ئەردۆغان لەبارەی پەیامەكەی ئۆجەلان:دەرفەتێکیی مێژووییە کە بۆ هەزار ساڵی داهاتوومان هەنگاوێک بنێین

#ئەردۆغان#ئۆجەلان#پەکەکە#تورکیا#کورد
3 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 مانگ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • میدیای فەرمی توركیا بڵاویكردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی "بانگەوازی ئیمراڵی" ڕایگەیاندووە "هەوڵێك كە بە دەستپێشخەری بوێرانەی هاوبەشی ئێمە لە هاوپەیمانی جمهوور بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دراوە بۆ توركیای بێ تیرۆر و بە هەڵوێست و پێداگریی ئێمە چووە پێشەوە، لە ڕۆژی ڕابردووە، چووە قۆناغێكی نوێ و ئەوە دەرفەتێكی مێژووییە كە بۆ هەزار ساڵی داهاتوومان هەنگاوێكی مێژوویی بنێین و دیوارەكانی تیرۆر بڕوخێنین".
Primary Asset

ئەردۆغان

سبەی

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لەبارەی پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ڕایگەیاند "لە هەوڵەكان بۆ توركیای بێ تیرۆر چووینەتە قۆناغێكی نوێ".

میدیای فەرمی توركیا بڵاویكردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی "بانگەوازی ئیمراڵی" ڕایگەیاندووە "هەوڵێك كە بە دەستپێشخەری بوێرانەی هاوبەشی ئێمە لە هاوپەیمانی جمهوور بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دراوە بۆ توركیای بێ تیرۆر و بە هەڵوێست و پێداگریی ئێمە چووە پێشەوە، لە ڕۆژی ڕابردووە، چووە قۆناغێكی نوێ و ئەوە دەرفەتێكی مێژووییە كە بۆ هەزار ساڵی داهاتوومان هەنگاوێكی مێژوویی بنێین و دیوارەكانی تیرۆر بڕوخێنین".

بەوتەی میدیاكانی توركیا ئەو قسەیەی ئەردۆغان لەمیانی پڕۆگرامێكدابووە كە لە ئیستانبوڵ، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەداوە " توركیا لە 40 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی تیرۆرەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر جددی بووەتەوە، تیرۆر نەك تەنها یەكپارچەیی دەوڵەتەكەمان و ئارامی نەتەوەكەمان كردووەتە ئامانج، بەڵكو دیموكراسی، ئابووری و سیاسەتی سڤیلیشی كردووەتە ئامانج، هەڕەشەی تیرۆر وەك قامچییەك بە مەبەستی بەرتەسككردنەوەی كار و چالاكی سیاسەتوانان دژ بە هەرچەشنە هەوڵێكی سیاسی لە وڵاتەكەماندا بەكار هێنراوە".

“هەرگیز سێبەرمان نەخستە سەر برایەتی ”

وتیشی:" ئێمە لە ماوەی 22ساڵ حوكمڕانیماندا هەرگیز نەكەوتینە ئەو داوە، هەمیشە هاوسەنگی نێوان ئاسایش و ئازادیمان پاراست،هەرگیز سێبەرمان نەخستە سەر برایەتی هەتا هەتایی ئەم گەلە و بە پێچەوانەوە، زیاتر بەهێزمان كردووە".

"بانگەوازی ئیمراڵی هەوڵێك كە بە دەستپێشخەری بوێرانەی هاوبەشی ئێمە لە هاوپەیمانی جمهوور بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دراوە بۆ توركیای بێ تیرۆر و بە هەڵوێست و پێداگریی ئێمە چووە پێشەوە، لە ڕۆژی ڕابردووە، چووە قۆناغێكی نوێ و ئەوە دەرفەتێكی مێژووییە كە بۆ هەزار ساڵی داهاتوومان هەنگاوێكی مێژوویی بنێین و دیوارەكانی تیرۆر بڕوخێنین". سەرۆك كۆماری توركیا وای وت.

ئەردۆغان دەڵێت "هیچ تاكێك لە ناو كورد و تورك لەو كەسە خۆش نابێت كە بیهەوێت وەك ڕابردوو بە قسەی لادەرانە و كردەوەی نابەجێ، ئەو ڕەوتە بخاتە بنبەستەوە، لەو قۆناغەدا و لە ئاستی هەرە سەروودا دژ بە هەرچەشنە هاندانێكی تێكدەرانە وریا دەبین و هەموو ڕێكارێك بۆ ئەم مەبەستە دەگرینە بەر".

