عێراق کارەکانى دروستکردنى قەڵاى سەربازى لەسنورەکانى هەرێم خێرا دەکات

#عێراق#هەرێمى کوردستان#پاسەوانى سنور
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لە هەرێمى کوردستان فەرماندەیی یەکى پاسەوانى سنور بوونى هەیە کە سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقە و لە چوار لیواى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە پێکهاتووە و ژمارەیان نزیکەى 10 هەزار کەسە و ئەرکیان پاسەوانیکردنى سنورەکانە.
Primary Asset

پاسەوانى سنور لەکاتى تەلبەندکردنى سنورەکانى هەرێمى کوردستان

سبەى

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سنوورى عێراق فەرمانیکرد بە چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی قەڵا سنوورییەکان لەسنورەکانى هەرێمى کوردستان، بەمەبەستى بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

محەمەد عەبدولوەهاب فەرماندەی گشتی هێزەکانی سنوورى عێراق رۆژانى دووشەممە و سێشەممە هێزەکانى پاسەوانى لە هەرێمى کوردستان بەسەرکردەوە، بەمەبەستى ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەکان و بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى فەرماندەیی پاسەوانى سنور کە دەست سبەى کەوتووە.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سنوورى عێراق لەمیانەى سەردانیکردنى لیوای سێى سنوور، کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ناوچەی سنووری لە پارێزگای سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی سازکرد بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی لیوای سێ و بیست ویەك.

لەکۆبوونەوەکەدا فەرماندەی گشتی هێزەکانی سنوورى عێراق فەرمانیکرد بەوەى هەموو هەوڵێک بۆ تەواوکردنی قەڵا سنوورییەکان لە ماوەی دیاریکراودا بخرێتەگەڕ، کە یارمەتیدەر دەبێت لەبەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سنوورى عێراق هەروەها ناوچەی بەرپرسیارێتی لیوای دووی سنوور لە پارێزگای هەولێر بەسەرکردەوە و کۆمەڵێک پێشنیازی خستەڕوو کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستى کارکردن بوو.

لە هەرێمى کوردستان فەرماندەیی یەکى پاسەوانى سنور بوونى هەیە کە سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقە و لە چوار لیواى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە پێکهاتووە و ژمارەیان نزیکەى 10 هەزار کەسە و ئەرکیان پاسەوانیکردنى سنورەکانە.

هێزەکانى پاسەوانى سنورى عێراق، ساڵى رابردوو بە هەماهەنگى لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەناوچە سنورییەکانى نزیک لە ناوچەکانى پێکدادانى پەکەکە و سوپاى تورکیا لەسنورەکانى سیدەکان و دهۆک جێگیرکران، بەڵام هێشتا بەتەواوى ئەرکى پاراستنى سنورەکانیان لەو ناوچانە نەگرتووەتە دەست.

پاسەوانى سنورى عێراق لە ئێستادا چاوى لەجێگرتنەوەى پەکەکەیە لە سنورى قەندیل، دواى ئەوەى پەکەکە بڕیاریدا چەک دابنێت و خۆى هەڵبوەشێنێتەوە.

سەرچاوەیەک لە پاسەوانی سنورى عێراق پێشتر بە سبەى راگەیاندبوو، لە ئەگەری چۆڵکردنى قەندیل و کشانەوەى گەریلاکانى پەکەکە ڕاستەوخۆ لیوای دووی پۆلیسى پاسەوانی سنور لە قەندیل جێگیر دەکرێت.

بەپێی دەستور، پاراستنى سنورەکان ئەرکى هێزەکانى پۆلیسى پاسەوانى سنورى عێراقە، کە هەندێکیان لەناوچەکانى دیکە و بەدرێژایی سنورى خانەقین تا هەڵەبجە جێگیرکراون، بەڵام بەهۆى بوونى هێزى بیانى بەتایبەتى تورکیاوە کە بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر و درێژایی 200 کیلۆمەتر سەربازگە و بنکەی لە خاکى هەرێم دروستکردووە، نەیانتوانیوە بچنە سەرجەم ناوچەکان.

پرسی توندوتۆڵکردنى ئاسایشى سنورەکانى عێراق بەشێکە لە کارنامەى حکومەتى عێراق و بودجەى پێویستى بۆ تەرخانکراوە بۆ دانانى خاڵى چاودێرى و سیستمى پێشکەوتوو، تەلبەندکردنى سنورەکان، لەناویاندا سنورەکانى عێراق لەگەڵ تورکیا.

ئامانجى عێراق ئەوەیە پاسەوانى سنور لە هێڵى سفرى سنورى جێگیربکرێت، بۆ بەستنەوەى سنورەکان بەیەکەوە، لەسەر سنورى عێراق و ئێرانەوە، تا سێ کوچکەى سنور لە خواکورک، لەوێشەوە تا سەر سنورى سوریا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی