دێگەڵە و عەربەت دوو شوێن بۆ ڕێگری و سەركوتی ناڕەزایەتی؛ شەوی ڕابردوو لە عەربەت چی ڕوویدا؟

#هەرێمی کوردستان#دێگەڵە#عەربەت
4 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 مانگ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ڕۆژی یەكشەممە ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە ڕێگەی عەربەت- سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و ڕێگەی تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوتی ڕەشیان داخست، دواتر خێمەیان هەڵدا و لە شوێنەكە مانەوە.
Primary Asset

گرافیکی سبەی

سبەی

هاوشێوەی ئەوەی لە دێگەڵە ڕوویدا و بڵاوە بەخۆپیشاندەران و مامۆستایان كرا، كاتێك ویستیان بچنە هەولێر و دەنگی خۆیان بگەیەننە نەتەوەیەكگرتووەكان، لە ناوچەی عەربەت لە سلێمانی دووبارە بوەوە و بە پاساوی ڕێگرتن لە پشێوی خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەزەبری هێز لابرا و بڵاوە بە مامۆستایان و فەرمانبەران كرا و ڕێگری لە ڕوماڵی ڕۆژنامەنوسانیش كرا.

ڕۆژی یەكشەممە ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە ڕێگەی عەربەت- سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و ڕێگەی تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوتی ڕەشیان داخست، دواتر خێمەیان هەڵدا و لە شوێنەكە مانەوە.

لە عەربەت چی ڕوویدا؟

شەوی ڕابردوو ژمارەیەك كەس لەناو خۆپیشاندەرانەوە و لەنزیك خێمەكانەوە بەردبارانی ژمارەیەك لە تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوتیان كرد و بەهۆیەوە گرژی لەنێوان مامۆستایان و فەرمانبەران لەگەڵ شۆفێری بارهەڵگرەكان دروستبوو، پاشانیش هێزە ئەمنییەكان دەستێوەردانیان كرد و بەزەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران كرد.

بەشێك لەو كەسانەی باسیان لە ڕووداوەكە كردووە دەڵێن ئەو كەسانەی بەردیان گرتووەتە تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوت هیچیان لەناو خێمەكاندا نەبوون و مامۆستا و فەرمانبەریش نەبوون. وەك ئاماژە بۆ ئەوەی دەستێك هەبووە كە ویستوویەتی ڕووداوەكان بەرەو ئاڵۆزی ببات.

دواتر هێزێكی ئاسایش و بەشێك لە هێزە ئەمنییەكان چوونەتە ناوچەكە و بەزەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران و مامۆستایان و فەرمانبەران كردووە، خێمەكانیان هەڵگرتووە و ڕێگەشیان نەداوە ڕۆژنامەنوسان ڕووماڵی خۆپیشاندانەكە بكەن.

وەك بەشێك لەو ڕۆژنامەنوسانەی شەوی ڕابردوو لەنزیك خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەران بوون لە عەربەت دەڵێن كۆڵان بەكۆڵان ئاسایش و هێزە ئەمنییەكان ڕاوەدووی ڕۆژنامەنوسانیان ناوە تا ڕوماڵ نەكەن.

هەر شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند: چوار مامۆستایان بە هۆی گرژییەكانی شەوی ڕابردوو دەستگیركراون، هاوكات چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن باسیان لەوەكرد كە شەوی ڕابردوو وێڕای ئەوەی هێزە ئەمنیەكان كەرەستە ڕۆژنامەوانییەكانیان لە پەیامنێرەكانیان سەندووە ئازاریشیان داون و دەستگیریان كردوون.

"كرانەوەی رێژەیی دوو هەفتەی رابردووی فەزای مەدەنی، درۆیەكی شاخدار بوو "

هەر شەوی ڕابردوو، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند: كرانەوەی رێژەیی دوو هەفتەی رابردووی فەزای مەدەنی، درۆیەكی شاخدار بوو، هێرش بۆسەر مامۆستایانی ژێر خەیمەكەی عەربەت و پەلاماردانیان، هێرش بۆسەر رۆژنامەنووسان و ئازاردانیان و زەوتكردن و شكانندنی كەلوپەلەكانیان، رووی راستەقینەی سیاسەتی دەسەڵاتە لەگەڵ خەباتی مەدەنی ئاشتیخواز و دوبارەكردنەوەی  سیناریۆكەی دیگەڵەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ نارەزایەتی و ئازادی رۆژنامەگەری، كە مایەی شەرمەزارین بۆ ئەنجامدەرانی.