سەرۆك كۆماری توركیا ئەوەشی خستەڕوو:"توركیا تەنیا بە تێكدانی یاری خوێناوی ئیمپریالیزم ناوەستێت بەڵكو لە هەمان كاتدا بە گەشەێپێدانی ئابووری و سیاسەتەكانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بە خێراییەكی زیاتر بە ئامانجەكانی دەگات، گەلەكەمان ئاسوودە و دڵی گەورە بێت، بە ئیزنی خوا براوەی توركیای بێ تیرۆر هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگا 85 ملیۆن كەسییە بە تورك، كورد، عەرەب، عەلەوی، سوننە دەبێت، بەرامبەر بە گەلەكەمان ئەركی سەرەكیمان بونیادنانی وڵاتێكە كە تیایدا كەس هەست نەكات كە پەراوێز دەخرێت، ناوچەیەك بێت كە هەموو كەس لە باوەش بگرێت".

“بەرد لەسەر بەرد ناهێڵینەوە”

" هیوادارم ئەم دەستی ئاشتییەی درێژمانكردووە ئێمە لە هەوادا نەمێنێتەوە، ئەگەر ئەو بەڵێنانەی پێیانداوین جێبەجێ نەكەن، چیتر بەزەییمان نابێت، با كەس لەبیری نەچێت، كاتێك هێزە بیانییەكان لە ناوچەكە دەڕۆن، ئێمە لەگەڵ یەكدی بە تەنیا دەمێنینەوە، ئەگەر بیانەوێت فریومان بدەن، ئێمە بەرد لەسەر بەرد ناهێڵینەوە، كاتێك توركیای بێ تیرۆرمان بەرهەم هێنا، هیچ كەسێك ناتوانێت لەبەردەم وڵاتەكەماندا بوەستێت، لەم پرۆسەیەدا، هیچ شتێك ڕوونادات كە شەهیدەكانمان پێی ناڕەحەت بن". ئەردۆغان وای وت.

پەیامی ئۆجەلان

رۆژی پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستانبوڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند، دوای ئەوەی بۆ سێیەمجار سەردانی ئیمراڵییان كرد و لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلان كۆبوونەوە.

لە پەیامەكەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوا لەپەكەكە دەكات كۆنگرەیەك ئەنجام بدات و تێیدا بڕیاری چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە بدات، بەلەبەرچاوگرتنی كەشوهەوای ئەرێنی ئێستا بۆ گەیشتن بە چارەسەر، كە دوای بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە و  ئیرادەی سەرۆك كۆماری توركیا دەستیپێكرد و دەڵێت بەرپرسیارێتی مێژوویی بانگەوازەكە دەگرێتە ئەستۆ.

هەرچەندە وردەكاری پەیامەكەی ئۆجەلان لەبارەی چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە ڕوون نییە، بەڵام چاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن كە بەدەر لەو پەیامە پێشنیازی گشتگیر هەبێت بۆ چارەسەری شەڕی چەند ساڵەی توركیا و پەكەكە كە كۆتایی بە ژیانی دەیان هەزار كەس هێناوە.

سەرەڕای ئەو گەشبینییەی لەدەوری پەیامەكەی ئۆجەلان هەن، كە چەندین سەركردەی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی پێشوازیان لێكردووە،  بەڵام دیار نییە ئەو پەیامە بە كرداری دەبێتەهۆی كۆتایی هێنان بە ململانێكانی توركیا و پەكەكە یاخود نا.

هەڵوێستی پەکەکە

وەك بە دەمەوەهاتنی بانگەوازەكەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان كە دوای كردبوو پەكەكە چەك دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمڕۆ شەممە (1ی ئاداری 2025) كۆمیتەی بەڕێوەبردنی  پەكەكە ڕایگەیاند پابەند بە بانگەوازەكە و ئاگربەست ڕادەگەیەنن.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی كە پێویستە كەشێكی متمانەپێكراو بڕەخسێندرێت بۆ بەستنی كۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان خودی خۆی كۆنگرەكە بەڕێوە ببات.

لە راگەیەندراوەكەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا پابەندی خۆی بە بانگەوازەكە ئۆجەلان ڕاگەیاندووە كە 27ـی مانگ بە ناوی "بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگای دیموكراتی" بڵاوكرایەوە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی پێویستە بكرێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەی پەكەكەدا هاتووە: "ئەو ڕاگەیەندراوەی 27ـی شوبات لە لایەن ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بە ناوی 'بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگای دیموكرات' بڵاو كرایەوە وەك مانیفێستۆی سەردەم وایە كە ڕێگای تەواوی هێزە ئازادیخواز و دیموكراتەكان ڕوناك دەكاتەوە. سڵاو و ڕێزی خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرین كە مانیفێستۆیەكی لەم جۆرەی كۆمەڵگای دیموكراتی پێشكەشی گەلەكەمان و مرۆڤایەتی كردووە".

“پابەندین بە بانگەوازەكە و جێبەجێی دەكەین”

پەكەكە دەڵێت ئەم بانگەوازە دەسپێكی پرۆسەیەكی نوێی مێژوویییە لە كوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لەسەر پێشكەوتنی بەڕێوەبردنی دیموكراتییانە و ژیانی ئازاد لەسەرتاسەری جیهان، لەسەر ئەو بنەمایە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی هەمووماندایە. پێویستە هەموو لایەك بە ئەركی سەرشانی خۆی هەڵبستێت و چی لەسەریەتی بیكات.

بێگومان بانگەوازێكی لەم جۆرە گرنگی مێژوویی هەیە، هەروەها پراكتیزەكردنی ناوەڕۆكی بانگەوازەكەیش هەمان گرنگی هەیە. ئێمە وەك پەكەكە لەگەڵ بانگەوازەكەداین وەك ئەوەی لە ناوەڕۆكەكەیدا هاتووە و لای خۆمانەوە پابەندین پێی و جێبەجێی دەكەین. بەڵام جەخت لەوەش دەكەینەوە بۆ گەیشتنە ئامانجی بانگەوازەكە پێویستە زەمینەیەكی گونجاوی یاسایی بڕەخسێندرێت و سیاسەتی دیموكراتییانە پیادە بكرێت. 

"هێزی خەباتی پەكەكە دەدرێتە گەل"

"وەك دیارە پەكەكە لە نیوەی دووەمی سەدەوە بووە جوڵانەوەی قارەمانێتی مەزن و ڕاستەقینە لە كوردستان. هەموو شتێكی بە خەباتێكی فیداكارانە و زۆر بوێرانە و ڕەنجكێشان و باجدان بەدەستهێنا. لەو خەباتە مەزنە لە پێناو ئازادیدا بە ڕێزێكی زۆر، خۆشەویستی و ستایشەوە یادی سەرجەم شەهیدە قارەمانەكانمان دەكەینەوە. ئێستاش بە هەمان ڕۆحیەت و باوەڕەوە ئەم دەسكەوتە مێژووییانە دەگوازینەوە بۆ پرۆسەیەكی نوێی خەبات. لەگەڵ ژیری ڕێبەر ئاپۆ و ئەزموونی زۆری پەكەكە، باشێتی، سەرڕاستی، جوانی و خەباتی ئازادی لە ڕێگەی سیاسەتی دیموكراتییەوە دەدرێتە گەلەكەمان". پەكەكە وا دەڵێت.

"ئاگربەست ڕادەگەیەنین"

پەكەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو "بۆ كرانەوە بە ڕوو و بە دەمەوەهاتنی بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگای دیموكراتی ڕێبەر ئاپۆ، ئاگربەست ڕادەگەیەنین و لەمڕۆوە كار بە ئاگربەستەكە دەكرێت. تا هێرشمان نەكرێتە سەر هیچ یەك لە هێزەكانمان چالاكی چەكداری ئەنجام نادەن. پراكتیزەكردنی دانانی چەك تەنیا بە پێشەنگایەتی كردەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت". 

"پێویستە خودی ڕێبەر ئاپۆ كۆنگرە بەڕێوە ببات"

"لە لایەكی دیكەوە ئامادەی بەستنی كۆنگرەین بەو شێوەیەی ڕێبەر ئاپۆ باسی كردووە. بەڵام بۆ ئەمە پێویستە كەشێكی گونجاو بەدی بهێندرێن و بۆ سەركەوتنی كۆنگرەیەش پێویستە خودی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەی ببات. تائێستا ئێمە بەڕێوەبردنی شەڕ و هەڵە و كەموكوڕییەكانمان ئەنجام داون، بەڵام پێویستە ڕێبەر ئاپۆ قۆناغی ئاشتی و كۆمەڵگای دیموكرات بەڕێوە ببات". پەكەكە ئەمەشی وتووە.

"با هەموومان بە ئەركی سەرشانی خۆمان هەڵستین"

پەكەكە دەڵێت: با لەبیرمان نەچێت هەمیشە ڕێبەر ئاپۆ بارگرانیی قورسی خستووەتە سەرشانی خۆی و ڕێگاكەمانی ڕوناك كردووەتەوە و پێشەنگایەتی ئێمەی كردووە. ئێستاش بە "بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگای دیموكرات" هەنگاوێكی نوێ دەنێت و دەست دەكات بە پرۆسەیەكی نوێی خەبات لەپێناو تەواوی چەوساوەكان بە تایبەت ژنان و گەنجان. بۆیە لە بەرامبەر هەر فرتوفێڵ و هێرشێكدا پێویستە هەمووكات ئامادەبین لە تایبەتمەندییەكانی ئەم پرۆسە نوێیە باش تێبگەین و ئەركەكانمان بە سەركەوتووانە ئەنجام بدەین. با خۆڕێكخستنی دیموكراتییانەمان و خەباتی ئازادیخوازیمان لە هەموو بوارێك بە بوێرییەكی زۆر و لەخۆبردووییانە لە كوردستان، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان بەرەوپێش ببەین. هەموومان بە ئەركی سەرشانی خۆمان هەڵبستین بۆ سەركەوتنی بانگەوازەكەی ڕێبەرایەتی. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی