئەوەی کە چین هەوڵی بۆ دەدات سەرسوڕهێنەرە.
فراوانی ئەم تەکنەلۆژیایانە، سنوورداربوونی توانای رۆژئاوا، بۆ رێگریکردن یان سنووردارکردنی مۆدێرنکردنی سوپای چین نیشان دەدات.
سوپای چین و تەکنەلۆجیای AI
سوپای چین لە نمایشە سەربازیەکەیدا، گڕوتینی خۆی بۆ زیرەکیی دەستکرد نیشان دا، لە نمایشەکەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و بەلەمی بێ سەرنشین و سەگی رۆبۆتی نمایشکرا، ئەو جۆرە تەکنەلۆجیایە کە توێژەرانی سەربازیی پێشبینی دەکەن، لە ململانێکانی داهاتوودا کە لەلایەن AIەوە بەڕێوەدەبرێن، گرنگ بن.
بۆ پێشخستنی یەکگرتنی مەدەنی و سەربازیی، چین رێگە بە هەندێک تەندەر دەدات، لەنێویاندا سیستمی هەستیار کە ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بە نهێنی دەیهێڵنەوە.
کۆمپانیا تایبەتەکان و زانکۆ مەدەنییەکان
کۆمپانیا تایبەتەکان و زانکۆ مەدەنییەکان لە 85%ی براوەی چەندان تەندەری گرنگن و زۆرینەی گرێبەستەکانیان بەدەستهێناوە، کە زۆرینەی رەهایان کەوتوونەتە ژێر سزاکانی ئەمەریکاوە. ئەو کۆمپانیا تایبەتانە، تاڕادەیەک نوێن و زۆربەیان لە دوای ساڵی 2010 دامەزراون.
هاوکات ئەو 20 گرێبەستەی کە کۆمپانیای ئای فلای تێک دیجیتاڵ واژۆی کردووە، زیاتر بریتی بوون لە پرۆسێسکردن و شیکردنەوەی زانیارییەکان.
تەکنەلۆجیای فرۆکەی بێفڕۆکەوان
هەرچەندە سوپای چین بۆ دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی، زۆر پشت بە کۆمەڵە بەرگرییە دەوڵەتییەکان دەبەستێت، بەڵام داتاکانی گرێبەستەکان دەریدەخەن، کە کۆمپانیا تایبەتەکان لەم بوارەدا پێشکەوتن بەدەستدەهێنن.
لە نێو ئەم کۆمپانیایانەدا کۆمپانیای SAIC-TECH Innovationهەیە کە بەرهەمهێنەری فڕۆکەی TB-001 ە، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەرە و لە ساڵانی رابردوودا لە نزیک ئۆکیناوا و تایوان بینراوە، کە دەفڕێت. کۆمپانیاکە لە ساڵی 2016 دامەزراوە و حەوت گرێبەستی بەدەستهێناوە، کە زۆربەیان بۆ بەکرێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تاقیکردنەوەی فڕینن.
بەگشتی گرێبەستەکان، وەک ئەو گرێبەستەی کە زانکۆی شەنگەهای جیاو تۆنگ واژۆی کردووە، ئەوە دەردەخەن کە سوپای چین پەلە دەکات، لە دامەزراندنی شارەزایانی دەرەکی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕییەکانی.
تۆڕی کوشتنی دەریایی
پڕۆژەی تۆڕی کوشتنی دەریایی نموونەیەکی روونە. ئەم چەمکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی شەنگەهای جیاو تۆنگ بۆ زانیاریی ئەلیکترۆنی و ئەندازیاری کارەبایی، لەگەڵ ئەندازیارانی دامەزراوە سەربازییەکان پەرەی پێدراوە و تاقیکراونەتەوە.
بیرۆکەکە لەسەر بنەمای تیۆرێکی پەرەپێدراوی ئەمەریکا بووە، کە بریتییە لە "جەنگی بڕیار- سەنتەری"، کە جەخت لەسەر هەڵبژاردنی خێرا و کاریگەر دەکاتەوە بۆ ئەوەی دوژمن بخاتە نا هاوسەنگیەوە.
توێژەران باسیان لە بەکارهێنانی دروستکردنی مۆدێلی سەنگەرێکی دەریایی، لەسەر بنەمای رادار و سۆنار و سەرچاوەی زانیاریی دیکە کردووە. پاشان ئەم مۆدێلەیان بەکارهێنا بۆ هەماهەنگیکردنی جبەخانەی سەربازیی، وەک سیستمی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ نەهێشتنی ئامانجەکان، لەگەڵ دەستکاریکردنی بەردەوام لەسەر بنەمای گۆڕانکارییەکانی بەرەکانی جەنگ.
بۆ تاقیکردنەوەی بیرۆکەکەیان، توێژەران هێرشێکی مووشەکیی دوژمنیان ھاوشێوە کردووە، کە 31 ئامانجی دوژمنی تێدابوو، سیستمەکە تۆڕی کوشتنی دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە تێکڕا لە 2.26 چرکە دروستکردووە.
سیستمەکە توانی چەندان بژاردە پێشکەش بە فەرماندەکان بکات، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەو بژاردەیە جێبەجێ بکات، کە بە گونجاوترین هەڵدەبژێردرێت.
دوای هەفتەیەک لە بردنەوەی گرێبەستی دروستکردنی ئەو سیستمە بۆ سوپای چین و گۆڕینی چەمکەکە بۆ راستی و لەسەر زەوی، زانکۆی شەنگەهای جیاو تۆنگ گرێبەستی دووەمی بەدەستهێنا، بۆ پەرەپێدانی داتابەیسێک بۆ پشتگیریکردنی.