دەزگای ئاسایش: كەس دەستگیرنەكراوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 2025/2/24 لە نزیك شارۆچكەی عەربەت، بەهۆكاری ڕێگریكردن لە تێپەڕبوونی ژمارەیەك بارهەڵگر لەلایەن مامۆستایان و هاوڵاتییان، سەرئەنجام بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا و چەند شۆفێرێك و هاوڵاتییەك بریندار بوون، دەزگای ئاسایشی هەرێم وەك لایەنی جێبەجێكاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگریكردن لە تەشەنەكردنی ئاڵۆزییەكان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەك گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و ڕێكاری یاسایی گرتەبەر بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە".

ئەوەشی خستەڕوو:"له ئێستادا هیچ كەس دەستگیرنەكراوه و  هاوڵاتییە بریندارەكان لە نەخوشخانه نەماون". 

یەكێك لەو مامۆستایانەی دەستگیركرابوو: چەند كەسێكم لەگەڵدابوو

ئەوەش لەكاتێكدایە عادل حەسەن یەكێك لە مامۆستایانی ناڕازیی بە "سبەی" وت: ژمارەی دەستگیركراوان زۆر لەوە زیاترە كە ڕاگەیەندراوە و هەر كەسە و لە شوێنێك و بەشێوەیەك دەستگیركراوە، من ئەوكاتەی دەستگیركرام چەند ڕۆژنامەنوسێك لەگەڵمدا بوون، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئازادیان كردین.

نەقیبی رۆژنامەنووسان سەركۆنەی لێدان و راوەدونانی رۆژنامەنووسان دەكات

ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان سەركۆنەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكان لە شارۆچكەی عەربەت دەكات كە بەشێوازی تووندو تیژی رووبەڕووی رۆژنامەنووسان بوونەتەوە  و دەڵێت " وەك ئەركی پیشەیی خۆیان هەوڵی رووماڵی گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازیان كردووە".

ئازاد حەمەدەمین دەڵێت "لەم هەڵسوكەوتەدا هێزە ئەمنییەكان لە شارۆچكەی عەربەت رێگرییان لە كاری رۆژنامەنووسان كردووە و دواتر بەزەبری تووندوتیژی رۆژنامەنووسانیان پەرتەوازەكردوەو راوەدویان ناون و لەئەنجامدا ژمارەیەك لە پەیامنێرانی كەناڵەكانی میدیا دەستگیركراون و دوو لەرۆژنامەنووسانیش بریندار بوون و كەلوپەلی كاری رۆژنامەنووسیش شكێندراون و دەستی بەسەردا گیراوە".

نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان وێرای ئەوەی سەرسووڕمانی خۆی بۆ ئەم هەڵسوكەوتە دەدەبڕێت كەبەمشێوە تووندووتیژییە مامەڵە لەگەل ڕۆژنامەنووسان كراوە ، لە هەمانكاتدا داوا دەكات بەزوویی دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن و بەرپرسانی ئەو هێزە ئەمنییانەش رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە بەهۆی پابەند نەبوونیان بە یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35 ساڵی 2007 و  بەپێچەوانەی ئازادی میدیا و كاری رۆژنامەگەری دیموكراسییەت هەڵسوكەوتیان كردووە.

نەقیبی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت كە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە بەدواداچوونی ئەم رووداوە بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری یەكێك لە دەزگاكان باس لە ڕاوەدوونانی پەیامنێرەكەیان دەكات

یەكێك لەو دەزگایانەی پەیامنێرەكەیان بریندار بووە، دەزگای میدیایی شارپرێسە، هاوكار عیزەت بەڕێوەبەری دەزگاكە بۆ "سبەی" پشتڕاستیكردەوە كە پەیامنێرەكەیان بە ناوی چاوەڕوان مەحمود لەكاتی ڕاوەدونانی لەلایەن ئاسایشەوە برینداربووە و زیان بە چەند شوێنێكی جەستەی گەیشتووە.

هاوكار عیزەت وتی "پەیامنێرەكەمان ڕاستە هیچ شوێنێكی نەشكاوە بەڵام برینداربووە و خۆشی گورچیلەی نەخۆشە لەكاتی ڕاوەدوونانی زیانی زیاتر بەركەوتووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە".

بەڕێوەبەری شارپرێس وتیشی:"كەلوپەلە میدیاییەكانیان لە پەیامنێر و كامێرامانەكەمان سەندووە و نازانین لای كێیە، ئاسایشیش دەڵێت تەنها ئەركی خۆمان ئەنجامداوە و چاوەڕێی سەندیكا و لایەنە پەیوەندیدارەكانیان دواتر بڕیار دەدەین چی بكەین".

سەنتەری میترۆ ئامار بڵاودەكاتەوە

"سبەی" بۆ بەدواداچوونی زیاتر قسەی لەگەڵ سەنتەری میترۆ كرد، دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەرەكە وتی:"سەرقاڵی بەدواداچوونین بزانین چەند ڕۆژنامەنوس دەستگیركراوە یاخود ئازاردراوە و كەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەكانی زەوتكراوە یاخود شكێندراوەو ڕێگەی ڕوماڵی پێنەدراوە، دواتر بۆ ڕای گشتیی بڵاودەكەینەوە".

مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران

دوو هەفتە لەمەوبەر و دوای 15 ڕۆژ مانگرتن 13 مامۆستا و فەرمانبەری مانگرتوو لەنزیك بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە سلێمانی مانگرتنیان شكاند، ئەوان داوای بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەی مانگی 12 یان دەكرد، هەروەها داوای گرەنتی 30 ڕۆژ جارێك دابەشكردنی مووچەیان دەكرد.

لە دێگەڵە بە زەبری هێز بڵاوە بە مامۆستایان و خۆپیشاندەران كرا

پێش شكاندنی مانگرتنەكەیان و سەرلەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە (نۆی شوباتی 2025) ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان لە سنوری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و شارەزوور، بە پاس بە رێكەوتن بەرەو شاری هەولێر بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتی فەرمانبەران و مامۆستایان و هەروەها پەیامی مانگرتووەكان بە بارەگای سەرەكی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، لە بازگەی دێگەڵە هێزێكی ئەمنیی رێگرییان لێكردن بچنە ناو شاری هەولێرەوە.

پارێزگاری هەولێر: پێشوازی لەو میوانە رەزا گرانانە ناكەین

پێش گەیشتنی كاروانی پاسەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "كەس داوای مۆڵەتی نەكردووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، یاسا روبەڕووی خۆپیشاندانی بێمۆڵەت دەبینەوە".

وتیشی:" هەولێر شارێكی میواندۆستە، بەڵام ئەمڕۆ تاقەتی وەرگرتنی ئەو میوانە رەزا قورسانەمان نییە".

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشكرد؛ “فەرمانبەران و مامۆستایانی هەموو هەرێمی كوردستان ناڕازین، بەڵام لە كێ لەو لایەنەی كە دەستی بەسەر قووت و مووچەدا گرتووە، كە بەغدایە و سەرچاوەی ئەو زوڵمەیە كە لە فەرمانبەرانی و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت”.

وەزارەتی ناوخۆ بەدەستی دەرەكی تۆمەتباری كردن

دوای كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكەی دێگەڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە و هاتنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ سلێمانی، لەبارەی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند:" چەند رۆژێكە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەك فەرمانبەر بەدی دەكرێت، داواكارییە رەواكانی فەرمانبەران و چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان هەمیشە لە خشتەی كارە لەپێشینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەل حكومەتی فیدراڵ لە بەغداد كار بۆ بەدیهاتنیان كراوە و تا رادەیەكی باش بەرەو پێشچوون هەیە، بە هەماهەنگی لەگەل بەغدا لە هەوڵی چارەسەركردنی بابەتە هەلواسراوەكانین".

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو:"ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە، كۆمەڵێك كەس و لایەنی دەرەكی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواكارییانە بە كاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێك لایەنی پاشكۆ، لایەنەكانی لە یاسا دەرچوو  پــــــەكـــەكە و كەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە  بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەكانی تری هەرێم بەكاریبهێنن و بەمەش داواكارییە رەواكانی فەرمانبەران تێكەڵ بە مەرامەكانیان دەكەن".

"سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشاندان، هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رێگرییان لێدەكرێت و هەر هەوڵێك بەدەر لە یاسا و رێنماییەكان بێت رێگەی پێنادرێت". وەزارەتی ناوخۆ وای وت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی